İsmail Kaplan
22 ئاب 2022•نوێکردنەوە: 24 ئاب 2022
قەرس - AA
پارێزگای قەرس لە رووی بەخێوکردنی قازەوە لە ریزبەندی یەکەمی تورکیادایە، بەرلە هاتنی وەرزی زستانیش خاوەن قازەکان، پەلەوەرەکانیان دەبەنە کێڵگەکان تا قەڵەو ببن و بۆ زستان تام و چێژێکی زۆریان هەبێت.
بەخێوکردنی قاز یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی بژێوی گوندنشینانی پارێزگای قەرس، ئەو بێچووە قازانەشی لە مانگی نیساندا لە هێلکە هاتوونەتەدەر، تا مانگی تشرینی دووەم بەشێوەیەکی ورد و تایبەت بەخێو دەکرێن.
جووتیارەکان لەگەڵ منداڵەکانیان، بە درێژایی رۆژ قازەکانیان دەبەنە کێڵگەکان تا بەباشی لە گژوگیای تەڕ بخۆن و بۆ وەرزی زستان قەڵەو ببن.
بەم شێوەیەش لە وەرزی زستاندا لە هەموو لایەکی تورکیاوە، خواست لەسەر قازی پارێزگای قەرس دەبێت.
- لەمساڵدا نزیکەی ٣٥٠ هەزار قاز سەردەبڕدرێن
ساڵانە لە پارێزگای قەرس ژمارەی قاز زیاد دەکات و ئەمساڵیش پێشبینی دەکرێت لە وەرزی زستاندا، ٣٥٠ هەزار قاز سەرببڕدرێن.
هاووڵاتی مورڤەت شەیهان کە قاز بەخێودەکات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی لەوە کرد کە قازەکانیان دەهێنن بۆ ئەو کێڵگانەی بەرهەمەکانیان دوراونەتەوە، تا ئەو دانەوێڵانە بخۆن کە لە دوای دروێنەکردن لە کێڵگەکاندا جێماون.
مورڤەت شەیهان گوتی: "هێلکەی قازەکان لە بەهاردا دەتروکێن، ئێمە بەخێویان دەکەین و تا گەورە دەبن بەشێوەیەکی تایبەت گرنگییان پێ دەدەین. لە بەهاردا دوای ئەوەی ڤاکسینیان پێ دەدرێت، لەناو سەوزاییدا دەیانلەوەڕێنین. لەبەر ئەوەی بچووکن بەرگەی گەرمای زۆر ناگرن بۆیە ناتوانن کاتێکی زۆر لە دەرەوە بمێننەوە، کاتێکیش کەمێک گەورەتر دەبن بە گەنم و جۆی بەجێماوی ناو کێڵگەکان دەیانلەوەڕێنین".

- "دوای ئەوەی بەفریان خوارد دەست بە سەربڕینیان دەکەین".
مورڤەت شایهان دەربارەی کاتی سەربڕینی قازەکانیش گوتی: "دوای ئەوەی قازەکان بەفریان خوارد دەست بە سەربڕینیان دەکەین. دوای گەنم و جۆ خواردنی بەفر وا دەکات گۆشتی قازەکان زۆر خۆش بێت. بەشێک لەو قازانەی سەریان دەبڕین، دەیانفرۆشین، بەشێکی دیکەشیان پێشکەشی خزم و دۆستانمان دەکەین".
