Heman Hussein Yaseen
15 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان لەبارەی پارەی گەنمی جووتیاران کۆبوویەوە و دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکە خرایەڕوو.
سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید گوتی: "دوای سەردانی لیژنەکەمان بۆ بەغدا و بەدواداچوونمان بۆ پارەی گەنمی جووتیارانی ھەرێم کۆبوونەوەمان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئەنجامدا و لەگەڵ وەزیری بازرگانی عێراق رێککەوتین کە دەبێت دوای وەرگرتنی گەنمەکە پارەی جووتیاران بدرێت و ئەویش رەزامەندی نیشاندا کە پارەکە خەرج بکرێت".
عەبدولستار مەجید گوتیشی: "شەوی رابردوو لە پەیوەندیەکی تەلەفۆنییدا لەگەڵ سەرکۆماری عێراق و وەزیری بازرگانیی عێراق گفتوگۆمان کرد و بڕیار درا کە نیوەی مافی جووتیارانی کوردستان کە دەکاتە ٥٥٧ ملیار دینار بۆ ساڵەکانی ٢٠١٤ - ٢٠١٥- ٢٠١٦ بنێردرێت و نیوەکەی دیکەیش بکرێتە چەند بەشێک و بە شێوەی قیست بۆ جووتیارانی کوردستانی رەوانە بکەن".
لەبارەی کێشەی گوندی پەلکانەش سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی کوردستان، عەبدولستار مەجید گوتی: "داوامان لە وەزیری کشتوکاڵی عێراق کردووە کە لیژنەیەک بنێرن بۆ پەلکانە و سەرگەڕان تا چارەسەری ئەو گرفتە بکەن، چونکە ئەوەی ئێستا دەکرێت بەعەرەبکردنە و کێشەیەکی گشتی و سیاسییە".
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، وەزیری بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، کەمال موسلیم گوتی: "ئێمە بەردەوام دەبین لە بەدەستھێنانی مافی جووتیارانی کوردستان، ھەر کاتێکیش پارەکە گەیشت ئەوا ھەر جووتیارێک نیوەی پارەکەی بۆ خەرج دەکرێت، بۆ نیوەکەی دیکەیش بەپێی قۆناغەکان پارەکە دابەش دەکرێت".