Ramal Mahmood
23 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 24 کانوونی یەکەم 2016
مۆسکۆ - AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین لەمیانی کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا لەبارەی ئەنجامدانی هێرشی چەکداری بۆسەر باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە ئاندرێی کارلۆڤ، گوتی: "پێموایە کوشتنی باڵیۆزی رووسیا لە ئەنقەرە بۆسەیەکە بۆ لێدان لە رووسیا و پەیوەندییەکانی رووسیا-تورکیا".
پوتین ئاماژەی بەوە دا دوای ئەوەی ساڵی رابردوو فڕۆکە رووسیەکە خرایە خوارەوە گومان هەبوو لەوەی ژمارەیەک کەس بەمە دەیانەویت زیان بە پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات بگەیەنن، گوتیشی: "دوای کوشتنی باڵیۆز لەلایەن پۆلیسێکەوە بۆچوونم گۆڕا. وەک دیارە ژمارەیەکی زۆری ئەمانە بەشێوەیەکی فراوان و قوڵ دزەیان کردووەتە ناو هێزە ئەمنی و دامەزراوە دادوەرییەکان . نامەوێت کەس تاوانبار بکەم بەڵام ئەمە دەبینین. ئەمە نابێتە ئاستەنگ لەبەردەم بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی تورکیا-رووسیا. ئێمە لە گرنگی و بایەخی پەیوەندییەکانی تورکیا-رووسیا تێدەگەین و هەوڵدەدەین زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانمان بدەین. دوای ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانمان دەستمان کرد بە دۆزینەوەی رێگایەکی مامناوەند. هیوادارم بۆ داهاتووش ئەمە بەردەوام بێت".
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی گواستنەوەی هاووڵاتییانی سڤیل لە حەلەب، پوتین گوتی: "ئەگەر بەشداری چالاکانەی ئیدارە و سەرکۆماری تورکیا، ئیدارە و سەرکۆماری ئێران و ئێمە نەبووایە ئەو ئەنجامەی نەدەبوو".
گوتیشی: "هەرسێ لایەن رۆڵێکی زۆر گرنگیان گێڕاوە لەمبارەیەوە. سەدان هەزار کەس لە حەلەبەوە گوێزراونەتەوە. ئەمەش گەورەترین چالاکی مرۆیی نێودەوڵەتییە لە جیهانی نوێدا. پێویستە ئەم هەماهەنگییە سێقۆڵییە بەردەوام بێت و بەرەو پێشتر بچێت. لەمبارەیەوە ئامادەین لەگەڵ ئەمریکا و وڵاتانی دیکە کار بکەین. دەبێت لە قۆناغی دواتردا ئاگربەستێک رابگەیەنرێت کە تەواوی سووریا بگرێتەوە و دەست بکرێت بە دانووستان. دەکرێت کۆبوونەوەکان لە ئاستانەی پایتەختی کازاخستان ئەنجام بدرێن. هەریەک لە تورکیا، ئێران و ئەسەد ئامادەن بەشداربن لەو کۆبوونەوەیە".