Rewa Mahmood Hasan
18 شوبات 2021•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2021
سلێمانی - AA
کۆنگرەی چوارەمی کۆمەڵی ئیسلامی لە هۆڵی پێشانگای نێودەوڵەتیی سلێمانی سەرەتا بە خۆیندنەوەی چەند ئایەتێک لە قورئانی پیرۆز دەستی پێکرد و دوای وتاری پێشوازی و دەستپێکردنی کۆنگرەکە، مارشی کۆمەڵ لێدراو ئامادەبووان بە پێوە گوێیان لێگرت.
وەک ئامادەکارییەک بۆ ئەنجامدانی کۆنگرە، حەوت هەزار ئەندام بەشدارییان لە کۆنفرانسی حزبەکەیان کردووە و لەو ژمارەیە ٩٠٠یان هەڵبژێردراون بۆ ئەندامێتی کۆنگرە و تیادا ٧٢ کەس کاندیدن بۆ بەدەستهێنانی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو لە کۆنگرەی کۆمەڵی ئیسلامی کۆدەنگییەک هەیە لەسەر دیاریکردنەوەی مامۆستا عەلی باپیر وەک ئەمیری کۆمەڵ، هاوکات هەوڵێک هەیە بۆ لابردنی پاشگری "ئیسلامی" لەسەر ناوی حزبەکە.
بە دەنگی ئەندامانی کۆنگرە، سەرجەم پۆستە حزبییەکان لەنێو کۆمەڵی ئیسلامیدا هەڵوەشێنرانەتەوە و لەسەر راسپاردەی کۆنگرە، هیچ ئەندامێک بۆی نییە تا کۆتایی هاتنی کۆنگرە لێدوان بۆ کەناڵەکانی راگەیاندن بدات و بردنە ژوورەوەی مۆبایل لەلایەن ئەندامانی کۆنگرەوە قەدەغەکراوە.
لە کۆنگرەکەدا، ئەمیری پێشووی کۆمەڵی ئیسلامی، عەلی باپیر قسەی کرد و گوتی: "کۆنگرەی چوارەم لە کاتێکی ئێجگار دژواری ناوچەکەدا دەبەسترێت. هیوادارم کۆنگرە وێستگەیەکی گرنگ بێت بۆ چاوبەخۆدا گێڕانەوە و روانین بۆ ئاییندە. پێویستە کۆنگرە لە ئاست چاوەڕوانی خەڵکدا بێت".
عەلی باپیر لە بەشێکی گوتارەکەیدا گەڕایەوە بۆ مێژوو و باسی لە رێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ کرد و گوتی: "بەبێ ئەوەی پرس بە گەلەکەمان بکرێت لە رێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ دابەشیان کرد. زلهێزەکان زوڵمیان لە کورد کرد، باشە موسڵمانانی درواسێمان بۆ ئەوەیان قبوڵ کرد؟".
عەلی باپیر لەبارەی دۆخی هەرێمی کوردستانیشەوە دوا و گوتی: "ئێمە ئێستا وەک کۆمەڵی ئیسلامی بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوونمان داوە، بەڵام بە شێوازی خۆمان، نەک لاسایی کەس بکەینەوە. وەک رەخنەگرتن لە حکوومەت و گەشەپێدانی بۆ ئەوەی لە ئاست چاوەڕوانییەکانی خەڵکدابێت نەوەک بۆ لەناوبردن و داڕووخاندنی کەس ئۆپۆزسیۆنبوونمان هەڵبژاردبێت. ئۆپۆزسیۆنبوونمان کاریگەری دروستکردووە".