Zana Natık Kerem
20 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
بانکی ناوەندی عێراق، نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕدا جێگیرکرد و رایگەیاند کە لە ئەمڕۆ یەکشەممە، ھەزار و ٤٧٠ دیناری عێراقی بەرامبەربە یەک دۆلاری ئەمریکی، مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بانکی ناوەندی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە بۆ لەبەرچاوگرتنی گۆڕانکارییەکان سەبارەت بە ئاڵوگۆڕی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دیناری عێراقی لە بازاڕدا لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی جێگیرکردووە.
بەپێی راگەیەنراوەکە لە ئەمڕۆ یەکشەممەوە، نرخی کڕینی دۆلاری ئەمریکی لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ھەزار و ٤٥٠ دیناری عێراقی دەبێت و باسی لەوەشکراوە کە یەک دۆلاری ئەمریکی لە میانی فرۆشتنی ئاشکرا بە بانکەکان بە ھەزار و ٤٦٠ دیناری عێراقی دەفرۆشرێت.
ئاماژە بەوەیشدراوە کە یەک دۆلاری ئەمریکی لەلایەن بانکەکانەوە بە فرۆشگاکانی ئاڵوگۆڕی دراو بە ھەزار و ٤٧٠ دیناری عێراقی دەفرۆشرێت.
لە کۆتایی راگەیەنراوەکەدا داوا لە ھەموو لایەک کراوە کە پابەندبن بەو بڕیارە و جەختیش کراوەتەوە لەوەی کە ئەوە، نرخی کۆتایی بەھای دیناری عێراقییە بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕدا و ھیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نایەت.