Heman Hussein Yaseen
21 کانوونی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 22 کانوونی یەکەم 2022
هەولێر - AA
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا کە لە ماڵپەڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە کە تا ١٩ی کانوونی یەکەم، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، ٣٦ ملیۆن و ٨٦٩ ھەزار ٤٠٠ لیتر نەوتی سپی لە سەرانسەری ھەرێمی کوردستان دابەشکردووە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەپێی دوایین ئاماری وەبەرھێنانی کانزایی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، تاوەکو ١٩ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، ١٨٤ ھەزار و ٣٤٧ خێزان لە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی سوودمەندبوون و پرۆسەکەش لە ناوچە شاخاوییەکان بەردەوام دەبێت.
راشیگەیاندووە لە سنووری پارێزگای ھەولێر، نۆ ملیۆن و ٩٢٤ ھەزار لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و تیایدا ٤٩ ھەزار و ٦٢٠ خێزان سوودمەندبوون، هاوکات لە سنووری پارێزگای دھۆک، ١٠ ملیۆن و ٦٤١ ھەزار و ٦٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و تیایدا ٥٣ ھەزار و ٢٠٨ خێزان، سوودمەندبوون، هەورەها لە سنووری پارێزگای سلێمانی و ھەڵەبجەش، ١٦ ملیۆن و ٣٠٣ ھەزار و ٨٠٠ لیتر نەوتی سپی دابەشکراوە و تیایدا ٨١ ھەزار و ٥١٩ خێزان سوودمەندبوون.
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە حکوومەت بڕی ٧٠ ملیار دیناری بۆ کڕینی نەوتی سپی تەرخانکردووە و بەشێوەی تەندەر ٣٢٠ ھەزار بەرمیلی بە نرخی ٢٨٤ ھەزار دینار بۆ ھەر بەرمیلێک دابینکردووە، ھەروەھا پاڵپشتیی حکوومەت بۆ نرخی ھەر بەرمیلێک دەگاتە سەدا ٦٥ و هاووڵاتییان تەنیا سەدا ٣٥ی نرخەکەی دەدەن.