Rawan Subhi Obaidullah
29 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 02 تشرینی یەکەم 2022
دھۆک – AA
قایمقامی قەزای حەسەنکێف سەربە پارێزگای باتمان، شەنول ئەزتورک کە بەشداربوویێکی دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتیاریی دھۆکە، بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "ئێمە ھاتووین و بەشدارییمان لە دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتیاریی دھۆک کردووە بۆ ئەوەی کولتووری دەوڵەمەندی شاری حەسەنکێف و گەشتوگوزاری تەندروستیی شاری باتمان و بەھێزییەکەی لە رووی بیناسازییەوە پێشان بدەین، باتمان ھەم لە رووی کولتوورییەوە و ھەمیش لە رووی جوگرافیاوە نزیکە لە ناوچەکە و شاری دھۆک، ئێمە بە باشترین شێوە لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتیی گەشتوگوزار و سەرۆکی شارەوانی و بەرپرسانی تەندروستی لە دھۆکین، ھیوادارین لەم پێشانگەیەدا چ بۆ حەسەنکێف یان باتمان زۆرێک لە دەستکەوت بەدەستدێنین، ھەر کەسێک ماندوو بووە لە رێکخستنی ئەم پێشانگایەدا، سوپاسی دەکەین و بەختێکی باش بۆ بەشداربووان دەخوازین".
رۆژی ٢٧ی ئەیلوولی ٢٠٢٢ لە شاری دھۆک، بەبۆنەی رۆژی جیھانیی گەشتوگوزار، بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتوگوزار بە بەشداریی زیاتر لە ١٥٠ کۆمپانیای ناوخۆ و بیانی کە ٣٥یان کۆمپانیای تورکیان کرایەوە کە بۆ ماوەی سێ رۆژ بەردەوام دەبێت.
کچێک بە ناوی ئادار غالب کە بە نیشاندانی جلوبەرگی کوردی بەشداربووە لە دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتیاریی دھۆک بۆ ئاژانسی ئانادۆلو گوتی: "وەک خۆشەویستی بۆ جلوبەرگی کوردی بەشداریم لەم پێشانگایەدا کرد بۆ ئەوەی کارەکەم پێشانی گەشتیاران بدەم".
لە دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتیارییدا، کۆمپانیاکانی ١٣ وڵات بەشدارن کە پێکدێن لە ھەر یەک لە وڵاتانی (عێراق، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، نەرویج، رووسیا، سریلانکا، تورکیا، ئێران، ئیمارات، ئوردن، لوبنان، سانت کیتس و دومینیکا).
یەکێک لە ئامادەبووانی پێشانگاکە کە شوێنەوارناسە بەناوی دانیێل موراندی بۆ ئاژانسی ئانادۆلو باسی گرنگی ئەم پێشانگایەی کرد و گوتی: "من پرۆفیسۆرم لە زانکۆی Udine لە ئیتاڵیا لە پال شوێنی گەشتیاریی، شوێنی شوێنەوارییش گرنگی خۆی ھەیە بۆ گەشتیاران، ئێمە کار لەسەر شوێنەوارەکانی شاری دھۆک دەکەین بە تایبەت لە ناوچەی فایدە، شوێنەواری ئاشوورییەکان لەو ناوچەیە ھەیە، لەسەر یەکێک لە بەردەکان وێنەی یەکێک لەشاکانی ئاشوورییەکان لەسەرە، بەنیازین ئەم شوێنە بکەینە پارکێکی شوێنەواریی و بەنیازین دوو هەفتەی تر ئەم شوێنە شوێنەوارییە بکەینەوە کە دەبێتە یەکەم پارکی شوێنەواریی لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان".
پارێزگای دھۆک دەوڵەمەندترین پارێزگەیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و عێراق لە بواری گەشتوگوزاردا لە رۆژانی دووەمین پێشانگای نێودەوڵەتیی گەشتیاریی دھۆک بڕیارە چەندین پرۆگرامی جیاواز پێشکەش بکرێت، لەوانە نیشاندانی کاری دەستی و جلوبەرگی کولتووری و پێشکەشکردنی چەندین پانێلی ئەکادیمی تایبەت بە پەرەپێدانی گەشتوگوزار و واژووکردنی گرێبەستی گەشتوگوزار لەگەڵ کاری ھونەریی لەلایەن تیپە ھونەرییەکان و سەدان جۆر لە کاری دیکە کە پەیوەندیدارن بە سێکتەری گەشتوگوزار.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان، ئیبراھیم عەبدولمەجید بۆ ئاژانسی ئانادۆلو ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیانە سەرنجی زیاتری گەشتیاران لەم جۆرە پێشانگایانەدا رابکێشن و گوتی: "کار لەسەر ئەوە دەکەین کەرتی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان زیاتر بەرەو پێش بچێت و بگەینە ئەم ئامانجەی کە بتوانین شەش ملیون گەشتیار لە ساڵی ٢٠٢٢ بھێنینە ھەرێمی کوردستان".
لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٩٠٠ شوێن مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە و ٢٥٠ ناوچەی گەشتیاریش لە سنووری پارێزگاکەدا بوونیان ھەیە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆر رووی تێدەکات لە سەرەتای ئەمساڵ تاوەکو ٣١-٨-٢٠٢٢ زیاتر لە ملیۆنێک و ٦٠٠ ھەزار گەشتیار روویان لە ناوچە گەشتیاریەکانی پارێزگای دھۆک کردووە.