Hawkar Yaseen
01 ئادار 2021•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2021
هەولێر AA
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لە قاوەخانەی کولتووریی مەچکۆ لەگەڵ کۆنسولی ئیمارات لە هەولێر، ئەحمەد زاهری کۆبوویەوە و تەوەری سەرەکی دانیشتنەکەشیان پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابووری، دیپلۆماسی و کولتوورییەکان بوو.
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو دەربارەی هۆکاری هەڵبژاردنی قاوەخانەی مەچکۆ بۆ کۆبوونەوەکەیان رایگەیاند "وەک پارێزگاری هەولێر ئەمە یەکەم دیداری دیپلۆماسیمان بوو کە لەگەڵ کونسولی وڵاتان ئەنجامی بدەین، ئامانجمان ئەوەبوو کە لەنێو شاری هەولێردا لە قاوەخانەی مەچکۆ لەژێر سێبەری قەڵاتدا یەکەمین دیداری دیپلۆماسیمان هەبێت".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "بۆ ئەمە چەند ئامانجێکمان هەبوو، یەک بە خەڵک بڵێین تەنها دیوانی پارێزگا شوێنی کاری ئێمە نییە، چایخانەکان و لای دەستگێڕەکان و شوێنی دوکاندار و کاسبکاران و گوند قەزا و ناحیە و کۆڵانەکان شوێنی کار و خزمەتی ئێمەیە کە ئەو ئەرکەمان پێسپێردراوە خزمەتی ئەو شارە بکەین، دووەم بەرزنرخاندنی هەوڵی دەزگاکانی ئاسایش بوو کە ئەمەی لەناو بازاڕ کۆبوونەوەیەک بکەین ئارامی هەولێر نیشان دەدات، خاڵی سێیەمیش بە خەڵکی شاری هەولێر بڵێین ئەگەر ئێمە شوێنی کارمان شەقامەکان بێت، ئەوا دیوانی پاریزگا ماڵی ئێوەیە و دەرگاکانی پارێزگا کراوەتەوە بەڕووتاندا و ئەوەی لە تواناماندابێت خزمەتی خەڵکی پێدەکەین".
پارێزگاری هەولێر دەربارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەشیان لەگەڵ کۆنسولی ئیمارات لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند "سوپاسی هەوڵ و ماندووبوونی ئەوانمان کرد کە لە رابردوودا هاوکارمان بوون بەتایبەت لە بابەتی کۆرۆنا، تەوەرەکانی دیکەش پەرەپێدانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بوو هەروەها بوارەکانی بازرگانیی و وەبەرهێنان و کولتووریی".