Rewa Mahmood Hasan
16 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 18 نیسان 2022
سلێمانی - AA رەوا مەحمود حەسەن
لە سوچێکی مزگەوتی گەورەدا و لە پشت نوێژخوێنانەوە مەزارێک جێی سەرنجی هەموو گەشتیاران رادەکێشێت و بەردەوام لە شارەکانی هەرێمی کوردستان و ناوەڕاست و باشووری عێڕاقەوە بە بێ جیاوازیی ئایینی، سەردانی دەکەن.
مەزاری کاک ئەحمەدی شێخ لەساڵی ١٨٨٧ ەوە لە مزگەوتی گەورە کە ئەوکات مەدرەسەکەی بووە، نێژراوە و ئێستاش بووەتە جێی زیارەتکارانی تەریقەت و پیاوچاکان.
لەبارەی مێژووی مەزارەکەوە مامۆستا مەلا محەمەد ئەمین لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت: "ئەم شوێنەی ئێمە لێی راوەستاوین، حوجرەی تایبەتی کاک ئەحمەدی شێخ بووە و تیاییدا وانەی بە فەقێیەکانی گوتووەتەوە، ئەم پارچە زەوییەی ئێستا مەزارەکەی لێیە، بە پارەی خۆی کڕیبووی و تایبەت بووە بە حوجرەکەی و تیاییدا تەدریسی کردووە".
سەبارەت بە سەرەتای بوون بە مەزار، مامۆستا مەلا محەمەد دەڵێت،'' لەدوای وەفاتی، لەسەر راسپاردەی خۆی، لەم شوێنەدا نێژراوە، دواتر شوێنەکە لەلایەن خۆشەویستان، موریدان و شوێنکەوتووانی رێبازی تەریقەتی قادری بووەتە جێی سەردانیکردن، پاشان کە مەلیک مەحموودی کوڕەزای کۆچی دوایی دەکات، ئەسپەردەی خاککراوە لەتەنیشت خۆیەوە".
-مەزارەکە بووەتە شوێنی پێکەوە ژیانی ئایینەکان، مەسیحی و موسڵمانەکان بەیەکەوە سەردانی دەکەن
لەبارەی ئەو کەسانەی رۆژانە سەردانی ئەم شوێنە دەکەن، سەرپەرشتیاری مەزارەکە دەڵێت: "لە مانگی رەمەزانی پیرۆزدا خەڵکی شار زیاتر سەردانی مەزاری کاک ئەحمەدی شێخ دەکەن، هاوکات خەڵکی بیانیی و هاووڵاتییانی دیکەیش لە شارەکانی عێراق و، پێکهاتەی مەسیحییەکانیش سەردانی مەزارەکە دەکەن، چونکە لەسەردەمی خۆیدا پێکەوەژیانێکی جوانی لە نێوان موسڵمانان و مەسیحییەکانی شار دروست کرد کە تا ئێستاش بەشانازییەوە هیچ بەریەککەوتنێک لە نێوان پێکهاتەکانی ئەم شارەدا رووینەداوە، ئەویش رەنگدانەوەی ئەو هەوڵانەی جەنابیان بووە لەو سەردەمەدا. ئەگێڕنەوە بوکێکی کاک ئەحمەدی شێخ مەسیحی بووە، کە منداڵیان بووە، ناویان ناوە سەیدنا عیسا بەناوی پێغەمبەرەکەی ئەوانەوە بۆ دروستکردنی پێکەوە ژیانێک لەم شارەدا، هەر بۆیە تا ئێستاش مەسیحییەکان سەردانی هەردوو مەزاری کاک ئەحمەدی شێخ و شێخ مەحمودی حەفید دەکەن".
مزگەوتی گەورە، جگە لەوەی مەزارەکەی کاک ئەحمەدی شێخی لێیە، هاوکات مەدرەسەیەک بەناوی باوکی ناوبراوەوە ماوەتەوە و تا ئێستاش خزمەت بە موسڵمانان دەکات و لەوبارەیەوە مامۆستا مەلا محەمەد دەڵێت: ''مەدرەسەکەی شێخ مەعروفی نۆدێیی تا ئێستا ماوە و لەلایەن چەند مامۆستایەکی زانا، لەوانە مامۆستا مەلا عەبدوڵڵای تەکیەیی کە نزیکەی ٤٥ ساڵە وانەبێژە، مامۆستا مەلا مستەفای شەشۆیی کە تا ئێستا لەو مەدرەسەیەدا وانە دەڵێنەوە، چەندین فەقێ و زانای ئایینیان پێگەیاندووە. هاوکات لەسەردەمی خۆیدا فێرگەیەک بۆ نابینایان دروستکراوە لەلایەن شێخ ئەحمەدی حەفیدەوە بۆ ئەوەی نابینایان فێری قورئان بکرێن، تا ئێستاش ماون و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان سودییان لێ بینیووە، هەتا یەکێک لە موریدەکانی لەو سەردەمەدا لە هیندستانەوە هێناوە بۆ ئێرە و قورئانی پیرۆزی هەمووی لەبەر بووە و کردوویەتی بە مامۆستای نابینایان، هاوکات بۆ هەر چەند ماڵێکی شار چەند نابینایەکی داناوە، کە هەفتانە بچن لە ماڵەکەیاندا فێری قورئانیان بکەن و لەبەرامبەردا بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان چەند بڕە پارەیەکیان داوەتە ئەو نابینایانە. تا ئێستاش ئەو مەدرەسە نابینایە بەردەوامە".
کاک ئەحمەدی شێخ یان کاک ئەحمەدی سلێمانی (١٧٩٣–١٨٨٧) کوڕی شێخ مەعرووفی نۆدێیە زانای ئایینی و ناودارانی تەریقەتی قادرییە.
ناوی تەواوی حاجی کاک ئەحمەدی شێخ کوڕی شێـخ مەعروفی کوڕی شێخ مستەفای کوڕی شێخ ئەحمەدی غەزائی کوڕی شێخ محەممەدی نۆدێییە.
ئەم زاتە پاش خۆناسینەوە لە خزمەتی باوکیدا و لە قوتابخانەی خۆیاندا قورئانی پیرۆز و کتێبە وردەکانی خوێندووە و دەستی کردووە بە زانیارییەکانی نەحو و سەرف و تا لە پلەکانی زانیارییدا باش سەرکەوتووە و بووە بە زانایەکی باش و ئیجازەی وەرگرتووە.
ھەروەھا لە خزمەتی باوکیدا تەمەسوک دەکات و تەریقەت وەردەگرێت و سلووک دەکات ھەتا دەگاتە پلەی ئیرشاد و، ئیجازەی پێدەدرێت، پاش ئیجازە وەرگرتن لە ھەردوو بوارەکەدا دەستدەکات بە تەدریس و سوودگەیاندن بە خەڵک لە ھەموو دەرسەکاندا.