Zana Natık Kerem
10 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 10 تشرینی دووەم 2022
هەولێر – AA
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل رایگەیاند کە هەر لەسەرەتاوە، حکوومەتی هەرێم بەتایبەتی کابینەی نۆیەم، نیازی جیددی هەبووە بۆ رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی عێراق و گوتی: "دەمانەوێت لەگەڵ حکوومەتی عێراقدا لەبارەی پرسی نەوت، بگەینە رێککەوتنێکی هاوبەش".
جووتیار عادل لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا تیشکی خستەر سەر هەوڵەکانی حکوومەتی هەریم بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵیی و رایگەیاند کە لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیراندا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هەروەها ئەو رێککەوتنە کرا کە لایەنە سیاسییەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق واژوویان کردووە و لە ئەنجوومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەر دراوە و گوتی: "حکوومەتی هەرێم هەر لەسەرەتاوە، بەتایبەتی کابینەی نۆیەم، نیازی جیددی هەبووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵییدا رێکبکەوێت، بەڵام بەداخەوە لەبەر هەندێک بەربەستی سیاسیی نەگەیشتنە رێککەوتن".
ئاماژەی بەوەیشدا کە ئێستایش، حکوومەتی هەرێم بە جیددی هەوڵدەدات لەگەڵ بەغدا کار بکات و رێکبکەوێت و گوتی: "شاندی حکوومەتی هەرێم پێکبهێنراوە کە بەم نزیکانە سەردانی بەغدا دەکات، بۆ ئەوەی لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیدراڵیی گفتوگۆ بکات لەسەر ئەو خاڵانەی کە لە رێککەوتنە سیاسییەکەدا هاتووە و ئەنجوومەنی نوێنەرانیش دەنگی لەسەر داوە، ئەم بابەتانە بەشێکی پەیوەستە بەلایەنی جێبەجێکردن و بەشێکیشی پەیوەستە بە لایەنی یاسادانان".
گوتیشی: "ئەوەی پەیوەستە بە لایەنی جێبەجێکردنەوە، خۆی لە کۆمەڵێک بابەت دەبینێتەوە لەنێویاندا بابەتی بوودجە، نەوت، ماددەی ١٤٠".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیشی وەبیرهێناویەوە کە پێشتر حکوومەتی هەرێم لەبارەی بوودجەوە لەگەڵ حکوومەتی عێراق رێککەوتووە و رایگەیاند کە حکوومەتی هەرێم هەوڵدەدات، شایستە داراییەکانی هەرێم بەپێی دەستوور لە یاسای بوودجەی فیدراڵیی جێگیر بکات.
جووتیار عادل لەبارەی پرسی نەوتەوە گوتی: "دەمانەوێت لەگەڵ حکوومەتی عێراق لەبارەی پرسی نەوتەوە بگەینە رێککەوتنێکی هاوبەش".
گوتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، جووتیار عادل باسی لەوەش کرد کە لەچوارچێوەی رێککەوتنە سیاسییەکەدا، پێشنیازیان کردووە کە لە ماوەی شەش مانگدا، یاسای نەوت و گاز لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، هەروەها یاسای دادگای باڵای فیدراڵیی کە تا ئێستا یاسای نییە و یاسای ئەنجوومەنی ئیتیحادی کە ئەوەیش یەکێکە لە تایبەتمەندییەکانی سیستەمی فیدراڵیی دەربکرێن.