Zana Natık Kerem
16 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 17 نیسان 2022
ھەولێر ــ AA
وەزیری نەوتی عێراق، ئێحسان عەبدولجەبار رایگەیاند کە بەپێی ئەوەی ھەڵسەنگاندنیان بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، دەرکەوتووە بەڕێژەی سەدا ٨٠ی ئەو گرێبەستانە دروستن و کێشەیان نییە، بەڵام کێشە لە سەدا ٢٠ی گرێبەستەکاندا ھەیە و ھەوڵدەدەن بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم چارەسەریان بکەن.
ئێحسان عەبدولجەبار لە ھەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی ئاسمانیی فورات باسی لە دۆسیەی نەوتی ھەرێمی کورستان کرد و رایگەیاند کە بەجێبەجێ کردنی سێ خاڵ، دەتوانن دۆسیەی نەوت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان چارەسەر بکەن، یەکەم پێداچوونەوە بەگرێبەستە نەوتییەکان، دووەمیش دامەزراندنی کۆمپانیای نەوتە سەربە حکوومەتی فیدراڵیی لە ھەرێمی کوردستان و سێیەمی بە ھاوبەشی دۆسیەی نەوت لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەڕێوەببەن.
گوتیشی: "بە ئەمانەتەوە ئەوە دەڵێم، ھەرێمی کوردستان تاوانێکی گەورەی نەکردووە، ھەڵسەنگاندنمان بۆ گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان کردووە، دەرکەوتووە بەڕێژەی سەدا ٨٠ی ئەو گرێبەستانە دروستن و کێشەیان نییە، بەڵام کێشە لە سەدا ٢٠ی گرێبەستەکاندا ھەیە و ھەوڵدەدەین بە گفتوگۆ لەگەڵ حکوومەتی ھەرێم چارەسەریان بکەین".
ئەمەش دوای ئەوە دێت رۆژی ١١ی ئەم مانگە وەزیری نەوتی عێراق، ئیحسان عەبدولجەبار لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند کە دەبێت پێداچونەوە بە سەرجەم گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم بکرێت و گوتی: "ھەژمارێکی بانکی لە بانکە جیھانییەکان دەکرێتەوە بە مەبەستی دانانی سەرجەم داھاتەکانی فرۆشتن و ھەناردەکردنی نەوتی خاو کە لەلایەن وەزارەتی نەوتەوە خاوەندارێتـی دەکرێـت و بۆ دەستەبەرکردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم لەکاتی دواکەوتنی ناردنی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵییەوە، بەکاردەھێندرێت".