
Arbil
هەولێر - AA
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی لە ڕێوڕەسمێکدا لە واشنتۆن سەرپەرشتی واژووکردنی دوو ڕێککەوتننامەی لە بواری وزەدا کرد.
ماڵپەڕی فەرمیی حکوومەتی ھەرێم لە هەواڵێکدا بڵاویکردووەتەوە کە ھەردوو کۆمپانیای نەوتی ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئینێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامەی گەورە و گرنگیان لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوتی ھەرێم، لەگەڵ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان واژوو کرد کە بەھاکەیان دەیان ملیار دۆلارە و کاریگەرییەکی ئەرێنییان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزەی ھەرێم دەبێت.
لە بەشێکی هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە، لە ڕێورەسمەکەدا نوێنەرانی ژووری بازرگانی ئەمریکا و ھەردوو کۆمپانیاکە لە گوتەکانیاندا باسیان لە گرنگیی ڕێککەوتننامەکان کرد و پاشان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە گوتەیەکدا ، وێڕای سوپاسکردنی ژووری بازرگانی ئەمریکا بۆ ئامادەکارییەکانی واژووکردنی ھەردوو ڕێککەوتننامەکە لەگەڵ دوو کۆمپانیای گرنگی ئەمریکی. ئاماژەی بەوەدا کە ئەم ڕێککەوتننامانە کە بەھاکەیان چەندین ملیار دۆلارە نیشانەی ھەبوونی ئاشتی و سەقامگیریی لە ھەرێم و کارکردنە لە پێناو پەرەپێدانی ئابوورییەکەی.
ماڵپەڕەکە بڵاویشکردووەتەوە کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتوویەتی: "بە دڵنیاییەوە ئەم دوو کۆمپانیایە، (ئێچ کەی ئێن و وێسترن زاگرۆس ) کە چەندین ساڵە لە ھەرێمی کوردستان کار دەکەن و ڕۆڵیکی کارا و کاریگەریان لە بەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و عێراقیش ھەبووە؛ ھاوکات سوودیان بۆ کۆمپانیاکەی خۆیان و وڵاتەکەشیان ھەبووە".
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاندووە: "حکوومەتی ھەرێم زۆر پابەندبووە بە پەرەپێدانی سێکتەری وزە، بە تایبەت چاکسازییەکانی ئێمە بووەتە ھەنگاوێک بە ئاراستەی دابینکردنی کارەبای ٢٤ کاتژمێریی بۆ سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان، ھیودارین لە دابینکردنی کارەبا بۆ ناوچەکانی دیکەی عێراقیش ھاوکار بین".
لە بەشێکی دیکەی هەواڵەکەدا ئاماژە بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئەمریکا کراوە و سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتوویەتی: "چەندین ساڵ لەمەوبەر ئەو کاتەی بە ھاوبەشی ڕووبەڕووی دیکتاتۆرییەت و تیرۆر بووینەوە و توانرا ئاسایش و سەقامگیری دەستەبەر بکەین، ئێستاش زۆر ئامانجی ھاوبەشمان ھەیە، بەڵام ھاوبەشییەکەمان زۆر لە شەڕی تیرۆر و کاری سەربازی گەورەترە، چونکە بڕوامان وایە پەرەپێدانی ئابووری و وەبەرھێنان لە بواری وزە، دەکرێت قووڵتر و فراوانتر بکرێت و زیاتر بەھێزتر بکرێت".
ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، حکوومەتی ھەرێم ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەداوە کە دوو گرێبەستی نوێیان لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکایی واژوو کردووە بەمەبەستی پەرەپێدان و وەبەرھێنان لە کێڵگەی غازی میران سەربە پارێزگای سلێمانی و کێڵگەی نەوت و غازی تۆپخانە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان سەربە پارێزگای سلێمانی.