Sarmand Hameed
18 تشرینی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2020
هەولێر - AA
ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بۆ کۆچی دوایی پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی، سێ رۆژ ماتەمینی لە پارێزگاکەدا راگەیاند.
دوای راگەیاندنی هەواڵی کۆچی دوایی فرسەت سۆفی، ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر کۆبوونەوەیەکی نائاسایی ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا، سێ رۆژ ماتەمینی لە پارێزگای هەولێر رابگەیەنرێت.
سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، عەلی رەشید، لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاند "بەداخەوە ئەم کۆبوونەوەیە بۆ ئەوەیە کە هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوپیشەیەکمان لەدەستدا، ئەو هاوپیشەیەی کە پێش ساڵێک و دوو مانگ لێرە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای بەدەستهێنا".
عەلی رەشید گوتیشی: "د. فرسەت ژیانی خۆی کردە قوربانیی پاراستنی ژیانی هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر و کوردستان. شەونخونی و ماندووبونی هۆکار بوون لەوەی ببێتە بەرکەوتەی ئەو ڤایرۆسە، کە لە ئەنجامدا ئەمڕۆ گیانی لەدەستدا".
دواتر سکرتێری ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر، هالان هورمز گورگیس بڕیاری ئەنجوومەنەکەی خوێندەوە و رایگەیاند "ئەنجوومەنی پارێزگای هەولێر بەبۆنەی خەمناکی گیانلەدەستدانی پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی، سێ رۆژ ماتەمینی رادەگەیەنێت لە سنووری پارێزگای هەولێر".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، پارێزگاری هەولێر، فرسەت سۆفی بەهۆی تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، کۆچی دوایی کرد.
فرسەت سۆفی دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، بەهۆی خراپی رەوشی تەندروستییەوە رۆژی سێی تشرینی دووەم بەمەبەستی چارەسەر رەوانەی دەرەوەی وڵات کرابوو.