Rewa Mahmood Hasan
08 کانوونی یەکەم 2019•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2019
سلێمانی-AA
لەسەر سکاڵایەکی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، دادوەر بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری کەناڵیNRT دەردەکات.
دوای ئەوەی کە لە مانگی ئاداری رابردوودا راپۆرتێک لەسەر دوو توێژینەوەی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی لە کەناڵەکە بڵاودەکرێتەوە، لەسەر سکاڵایەکی سەرۆکی زانکۆی سلێمانی، دادوەر فەرمانی دەستگیرکردن بۆ شوان عادل دەردەکات.
جێگری بەڕێوەبەری NRT، هونەر ئیحسان لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە شوان عادل وەک بەرێوەبەری NRT لەلایەن داداوەرەوە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، هۆکاری دەستگیرکردنەکەی دەگەڕێتەوە بۆ راپۆرتێک کە لەمانگی سێدا لە NRT بڵاو کراوەتەوە لەسەر سەرۆکی زانکۆی سلێمانی.
بەپێی گوتەی هونەر ئیحسان لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە کە سەرۆکی زانکۆ دوو توێژینەوەی لە دوو گۆڤاردا بڵاوکردۆتەوە، یەکێکیان ساختەیە و ئەوی دیکەشیان ناوی لە لیستی گۆڤارە باوەڕپێکراوەکاندا نییە.
جێگری بەڕێوەبەری NRT رایگەیاند کە فەرمانی دەستگیرکردنە بۆ دوو هەفتەیە.
ئاژانسی ئانادۆڵو زانیوێتی کە دوای ئەوەی بەڕێوەبەری NRT، شوان عادل ئاگادارکردنەوەی بۆ رەوانەکراوە لەلایەن دادوەرەوە، خۆی سەردانی دادوەری کردووە و لەوێ بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ دوو هەفتە دراوە.