عێراق

هەولێر.. پلانی ئیداری و ئەمنی بۆ رۆژانی جەژن راگەیەندرا

- هەریەک لە قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید و بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، عەبدولخالق تەڵعەت تیشکیان خستە سەر پلانەکە و پێشبینیی هاتنی ٢٥ هەزار گەشتیاریان کرد و راشیانگەیاند کە گەشتیاران لە بازگەکان هاوکاری دەکرێن.

Heman Hussein Yaseen Yaseen  | 08.08.2019 - نوێکردنەوە : 09.08.2019
هەولێر.. پلانی ئیداری و ئەمنی بۆ رۆژانی جەژن راگەیەندرا

Arbil

هەولێر - AA

ئەمڕۆ پێنچشەممە هەشتی ئاب ۲۰۱۹ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا، پلانی ئیداری و ئەمنی بۆ جەژنی قوربان لە شاری هەولێر راگەیەنرا کە تیایدا هەریەک لە قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید و بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، عەبدولخالق تەڵعەت تیشکیان خستە سەر پلانەکە و پێشبینیی هاتنی ٢٥ هەزار گەشتیاریان کرد.

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر، نەبەز عەبدولحەمید گوتی: "لە رۆژانی جەژندا سەرجەم ھوتێل و رێستێورانت و خواردنگەکان کراوە دەبن بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و ئاگادارکراونەتەوە کە پابەندی رێنماییەکان بن، لەھەمان کاتدا لێژنەکانیش لەئەمڕۆە چاودێری بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و ھۆتێل و مۆڵ و خواردنگەکان دەکەن و رێگا نادرێت نرخ گران بکرێت و ھەر کەسێک نرخ گران بکات سزا دەدرێت".

نەبەز عەبدولحەمید گوتیشی: "لە رۆژانی جەژنی قوربان پێشبینی دەکرێت ۲۰ تاوەکو ۲٥ ھەزار گەشتیار سەردانی شاری ھەولێر بکەن، لەشەش مانگی یەکەمی ساڵی ۲۰۱۹دا، ملیۆنێک و ۲۸۳ ھەزار و ۳۳ گەشتیار سەردانی شاری ھەولێریان کردووە، بۆیە پێنچ لیژنە پێکھاتووە لە لایەن گەشتوگوزار بۆ پێشوازیکردن لە ھاووڵاتییان و گەشتیاران بۆ ئەوەی ئاسانکاریان بۆ بکرێت".

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر راشیگەیاند کە ژمارەی تایبەتیان ھەیە بۆ پەیوەندیکردن لەکاتی بوونی هەر ھەر کێشەیەک هاووڵاتییان دەتوانن پەیوەندی بکەن، ھەروەھا جەختی لەوەکردەوە کە رێنمایی دەرچووە و لە بازگەکان بەسەر گەشتیاراندا دابەش دەکرێت و ئاگادار دەکرێنەوە کە مەلەکردن لە رووبار و سەرچاوە ئاوییەکان قەدەغەیە و خاوەن شوێنە گەشتیاریەکانیش بەرپرس دەبن لە ھەر رووداوێکی نەخوازراو.

لەبارەی قوربانیکردنیش، قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر گوتی: "پێشبینی دەکەین ژمارەیەکی زۆر ئاژەڵ بکرێتە قوربانی، سەربڕخانەی ھەولێر لەھەر چوار رۆژەکە کراوە دەبێت بەبێ وەرگرتنی ھیچ رسوماتێک ئاژەڵ بۆ ھاووڵاتییان سەردەبڕن، ژمارەیەک رێکخراوی خێرخوازیش بەنیازن قوربانی بکەن، تا ئێستا ئەوەی ھەیە بەتەنھا رێکخراوەکان ٥٥۰ ئاژەڵی گەورە و ھەزار و ۲٥۰ ئاژەڵی بچووک دەکەنە قوربانی".

لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی ھەولێر،عەبدولخالق تەڵعەت گوتی: "ھێزە ئەمنییەکان، ئاسایش، پۆلیس و پۆلیسی ھاتوچۆ لەئامادەباشی تەواودان و بەرنامەکانیشیان لە ۱۰/۸/۲۰۱۹دەست پێدەکات تاوەکو دوای جەژن، بوونیان دەبێت لە شوێنە گشتییەکان بەتایبەت گۆڕستانەکان، مۆڵەکان، پاڕک و سەرجەم ئەو شوێنانەی کە قەرەباڵغ دەبن، بۆ ئەوەی گەشتیاران و ھاووڵاتییان بە ئارامی جەژن بکەن".

ناوبراو داوایشی لە هاووڵاتییان کرد کە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان بکەن بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و راشیگەیاند کە سەرجەم هاووڵاتییان لە بازگەکان هاوکاری دەکرێن.







بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın