مۆسکۆ
رووسیا کە میوانداری ئۆلۆمپیادی زستانە لە ساڵی ٢٠١٤ دەکات، بۆ ئەوەی سەرەنجی زیاتر بەلای ئۆلۆمپیادی سوتشی دا رابکێشێ، ھەروەھا بۆ ئەوەی گەنجان ھانبدات بۆ وەرزشکردن، وێستگەیەکی ئۆتۆماتیکی فرۆشتنی پلێتی میترۆی دروستکردووە، لەو وێستگەیە بە جێگیرکردنی ئامێری چاودێری، دەتوانرێ جوڵەی بەرامبەرەکە ببینرێ. لەو وێستگەیە ئەگەر لە ٢ خولەک ٣٠ جار خۆت بچەمێنیتەوە و بەرز بیتەوە، پلێتێکی میترۆ کە بەیەک دۆلارە بە خۆڕایی وەردەگری.
کردنەوەی ئەو وێستگەیە یەکێکە لە پڕۆژەکانی لێژنەی ئۆلۆمپیادی رووسیا کە لە وێستگەی ڤیستاڤۆچنایا لە میترۆی مۆسکۆ کراوەتەوە. ژمارەیەکی زۆری مامۆستایان و قوتابیان سەردانی ئەو وێستگەیەیان کرد بۆ بەدەستھێنانی پلێتی بەخۆڕایی.
ئیڤان ڤۆڵکۆڤ کە یەکەم پلێتی بەخۆڕایی بەدەستھێنا لەو وێستگەیە گوتی: "پلێتی میترۆی مۆسکۆ بە ١ دۆلارە. ئەگەر لە مانگێکدا لەو وێستگەیە ١٠٠ پلێت بەدەست بێنم، واتە بەخۆڕایی وەرزشم کردووە و ھەروەھا و ١٠٠ دۆلارم بەدەستھێناوە. ئەمە بۆ من زۆر باشە."
پاڵەوانی جومناستیکی ئۆڵۆمپی رووسی ئەلەنا زاماڵۆدچیکۆڤ لە لێدوانێکدا بۆ AA گوتی " جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە بۆ ھاندانی گەنجان تاوەکو وەرزش بکەن یەکێکە لە رێگا باشەکان."
ھەروەھا وەرزشوان ماریا کیسیەلیڤیا کە دوو جار بۆتە پاڵەوانی ئۆڵۆمپی، پێیوایە لە سایەی ئەو وێستگەیە ھەر تاکێک دەتوانێ تامی رۆحی ئۆڵۆمپیاد بکات و گوتی: "دەبێتە مایەی ئەوەی خۆت و باری جەستەییت تاقیبکەیتەوە. کاتێک ئەو وەرزشە دەکەی دەتوانی خۆت بچەمێنیتەوە و بە تێچوونێکی کەمتر وەرزش بکەی."