Zana Natık Kerem
17 مای,س 2023•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2023
ھەولێر – AA
لە شاری ھەولێر، بە بەشداری ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بازرگان و زیاتر لە ٣٠ی کۆمپانیای ئەڵمانی، دیداری ئابووریی ھەرێمی کوردستان-ئەڵمانی بەڕێوەچوو.
لەوبارەیەوە بریکاری وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، سەروەر کەمال لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە ھیوادارن ئەم دیدارە ببێتە مایەی لێکتێگەیشتن و واژووکردنی چەندین گرێبەست لەگەڵ کۆمپانییە ئەڵمانییەکان، ھەروەھا دروستکردنی کارگە لە ھەرێمی کوردستان.
ئاماژەی بەوەدا کە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی بەردەوام ھەوڵیداوە، ئاسانکاریی زیاتر بۆ پێشەوەران و بازرگانان لە ھەرێمی کوردستان بکات و گوتی: "تا ئێستا، ٣١ ھەزار و ٤٥٤ کۆمپانیای وەبەرھێنان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆمارکردنی کۆمپانیاکان سەربە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان تۆمار کراون و لەو ژمارەیە سێ ھەزار و ٥٠٠یان کۆمپانیای بیانیین کە ٨٨یان کۆمپانیای ئەڵمانیین".
سەرەور کەمال باسی لەوەیش کرد ک ھەرێمی کوردستان لەڕیگای دەروازەی ئیبراھیم خەلیلەوە، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لەگەڵ ٦٥ وڵاتی ئەورووپا ھەیە کە لەسەدا ٦٠ی کەلوپەلە ھاوردەکراوەکان بۆ خوارووی عێراقە و لەسەدا ٤٠ی بۆ ھەرێمی کوردستانە.
ئەوەیشی خستەڕوو کە بەڕێوەبەرایەتییەکی نوێ بە ناوی "بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی ھێما بازرگانییەکان" لە وەزارەرتی بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان کراوەتە کە کۆمپانیا بەناوبانگەکان دەتوانن کاڵا و بەرھەمەکانی خۆیان لەو بەڕێوەبەراتییە تۆمار بکەن و گوتی: "تا ئێستا ١٠ ھەزار و ٥٠٠ ھێمای بازرگانیی لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆمارکردنی ھێما بازرگانییەکان لە وەزارەرتی بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان تۆمار کراوە".
راشیگەیاند کە وەزارەتی بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان یاساکانی لە بواری بازرگانیی، پیشەسازیی و کۆمپانیاکان ھەموار کردووەتەوە و کە ئەمەیش لوبی زیاتر داوەتە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانێت دەرفەتی زیاتر بۆ بازرگانانی بیانی برەخسێنێت و گوتی: "بەپێی یاسای بازرگانیی و پیشەسازیی ھەرێمی کوردستان، خاوەن کاری بیانی دەتوانێت پشکەکانی لە ھەرێمی کوردستان بە ناوی خۆیەوە تۆمار بکات کە ئەمەیش رێگایەکە بۆ ئەوەی بازرگانانی بیانی زیاتر بۆ ھەرێمی کوردستان رابکشێن".
سەروەر کەمال گوتیشی: "بەپێی دەستووری عێراق، پەیوەندییەکی باشمان لە بواری بازرگانیی ناوخۆ و دەرەکیی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵییدا ھەیە، ھەروەھا وەزارەتی بازرگانیی عێراق ھەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی ببێت بە ئەندام لە رێکخراوی بازرگانیی جیھانیی کە ئەمەیش ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".
لای خۆیەوە سەرۆکی یەکێتیی ژوورە بازرگانیی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان، دارا جەلیل خەیات لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان رایگەیاند، ئەمڕۆ لە شاری ھەولێر، دیداری ئابووریی و بازرگانیی بە بەشداری ژمارەیەک کۆمپانیای ئەڵمانی و ژمارەیەک کۆمپانیای ناوخۆی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.
ئاماژەی بەوەشدا کە لە میانی دیدارەکە، گفتوگۆکراوە لەبارەی ھاندانی کۆمپانیا ئەڵمانیاکان بۆ ئەوەی روو لە ھەرێمی کوردستان بکەن و لە بوارە جیاجیاکاندا وەبەرھێنان بکەن.
دارا جەلیل خەیات باسی لەوەیش کرد کە کۆمپانیا ئەڵمانیاکان لە زۆربەی سێکتەرەکان لە کوردستان وەبەرھێنان کردووە و گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئاسانکاریی تەواوی بۆ کۆمپانیا بیانییەکان دەکات، ئەمەیش ھەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ئابووریی ھەرێمی کوردستان".
گوتیشی: "لەسەر داوای ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، بڕیارمانداوە لە ٢٩ی تەمووزی ئەمساڵ ئامادەکاریی بکەین بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی یەکێتیی ژوورە بازرگانیی و پیشەسازییەکانی ھەرێمی کوردستان و ھیوادارین پرۆسەکە ببێتە مایەی پێشخستنی کارەکانی یەکێتییەکە".