جيهان, ئابووری, عێراق

دوو کۆمپانیای ئەمریکی وەبەرهێنانی نوێ لە کێلگە نەوتی و غازییەکانی هەرێم دەکەن

بە مەبەستی پەرەپێدان بە کێڵگەکانی غازی میران و تۆپخانە لە پارێزگای سلێمانی، حکوومەتی هەرێم دوو گرێبەستی لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی واژوو دەکات.

Fakhradin Ibrahim Mohammad  | 20.05.2025 - نوێکردنەوە : 20.05.2025
دوو کۆمپانیای ئەمریکی وەبەرهێنانی نوێ لە کێلگە نەوتی و غازییەکانی هەرێم دەکەن

Arbil

هەولێر - AA

دوو کۆمپانیای ئەمریکی بە پێی دوو گرێبەستی جیاواز، لە بواری پەرەپێدان بە کێڵگە نەوت و غازییەکانی هەرێم وەبەرهێنان دەکەن.

لە میانی سەردانەکەیدا بۆ ئەمریکا، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان-عێراق، مەسرور بارزانی سەرپەرشتی واژوو کردنی دوو ڕێککەوتننامە لەگەڵ دوو کۆمپانیای ئەمریکی کرد بۆ ئەوەی لە بواری وزەدا لە هەرێم وەبەرهێنان بکەن.

بە پێی ڕاگەیاندراوێکی حکوومەتی هەرێم، "ئێوارەی دوێنێ دووشەممە ١٩ی ئایار، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەکەیدا بۆ ئەمریکا، لە ڕێوڕەسمێکدا لە ژووری بازرگانی ئەمریکا لە واشنتۆن، سەرپەرشتی و چاودێريی ڕێوڕەسمی واژووکردنی دوو ڕێککەوتننامەی گرنگی لە بواری وزەدا کردووە".

لە هەواڵەکەدا هاتووە کە، هەردوو کۆمپانیای ئەمریکی ئێچ کەی ئێن ئینێرجی HKN Energy و وێستێرن زاگرۆس WesternZagros، بە جیا دوو ڕێککەوتننامە لە بواری پەرەپێدانی کەرتی نەوت و غازی هەرێم، لەگەڵ حکوومەتی هەرێم واژوو دەکەن.

بە پێی ئەم هەواڵە، بەهای ڕێککەوتنەکان بە"دەیان ملیار دۆلار" خەملێندراوە و جەخت لەوەش کراوەتەوە کە ڕێککەوتنەکان کاریگەرییەکی دیار و ئەرێنیيان لەسەر پێشخستنی کەرتی نەوت و وزە و ژێرخانی ئابووريی هەرێمی کوردستان دەبێت.

لە ڕاگەیەندراوێكی هاوبەشی حکوومەتی هەرێم و هەردوو کۆمپانیاکەشدا هاتووە کە، کۆمپانیای HKN Energy بە مەبەستی پەرەپێدان بە کێڵگەی غازی میران لە پارێزگای سلێمانی، گرێبەستی لەگەڵ حکوومەتی هەرێم واژوو کردووە.

بە پێی ڕاگەیاندراوە هاوبەشەکە، "له‌ كێڵگه‌كه‌دا مه‌زنده‌ ده‌كرێت هه‌شت ترلیۆن پێ سێجا غازی سرووشتی هه‌بێت کە به‌ چه‌ند قۆناغێك جێبه‌جێ ده‌كرێت و مەبەست لێی دابینکردنی غازە بۆ خواستی ناوخۆیی و هەروەها ئاسایشی وزه‌ی ناوچه‌كه‌".

هاوکات وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێم کەمال محەمەد ڕایگەیاند، گرێبەستی دووهەمی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیای وێسترن زاگرۆس دەکرێت کە پەیوەستە بە کێلگەی نەوت و گازی تۆپخانە.

کێڵگەی تۆپخانە دەکەوێتە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان.

کەمال محەمەد ڕاشیگەیاند، کۆمپانیا ئەمریکییەكه پێشتر لە کێلگەی کوردەمیر (پارێزگای سلێمانی) کاری دەکرد، بۆ کێلگەی تۆپخانەش، گرێبەست لەگەڵ هەمان کۆمپانیا واژوو دەکرێت بە مەبەستی زیادکردنی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لەو کێلگەیەدا.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın