
Arbil
هەولێر - AA
هاووڵاتییەکی سنووری قەزای چۆمان لە پارێزگای هەولێر ماوەی دوو ساڵە وشترمرخ (نەعامە) بەخێو دەکات و وەک خۆی دەڵێت بە نیازە لە ساڵی داهاتوودا پەرەیان پێبدات و پڕۆژەکەی گەورەتر بکات.
وشترمرخ یان نەعامە کە لە پۆلی باڵندە بێفڕەکانە، بەرزییەکەیان لە نێوان دوو مەتر تا دوومەتر و ٧٠ سانتیم دەبێت، کێشیان لە سەد کیلۆ زیاترە و بە گشتی ٣٠ بۆ ٤٠ ساڵ دەژین.
کازم عەلی نەبی، دانیشتووی گوندی وەردێ لە قەزای چۆمانی سنووری پارێزگای هەولێر، ماوەی دوو ساڵە نزیکەی ٤٠ وشترمرخ بەخێو دەکات، جگە لەوەی سیمایەکی جوانی بە سرووشتەکە بەخشیووە، ڕۆژانەش هاووڵاتییان داوای هێلکە، ڕۆن و گۆشتەکەی دەکەن و زۆرینەیان وەک چارەسەری تەندروستی سوودی لێ وەردەگرن.
کازم عەلی نەبی لەبارەی بەخێوکردنی وشترمرخ و تایبەتمەندییەکانی، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دوو ساڵ پێش ئێستا بیرۆکەی بەخێوکردنی وشترمرخ (نەعامە)م بۆ هات، بۆیە چەند دانەیەکم بە بەچکەیی هێنا بۆ گوندەکەمان لە سنووری قەزای چۆمان، بۆیەش بە بەچکەیی هێنام چونکە بە گشتی نەعامەکان لە ژینگە و کەشوهەوایەکی گەرمدا دەژین بەڵام کەشوهەوای سنووری قەزای چۆمان ساردە و دوای پرسیارکردن لە شارەزایان گەیشتینە ئەو ئەنجامەی کە ئەگەر بە بەچکەیی بیانهێنین ئەوا لەگەڵ تێپەڕینی کات و گەورەبوونییان خۆیان لەگەڵ سرووشتی ناوچەکە ڕادەهێنن، هەر واش بوو".
نەعامەکان لە شوێنێکی فراوانی گوندەکە چواردەوریان تەلبەند کراوە، بەڵام ڕۆژانە دەیانگوازنەوە بۆناو سروشت و سەوزایی ناوچەکە، بەهۆی گەورەیی قەبارەکەیان و خێرا ڕۆیشتینییانەوە، زۆرجار خاوەنەکەی ئەسپ و ماتۆڕسیکیل بەکاردەهێنیت بۆ گەڕانەوەیان چونکە خێرایی نەعامەکان ٧٠ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدایە.
لەبارەی جۆری نەعامەکان، کازم عەلی نەبی گوتی: "بە گشتی نەعامەکان دوو جۆرن، ئەفەریقایی و ئوستڕاڵی، ئەفەریقایی دوو پەنجە لە قاچەکانییان هەیە و قەبارەیان گەورەترە، هەروەها ئوستڕاڵییەکان سێ پەنجە لە قاچەکانییان هەیە و قەبارەیان بچووکترە، ئەوانەی لێرەن جۆری ئەفەریقایین، ئەوانەش تایبەتمەندی خۆیان هەیە، بۆ نموونە دەبێت ژینگەیەکی پاکیان بۆ دابین بکرێت هەروەها لە ڕووی خۆراکەوە دەبێت گرنگیان پێ بدرێت، ئەوانە خواردنی سەرەکییان گەنم، جۆ و گیایە".
یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی وشترمرخ ئەوەیە کە جیاواز لە پەلەوەڕ و باڵندەکان، هەم نێرەکە و هەم مێیەکەی لە وەرزی کورکبووندا بە نۆرە لەسەر هێلکەکان هەڵدەکورمێن.
کازم عەلی نەبی گوتیشی: "وەرزی کورکبوونی نەعامەکان ٤٢ ڕۆژە، بەڵام ئەمەش کاتی خۆی هەیە و دەبێت لە مانگی شوبات تا مانگی تەمووزبێت، هەروەها نەعامە ساڵانە ١٠٠ هێلکەی دەکات، هێلکەکەی قەبارەیەکی گەورەی هەیە و زۆرجار لەگەڵ ئەو بڕە ڕۆنەی لەسەر سنگیدایە، سوودی لێ وەردەگرێت وەک چارەسەر نەخۆشیی و هاووڵاتییان خواستێکی زۆریان لەسەرە".
یەکێک لەو گرفتانەی کە ڕووبەڕووی نەعامەکان دەبێتەوە، چارەسەرکردنییانە لە نەخۆشییەکان و هۆکارەکەی بۆ کەمی زانیارییەکان دەگەڕێتەوە و لەمبارەیەوە کازم عەلی نەبی گوتی: "بەهۆی ئەوەی پزیشکی ڤێتەرنەری زانیاری ورد و دروستی لەسەر نەعامەکان نیە بۆیە ناچارین لەکاتی تووشبوون بە نەخۆشییاندا سەردانی ئێران بکەین چونکە شوێنەکەشمان هاوسنوورە لەگەڵ ئێران ئەوە وایکردووە بتوانین بە خێرایی چارەسەرەکانییان بۆ وەرگرین".
لەبارەی پڕۆژەی داهاتوویشی، کازم عەلی نەبی گوتی: "ئێستا خواستێکی زۆر لەسەر هێلکە، ڕۆن و گۆشتی وشترمرخ هەیە، بەرنامەم هەیە ساڵی داهاتوو پڕۆژەکەمان گەورەتر بکەین بۆ ئەوەی بتوانین زیاتر بە بازاڕی بکەین و وەڵامی خواستەکانی خەڵکیش بدەینەوە".