Zana Natık Kerem
06 مای,س 2025•نوێکردنەوە: 07 مای,س 2025
ھەولێر ــ AA
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە ھەوڵێکی زۆریانداوە بۆ پەرەپێدان بە کەرتی گەشتوگوزاری، بەو ئامانجەی سەرچاوەی داھات لە ھەرێم ھەمەچەشن بکرێت.
مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی سێھەمین پێشانگای گەشتیاریی (METEX) لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوە دا کە ئەجێندا و سیاسەتی حکوومەت لە بووژاندنەوە و پێشخستنی ئابووریی ھەرێم، گەشەپێدان و بووژاندنەوەی کەرتی تایبەتی گەشتوگوزار و کەرتی گشتییە.
ھەروەھا ڕوونیشی کردەوە کە حکوومەت ھەوڵێکی زۆری داوە تاوکو ئاسانکاری بکات و ھاوکار بێت بۆ پەرەپێدان بەم کەرتە، بەو ئامانجەی سەرچاوەی داھات لە ھەرێم ھەمەچەشن بکرێت.
جەختی لەوەش کردەوە: "یەکێک لەو ھۆکارانەی یارمەتیدەر دەبن بۆ ئەوەی بتواندرێت زیاتر کوردستان بە دونیا بناسێندرێت، ئەوەیە کە گرنگیی بە کەرتی گەشتوگوزار بدرێت، هەر لەبەر ئەوەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی بە کەرتی گەشتوگوزار دەدات".
گوتیشی: "چەندین پرۆژەی گرنگ لەبەر دەستی حکوومەت دان کە ئەم پرۆژانە دەکرێت ببن بە بنەمایەک بۆ پێشخستنی چەندین پرۆژەی ھاوشێوە لە دەوروبەری پرۆژە گشتییەکان بۆ پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزار".
ھەروەھا ڕاشیگەیاند: "جگە لەوەی کە ئێمە لە ڕێگەی گرنگیدان بە کەرتی گەشتوگوزار ، بەھۆی پێشخستنی کەرتی گەشتوگوزاری، ھەلی کاری زیاتریان بۆ دەڕەخسێت و کوردستانمان ڕۆژ بە ڕۆژ ھەنگاوی زیاتر بەرەو پێشکەوتن و بووژانەوە دەنێت".