Hawkar Yaseen
18 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 22 شوبات 2021
هەولێر AA
دوای ١٠ رۆژ بە هەڵبژاردنی بە پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ دەستبەکاربوون لە پۆستەکەیدا بۆ دەرچوو و لەبەردەم سەرۆکی هەرێمی کوردستاندا، سوێندی یاسایی خوارد و لە سبەینێوە وەک پارێزگاری نوێی هەولێر دەستبەکاردەبێت.
مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆ لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، رێبەر ئەحمەد بەڕێوەچوو کە تیایدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی واژووی لەسەر نامەی دەستبەکاربوونی ئومێد خۆشناو کرد لە پۆستی پارێزگاری هەولێردا.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی دوای واژووکردنی نامەی دەستبەکاربوونی ئومێد خۆشناو لە وتەیەکدا رایگەیاند "لەم دۆخەدا کە کۆمەڵێک کێشە و قەیران رووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بوونەتەوە، پارێزگاری هەولێر ئەرکێکی قورسە، پارێزگاری ھەولێر دەبێت پارێزگاری ھەموو خەڵکی پارێزگاکە بێت بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە و بە یەک چاو سەیری ھەموو لایەنەکان بکات".
نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند کە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هاوکار و پشتیوانی دەبێت بۆ ئەوەی لە ئەرکەکەیدا سەرکەوتووبێت.
ئومێد خۆشناو رۆژی هەشتی شوبات لە دانیشتی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر لە کۆی ٢٣ ئەندامی ئامادەبووی دانیشتنەکە، ١٨ دەنگی بەدەستهێناو بە پارێزگاری نوێی ھەولێر ھەڵبژێردرا.
لە دانیشتنەکەدا ئەندامانی فراکسیۆنەکانی گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو بەشدارییان نەکرد و فراکسیۆنی یەکێتیش دەنگی بە ئومێد خۆشناو نەدا، ١٢ ئەندامی فراکسیۆنی پارتی و پێنج کورسی پێکهاتەکان و ئەندامێکی سەربەخۆ لە ئەنجوومەنەکەدا، دەنگیان پێداو بە ١٨ دەنگ وەک پارێزگاری نوێ هەڵبژێردرا.
ئومێد خۆشناو لە ساڵی ١٩٧٧ لە شاری ھەولێر لەدایکبووە.
دەرچووی پەیمانگای تەکنیکی بەشی راگەیاندن و ھەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە راگەیاندن و ماستەر لە یاسای گشتییدا.
ھاوسەرگیری کردووە و دوو کوڕ و کچێکی ھەیە.

لە کۆنگرەی حەوتەمی پارتی ساڵی ٢٠٠٩ بە سکرتێری لاوان ھەڵبژێردرا و ماوەی شەش ساڵ لەو پۆستە مایەوە و لە ٢٧ی ئایاری ٢٠١٥ دەستی لە پۆستی سکرتێری لاوان ھەڵگرت.
لە ساڵی ٢٠١٣ لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان وەک ئەندامی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی هەڵبژێردرا و دەستبەکاربوو.
لە خولی پێنجەمیش جارێکی دیکە هەڵبژێردرایەوە و لە پەرلەمانی کوردستان تاوەکو هەڵبژاردنی بە پارێزگاری هەولێر سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی بوو.