Sarmand Hameed
06 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 01 تشرینی دووەم 2022
كهركووك-AA
لە شاری کەرکووک بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکوومی، پێشانگایەکی تایبەت بە نمایشکردنی چەند جۆرێکی خورما بەڕێوەچوو.
پێشانگاکە لە کەمپی زانکۆی کەرکووک بە ئامادەبوونی پارێزگاری کەرکووك به وهكالهت، راکان جبووری، سەرۆکی زانکۆی کەرکووک، عیمران جەمال و ژمارەیەکی بەرچاو لە مامۆستایان، فەرمانبەران و قوتابیانی زانکۆکە کرایەوە.
سەرپەرشتیاری پێشانگاکە، دكتۆر مەتین یڵمار بەیاتلی مامۆستا لە کۆلیژی کشتوکاڵ لە زانکۆی کەرکووک، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "خورما پێویستی بە کەشوھەوای گەرمە، ئەم جۆرە خورمایانەی کە لە پێشانگاکەدا نمایش کراون لە پارێزگاکانی بەسرە، حلە و کەربەلاوە ھێنراون".
مەتین یڵمار بەیاتلی گوتیشی: "چەند جۆرێکی دەگمەنی خورمامان لە پارێزگاکانی تری عێراق ھەیە، کە لە ھیچ وڵاتێکی دیکە نییە، چونکە خاکی وڵاتەکەمان بەپیتە و بەرھەمی خورمامان لە جۆری نایاب و تایبەتە".
بەیاتلی راشیگەیاند، لە عێراق زیاتر لە ٦٥٠ جۆری خورما ھەبوو، بەڵام بەھۆی شەڕەکانی دوای ٢٠٠٣ەوە بەشێکیان لەناوچوون.
ئاماژەی بەوەشکرد کە ژمارەی دارخورما لە عێراق زیادی کردووە و لە ئێستادا به زیاتر لە ٢٠ ملیۆن درەخت مەزەندە دەکرێت.
لەبارەی ئامانج لە کردنەوەی پێشانگاکە و راکێشانی خورمای پارێزگاکانی دیکە بۆ کەرکووک، ئەو مامۆستایەی کۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی کەرکووک رایگەیاند، ئەوان چەند تاقیکردنەوەیەک بۆ چەند جۆرێکی خورماکان ئەنجام دەدەن تاوەکو بەپێی کەشوهەوای کەرکووک بیانچێنن و پەرەی پێ بدەن.
پێشانگاکە کە لەلایەن کۆلیژی کشتوکاڵی زانکۆی کەرکووک سەرپەرشتی دەکرێت، ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.