ھەولێر
بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق ئەندازیار ئەحمەد عەبدولئەمیر شەماع، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی AA راگەیاند: "بەھۆی پەیداکردنی پسپۆڕی و بوونی کادیری باشی پیشەسازیی نەوتیی عێراقی و ھاتنی کۆمپانیا بیانییە زەبەلاحەکانی نەوت، ھەرێمی کوردستان لە پیشەسازیی نەوتیدا لە گەشەسەندندایە."
شەماع کە لە ساڵی ٢٠٠٤ەوە تا کۆتایی ٢٠١٢ بریکاری وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ کاروباری پاڵاوگەکان بووە بە پێچەوانەی بەرپرسانی دیکەی سامانە سروشتییەکانی عێراق بە گەشبینییەوە دەڕوانێتە یەدەگی نەوتیی ھەرێمی کوردستان و دەڵێ: "ئەگەر رووپێوی تەواو و باش بۆ ھەموو پێکھاتە نەوتییەکانی ھەرێمی کوردستان بکرێ ئەوا ئەو یەدەگەی ئێستا راگەیەنراوە بۆ دوو ھێندە زیاد دەکا."
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی ھەرێم لەپاش ساڵی ٢٠٠٣ەوە زیاتر لە پەنجا گرێبەستی بەبێ حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا ئیمزا کردووە، یەدەگی نەوتیی ھەرێم لە سێ پارێزگاکەی ھەولێر، سلێمانی، دھۆک بە ٤٥ ملیار بەرمیل دەخەمڵێنێ.
ئەم قسانەی شەماع، راوێژکاری کاروباری نەوت و غاز، ھەموو ناوچەکانی دیکەی عێراقیش دەگرێتەوە، چونکە بە قسەی ئەو دواین ھەڵمەتی چڕی رووپێوکردنی جیۆلۆجیی عێراق بۆ دۆزینەوەی نەوت بۆ حەفتاکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، کە شەڕی ئێران و کوێت و ئابڵوقەی ئابووری ئەم وڵاتەیان لە پیشەسازیی نەوتدا دەیان ساڵ گەڕاندە دواوە و زیاتر لە ٣٠ ساڵ دەبێت رووپێوی نەکردووە.
یاسایی بوون و نەبوونی گرێبەستە نەوتییەکانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان کە خۆی لە زیاتر لە ٥٠ گرێبەست دەدات کرۆکی ناکۆکییە درێژخایەنەکەی نێوان حکومەتی ناوەندیی عێراق و ھەرێمی کوردستانە.
ھەردوو لایەنی عێراقی و کوردی لێکدانەوەی جیاواز بۆ ھەڵوێستی دەستوور لە ئیمزاکردنی گرێبەستی دەرھێنانی نەوت لەلایەن ھەرێمەوە دەکەن و تائێستایش یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق دەرنەچووە و ھەرێم بەپێی یاسای نەوت و غازی خۆی کا دەکا.
شەماع کە چەندین ساڵە لە جۆری ئەو گرێبەستانەی حکومەتی ھەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی دەکات کاری کردووە، ئەو گرێبەستانە کە بە "ھاوبەشی" دەناسرێن بە خراپ نازانێ، لەگەڵ ئەوەی دەڵێ: "یەک خاڵی نێگەتیڤی ھەیە ئەویش ئەوەیە کاتێک نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە دەوڵەت ھەست بە ستەم دەکا، چونکە قازانجی کۆمپانیا زیاد دەکا، پێچەوانەکەش راستە."
لە ئێستادا ئەو گرێبەستانەی حکومەتی عێراق لەگەڵ کۆمپانیاکاندا ئیمزایان دەکا گرێبەستی خزمەتگوزارییە کە بریتییە لە پارەدان بە کۆمپانیاکان بۆ بەجێ گەیاندنی کردارەکانی گەڕان و دۆزینەوەی نەوت، بەڵام ئەوانەی ھەرێم بەشداریپێکردنی کۆمپانیا بیانییەکانە لە بەرھەمی دەرھاتووی نەوت بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بەپێی گرێبەستەکان.
حکومەتی فیدڕاڵیی عێراق گرێبەستە نەوتییەکانی ھەرێم بە نایاسایی دەزانێت و پێیوایە ھەرێم دەیەوێ لەو بوارەدا سەربەخۆ بێ، ھەربۆیە چەندین کۆمپانیای لەوانەی لەھەرێمدا گرێبەستیان ھەیە خستووەتە لیستی رەشەوە.
ئەو شارەزایەی کەرتی نەوت و غازی عێراق باس دێتە سەر ھۆکارەکەی پاشکەوتوویی کەرتەکە لە عێراق و ئەنجامنەدانی رووپێویی نوێ، شەڕەکانی عێراق لەگەڵ ئێران و کوێت، بەتاڵانبردنی نەوت لەپاش ساڵی ٢٠٠٣، گەندەڵی بە ھۆکاری سەرەکیی ئەو پاشکەوتووییە دەزانێت.
بریکارەکەی پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق بڕوای وایە، ئەگەر حکومەتی ناوەندیی کرێی کۆمپانیا نەوتییە بیانییەکانی نێو ھەرێم بدا، ئەوا پێدەچێت ھەرێمی کوردستان نەوتی خۆی لە چوارچێوەی عێراقدا ھەناردە بکات، بەڵام ئەگەر نەیدات ئەوا ھەرێم بەسەربەخۆیی لەڕێی ئەو بۆرییە نەوتەی بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ تەواو ببێ و نەوتی کێڵگە نەوتییەکانی ھەرێم بۆ تورکیا بگوێزێتەوە، نەوتەکەی دەنێرێتە دەرەوە.