Rewa Mahmood Hasan
14 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 19 تشرینی یەکەم 2020
سلێمانی - AA
دوای ئەوەی کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەرێگەی وەزارەتی داراییەوە داوای لە سەرجەم فەرمانگەکان کردووە کە لیستی موچەی مانگی ٩ ئامادە بکەن، بەمەش موچەی مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران، تەمموز و ئاب نادرێت، زۆرێک لە بانکە حکوومییەکانی هەرێمی کوردستان دەستیان دایە بایکۆت کردنی دەوام و داوای مووچە دواکەوتووەکانیان دەکەن جگە لەو مووچە دەبڵانەی کە دەبوو لەمانگەکانی نیسان و ئابدا پێیان بدرێت.
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، کارمەندی بانکی هەرێم لە سلێمانی کە ماوەی دوو رۆژە دەستیان داوەتە مانگرتن، ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان مووچەکانیان دەوێت، تاوەکو مووچە وەرنەگرن دەست ناکەنەوە بە دەوام کردن.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان وەک کارمەندی بانکەکان،ساڵانە سێ موچەی بنەڕەتی زیادە وەردەگرن بۆ ئەمساڵ یەک جار دراوە ئەویش لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩ بوو لە مانگی ئاداری ئەمساڵ دابەش کراوە و بۆ ساڵی ٢٠٢٠ هیچ مووچەیەکی زیادە سەرف نەکراوە بۆ بانکەکان، هەروەک ئەمەشی بە ناحەقی ناوبرد لەبەرامبەر کارمەندانی بانکەکان.
لەئێستادا ژمارەیەکی زۆر فەرمانگەی حکوومی لە سنووری پارێزگای سلێمانی بڕیاریان داوە دەوام نەکەن و بایکۆتی دەوامیان راگەیاندووە تاوەکو ئەو کاتەی مووچەکانیان بێ لێبڕین پێ دەدرێت.