ئابووری, عێراق

عێراق.. پڕۆژەیاسای قەرزکردن دەخرێتە دەنگدانەوە

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) دەخاتە دەنگدانەوە.

Zana Natık Kerem  | 11.11.2020 - نوێکردنەوە : 12.11.2020
عێراق.. پڕۆژەیاسای قەرزکردن دەخرێتە دەنگدانەوە

Arbil

ھەولێر ــ AA

ئەمڕۆ چوارشەممە دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت کە لە میانیدا پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) دەخرێتە دەنگدانەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە دانیشتنی ٢١ی ئاسایی وەرزی یەکەمی یاسادانان بۆ ساڵی سێیەم لە خولی چوارەمی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەدەچێت.

بەپێی راگەیەنراوەکە لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) دەخرێتە دەنگدانەوە.

هەروەها ئاماژە بەوەیشدراوە کە لە میانی دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، پڕۆژەیاسای کۆلێژی ئاسمانیی دەخرێتە دەنگدانەوە و سەبارەت بە پڕۆژەیاسای ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتەکان گفتوگۆدەکرێت.

پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، ئەحمەد موللا تەڵاڵ رایگەیاندبوو کە ئۆمێد دەکەن پڕۆژەیاسای پارەدارکردنی کورتھێنانی دارایی (قەرزکردن) لە دانیشتنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند بکرێت، بۆ ئەوەی دەست بە دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەران بکرێت.

لە ماوەکانی رابردوودا، حکوومەتی عێراق لەنێوان ١٥ تا ٢٦ی ھەموو مانگێک مووچەی فەرمانبەرانی دابەش دەکرد، بەڵام بەھۆی قەیرانی داراییەوە، تا ئێستا مووچەی تشرینی یەکەمی رابردووی فەرمانبەرانی دابەش نەکردووە.

لە مانگی ئەیلوولی رابردوودا، حکوومەتی عێراق پرۆژەیاسای قەرزی ناوخۆیی بەبڕی ٤١ تریلیۆن دینار (نزیکەی ٣٤ ملیار دۆلار) رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کردبوو بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت تا بتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی بۆ سێ مانگی داھاتوو خەرج بکات.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın