Hemin Hüseyin
28 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 29 ئادار 2017
هەولێر-AA
بە ئامادەبوونی ژمارەیەک پەرلەمانتار و وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، عەبدولستار مەجید و پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومی، قۆناغی یەکەمی عەلوەی هەولێر کرایەوە.
پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی پەیڤێکی پێشکەش کرد کە تێیدا ئاماژەی بە پەرەپێدانی کەرتی تایبەت کرد و گوتی: "کردنەوەی عەلوەی هەولێر جێگای دەستخۆشییە و پەرەپێدانە بە کەرتی تایبەت و رەخساندنی هەلی کار، لە کاتێکدا ئێمە لە ساڵی ٢٠٠٤ ئەو ناوچەیەمان دەستنیشان کرد بۆ کەلوپەل و خۆراک و سەوزە و میوە هەروەک لە ماستەر پلاندا هاتووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەبینین ئەو ناوچەیە هێزێکی ئابووری بە پایتەخت بەخشیووە و بە دڵنیاییەوە ئامانجی ئێمە ئەوە بووە کە هەولێر ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی و ئابووری کە تێیدا هەلی کار بڕەخسێنێت و لە هەمانکاتدا ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی بۆ هەموو عێراق".
هەر لە رێوڕەسمەکەدا وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان، عەبدولستار مەجید گوتی: "ئێمە لەسەرەتادا پاڵپشتی ئەو پڕۆژەیە بووین و لە داهاتووشدا هەر پاڵپشت دەبین بۆ ئەوەی بتوانین پەرە بەو سەنتەرە بدەین، چونکە ئەو سەنتەرە گرنگە بۆ عێراق و وڵاتانی دراوسێش، لە هەمانکاتدا ئەم سەنتەرە یەکێک لە تابەتمەندییە گرنگەکانی ئەوەیە کە ساردخانەی لێیە و ئەمەش موژدەیەکی خۆشە بۆ جوتیاران و لەمەودوا جوتیارەکان دەتوانن بەرهەمەکانییان لەو ساردخانەیە هەڵگرن و تووشی زیان نەبن و هەرزان فرۆشی نەکەن".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "ئەم سەنتەرە دەبێتە ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراک و سەوزەو میوە و بەیەکەوەبەستنی ئەوە ناوچەیە لەگەڵ شارەکانی دیکەی عێراق و وڵاتانی دراوسێ کە ئەمەش هەنگاوێکی گرنگە".
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە لە مانگی داهاتوودا باج و رسومات دەخرێتە سەر بەرهەمە بیانییەکان و لە درێژەی قسەکانیدا عەبدولستار مەجید گوتی: "ساغکردنەوەی بەرهەمە خۆماڵییەکان ئەرکێکە و دەکەوێتە سەرشانی ئێمە، بەڵام لە ١٥ی نیسان باج و رسومات دەخەیەنە سەر هەموو ئەو بەرهەمانەی کە هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکرێن لەو کاتەی بەرهەمی خۆماڵی پێگەیشتووە".
عەلوەی هەولێر لە پێنج هۆڵی گەورە پێکدێت کە تایبەتە بە فرۆشتنی سەوزە و میوە و ١٨٨ دوکانی تێدا دروستکراوە، لەبەرامبەر هۆڵەکانیش ٤٠٠ دوکان دروستکراوە بۆ فرۆشتنی کەلوپەلی خۆراک، هاوکات هۆڵەکانیش دەوردراوە بە چەند ئەمبارێکی ساردکەرەوە کە توانای هەڵگرتنی ٢٧ هەزار تۆن سەوزە و میوەیان هەیە.
ئەم پڕۆژەیە بە سێ قۆناغدا دروست دەکرێت، قۆناغی یەکەم نزیکەی ٤٥ ملیۆن دۆلاری تێچووە و بەپێی پلانی پڕۆژەکەش بەشی دووەمی پڕۆژەکە لە مانگی ٦ی ساڵی ٢٠١٨ تەواو دەبێت، قۆناغی سێیەم کە بریتییە لە فراوانکردنی ساردەکەرەوەکان.
پڕۆژەی عەلوەی نوێی ھەولێر دەکەوێتە سەر رێگای ھەولێر – گوێڕ و لەسەر رووبەڕی ٢٠٠ دۆنم زەوی دروستکراوە و بە گەورەترین بازاڕ لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دادەنرێت کە لەلایەن کەرتی تایبەتەوە دروستکراوە.