Sarmand Hameed
07 تەمووز 2021•نوێکردنەوە: 07 تەمووز 2021
هەولێر - AA
پارێزگاری هەولێر، ئومێد خۆشناو لەبارەی ئەو هێرشەی کە درەنگانی شەوی سێشەممە کرایە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر رایگەیاند، "ئەو هێرشە تیرۆریستییە".
ئومێد خۆشناو دوای سەردانی بۆ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند "هەولێر زۆر ئارامە و هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی نەبووە".
لەبارەی ئەوەی کە هیچ سەرەواێک لەسەر ئەو هێرشە دەستکەوتووە، پارێزگاری هەولێر گوتی: "هێرشەکە هێرشێکی تیرۆریستی بووە و ئامانجی هێرشەکەش وەک دیارە کە هەولێر ناوەند و چەقی بڕیاری سیاسییە و هەمیشە ئامانجی تیرۆرستان دەبێت".
گوتیشی" باوەڕمان وایە کە دەزگا ئەمنییەکان هەرێمی کوردستان ئەوەندە بەهێزن کە ئەم جۆرە هێرشانە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی هەرێمی کوردستان نابێت".
پارێزگاری هەولێر ئاشکرایشی کرد کە دەزگاکانی ئاسایش و دژە تیرۆر لێکۆڵینەوەیان لە هێرشەکە دەستپێکردووە دواتر زانیاریی زیاتر لەمبارەیەوە بڵاودەکەنەوە.
کاتژمێر ١١:٣٠ ی شەوی سێشەممە، بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراو هێرش کراوەیە سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر.
دژە تیرۆری کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند "هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانی و ماددی نەبووە، تەنها ئاگر لە پووش و پەڵاش کەوتووەتەوە.
رۆژی ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١، سێ درۆن "فڕۆکەی بێفڕۆکەوان" لە رێگەی خۆپێداکێشان خۆیان بە خانووی ھاووڵاتییەک لە باخچەکانی سەر رێگەی سێولە لە گوندی براغ نزیک کۆمەڵگەی مەلا ئۆمەر لە پارێزگای ھەولێر دا کە دوو لەو درۆنانە تەقینەوە و یەکێکیان نەتەقییەوە.