Heman Hussein Yaseen
08 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2019
هەولێر - AA
لە هەولێر کۆنفرانسی بەندەری لیماکپۆرت ئیسکەندەرۆن بۆ کار و لۆجستیک بەڕێوەچوو کە تیایدا بەشێک لە بەرپرسانی حکوومەت و بازرگانان بەشداربوون و ئامانج لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسەکەش راگەیاندنی گرێبەستێک بوو سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەندەری ئیسکەندەرۆن سەربە پارێزگای هاتای.
سەبارەت بە کۆنفرانسەکە، بەڕێوەبەری گشتی لیماکپۆڕت ئیسکەندەرۆن، گوندوز ئاریسۆی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەم کۆنفرانسەدا بۆ بازرگانان و وەبەرهێنەران باسی ئەوەمان کرد کە بەندەری لیماکپۆرت ئیسکەندەرۆن چ سوودێکی هەیە، لیماکپۆرت ئیسکەندەرۆن نزیکترین بەندەرە لە هەرێمی کوردستان، ئەم بەندەرە لە رووی لۆجستیکییەوە خەرجی کەمتر و ماوەی کورتتر بۆ بازرگانان دابین دەکات".
هاوکات بەڕێوەبەری کۆمپانیای هانزۆ ئاماژە بەوە دەکات کە گرێبەستێکی بازرگانییان لەگەڵ بەندەری ئیسکەندەرۆن واژووکردووە بۆ ئەوەی بارەکانییان لە رێی ئەو بەندەرەوە بگوازنەوە بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و لەمبارەیەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیای ھانزۆ، فەلاح ئەنوەر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "توانیمان گرێبەسێک واژوو بکەین لەگەڵ بەندەری ئەسکەندەرۆن لە تورکیا کە لەمەودوا بارەکانمان بگوازینەوە بۆ ئەوێ لەبەر چەند ھۆیەک کە نرخەکان ھەرزانتر رادەوەستێت و لە بەندەری ئیسکەندەرۆن خزمەتگوزارییەکان باشترە و لە مێرسین قەرەباڵغییەکی زۆرە و بارەکان دوادەکەون، بەڵام لە ئیسکەندەرۆن کێشەمان کەمترە".
فەلاح ئەنوەر گوتیشی: "بەھۆی ئەوەی بەندەری ئەسکەندەرۆن شوێنەکە کورتترە ئەوا کاریگەری لەسەر نرخ دەبێت، لەبەر ئەوەی مەودای دوو کاتژمێر نزیکترە، بەھۆی ئەوەی گرێبەستمان کردووە ئەوا ئەو ئۆتۆمبێلانەی دەردەچن ھەموویان نزیکەی سەد تا ٢٠٠ دۆلار ھەرزانترە".
وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کەرتی گواستنەوە و گەیاندن پەیوەستە بە گشت کارەکان کە وڵاتان پێکەوە دەبەستێتەوە و کاریگەری هەیە لەسەر کەرتی کشتوکاڵ، گەشتوگوزار و بازرگانی".
ئانۆ جەوهەر عەبدۆکا گوتیشی: "مینای ئەسکەندەرۆن ١٢٥ کیلۆمەتر نزیکترە بۆ هەرێمی کوردستان لەچاو مێرسین، نرخەکان کەمترە و ئەمەش رەنگدانەوەی باشتر دەبێت لەسەر هەرێمی کوردستان و پشتگیری کەرتی تایبەت دەکەین".
بەندەری ئیسکەندەرۆن دەکەوێتە سنووری پارێزگای هاتای باشووری تورکیا کە هاوسنوورە لەگەڵ سووریا و رووبەری بەندەرەکە یەک ملیۆن مەتر دووجایە، یەکێکە لە بەندەرە گەورەکانی تورکیا و رۆژانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ ناوخۆ و دەرەوەی تورکیای لێ دەکرێت.