Mesut Varol,Muhammet Ali Kemal
22 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 23 کانوونی یەکەم 2018
وان - AA
له شارۆچكه‌ی ئه‌دره‌میتی وان، حه‌سه‌ن دۆغار كه له رێگه‌ی ئه‌و دوو قازه‌ی بۆ منداڵه‌كانی كڕی ده‌ستی به به‌خێوكردنی قاز كرد، له ماوه‌ی دوو ساڵدا توانی هه‌زار و ٥٠٠ قاز بهخێبكات و ئه‌و كێڵگه‌یه دابمه‌زرێنێت كه له خهیاڵیدابوو.
حه‌سه‌ن دۆغاری ته‌مه‌ن ٥٠ ساڵ له‌نێو باخچه‌ی ماڵه‌كه‌یاندا ده‌ست به به‌خێوكردنی ئه‌و دوو قازه كرد كه دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر بۆ مناڵه‌كانی كڕین.
له‌ماوه‌ی دوو ساڵدا توانی ژماره‌ی قازه‌كان بۆ هه‌زار و ٥٠٠ قاز به‌رزبكاته‌وه و به‌ره به‌ره قازی نوێ بكرێت. دوای ئه‌وه‌ش كه ژماره‌یان زیادیكرد و چیتر له باخچه‌كه‌دا جێگه‌یان نه‌ده‌بوویه‌وه، كارگه‌یه‌كی كۆنی پشگوێخراوی بزماری به‌كرێگرت و كردییه ئه‌و كێڵگه‌یه‌ی كه هه‌ر له مناڵییه‌وه ده‌یویست درووستیبكات.
دۆغار له‌رێگه‌ی فرۆشتنی ژماره‌یه‌ك له ئاژه‌ڵه‌كانه‌وه، داهاتی ده‌ستده‌كه‌وێت و ئامانجی ئه‌وه‌یه له داهاتوودا به‌ڕووی بازاڕی ده‌ره‌وه‌ی توركیادا بكرێته‌وه.
له لێدوانێكدا بۆ په‌یامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو دۆغار ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد له‌ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌ستی به خوێندنه‌وه سه‌باره‌ت به به‌خێوكردنی قاز له ئینته‌رنێتدا كردووه و هاوكاریی له هاوڕێیه‌كی كه پزیشكی ڤێتێرنه‌رییه وه‌رگرتووه.
دۆغار باسی له‌وه‌كرد ژماره‌ی قازه‌كانی كێڵگه‌كه‌ی تا دێت روو له زیادبوون ده‌كات و گوتی:
"له‌گه‌ڵ دامه‌زراندنی كێڵگه‌كه‌دا دوو ئامێری هه‌ڵهێنانی هێلكه‌م كڕی و هێڵكهكانم تێده‌كردن. ئامێره‌كان ده‌ستیان به هه‌ڵهێنانی هێلكه‌كان كرد و ئه‌مه دڵخۆشییه‌كی زۆری پێ به‌خشیم. دواتر له به‌رهه‌مهێنان به‌رده‌وام بووم تا ژماره‌یان گه‌یشته هه‌زار و ٥٠٠ قاز له ماوه‌یه‌كی كورتدا. هه‌زار دانه‌م لێ فرۆشتن. له ئێستادا ٥٠٠ قازم ماون. ئامانجمان ئه‌وه‌یه حه‌وت هه‌زار قاز به‌رهه‌مبهێنین. كارێكی زۆر پڕ قازانجه".
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه كه ئامانجیان ئه‌وه‌یه قاز هه‌نارده‌ی عێراق و هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن.