Hemin Hüseyin
25 ئەیلوول 2016•نوێکردنەوە: 26 ئەیلوول 2016
هەولێر
رێکخراوی جی ئای زێد-ی ئەڵمانی، پڕۆژەیەک لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ دەکات و بەو پێیەش لە دوو قۆناغدا چوار هەزار کەس سوودمەند دەبن و ئەو پڕۆژەیەش بریتییە لە دوو قۆناغ و لە هەر قۆناغێکدا دوو هەزار کەس هەلی کاری دەست دەکەوێت و پارێزگاری هەولێریش ئاماژە بەو دەکات کە پرۆژەکە لە چوار بەڕێوەبەرایەتی پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت و هەر قۆناغێکیش 40 رۆژ دەخایەنێت.
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی و بەڕێوەبەری پرۆژەکان لە رێکخراوی جی ئای زێدی ئەڵمانی، ماڕک لۆڤێکس تیشکیان خستە سەر ئامانج و ناوەڕۆکی پڕۆژەکە و سەرەتا نەوزاد هادی گوتی: "دوای سەردانیکردنی وەزیری ھەماھەنگی و پەرەپێدانی ئابووری ئەڵمانیا، گێرھارد مولەر بۆ شاری هەولێر، هاوکارییەکانی ئەڵمانیا روو لە زیادبوونە و ئەمڕۆش گرێبەستێک لەگەڵ رێکخراوی جی ئای زێدی ئەڵمانی واژوو دەکەین بەمەبەستی بوژانەوەی ئابووری و دەرفەتی کارکردن بۆ خەڵکی هەژار و کەمدەرامەت و بەشێک لەو ئاوارانەی لە دەرەوەی کامپەکان دەژین، ئەم پڕۆژەیەش لە رێگای چوار بەڕێوەبەرایەتی لە سنووری پارێزگای هەولێر جێبەجێ دەکرێت".
سەبارەت بە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شاری هەولێریش، نەوزاد هادی گوتی: "قۆناغی یەکەم لە چوار بەڕێوەبەرایەتی جێبەجێ دەکرێت ئەوانیش بریتین لە سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتی ژینگە پارێزی و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازەی پارک و باخچەکان و بەڕێوەبەرایەتی ئاوەڕۆی هەولێر، کە تێیدا لە هەر خێزانێک تەنیا یەک کەس بەشدار دەبێت و ئەم پڕۆژەیەش لە ناوەڕاستی مانگی 10 دەست پێدەکات".
پارێزگاری هەولێر، نەوزاد هادی گوتیشی: "دواتر لەگەڵ فەرمانگە پەیوەندیدارەکان و بەڕێوەبەرایەتی کار پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت بۆ ئەوەی دادپەروەرییەک لە پێدانی کارەکە هەبێت و هەر کەسێک بۆی هەیە 40 رۆژ کار بکات چونکە پرۆژەکە سێ مانگە و گوژمەی تەواوی بۆ ئەو مانگە بریتییە لە دوو ملیۆن و 700 هەزار دۆلار و لە قۆناغی دووەمیش بەڕێوەبەرایەتی ئاودێری و بەڕێوەبەرایەتی ئەندازی هاتوچۆ بەشدارن ئەوانیش بە مەبەستی چاککردنەوەی هێماکانی هاتوچۆ لە شەقامەکان و پاککردنەوەی جۆگەلە و کانیاوەکان".
دواتر بەڕێوەبەری پڕۆژەکان لە لە رێکخراوی جی ئای زێد لە عێراق، ماڕک لۆڤێکس لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئێمە چوار پرۆژەمان هەیە و رەچاوەی باری دارایی ئەو خەڵکەمان کردووە و ئەو کەسانەی لەو پڕۆژەیە سوودمەند دەبن بۆ هەر رۆژێک بڕی 40 هەزار دیناریان پێ دەدرێت کە ئەمەش بۆ بژێوی ژیانییانە و دەمەوێت ئەوەش بزانن لە کاتی جێبەجێکردنیش دەتوانن پشتمان پێ ببەستن و هاوکاریتان دەکەین".
ماڕک لۆڤێکس گوتیشی: "ئەم پڕۆژەیە بۆ هەر سێ پارێزگای هەولێر و دهۆک و سلێمانی دەبێت کە بڕی گوژمەکە بریتییە لە 47 ملیۆن یۆرۆ و پڕۆژەکە دەرفەتی کار بۆ هاووڵاتییان دەڕەخسێنێت کە رێکخراوی جی ئای زێد پاڵپشتی پڕۆژەکە دەکات".
رێکخراوی جی ئای زێد سەر بە حکوومەتی ئەڵمانیایە و لە ئێستادا بوودجەیەکی تەرخان کردووە بۆ هەموو شارەکانی عێراق، بۆ ئەوەی لەماوەی سێ مانگ دەرفەتی کار بدات بە خەڵک.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، رێژەی بێکاری لە هەرێمی کوردستان بەرزبووەتەوە بۆسەدا 15 و ئەمەش کاریگەری نەرێنیی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان دروست کردووە.