Zana Natık Kerem
28 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 28 ئاب 2023
ھەولێر – AA
کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، مارک سترۆ ڕایگەیاند کە دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە و ھیوای خواست کە بە ھاوبەشیی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یاسای نەوت و غاز ئامادە و پەسند بکرێت.
بەپێ ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتی کارەبای ھەرێمی کوردستان، وەزیری کارەبای ھەرێمی کوردستان و وەزیری سامانە سرووشتییەکان بە وەکالەت، کەمال محەمەد پێشوازیی کردووە لە کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، مارک سترۆ.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە لە کۆبوونەوەکەدا، دۆسیەکانی کەرتەکانی کارەبا و نەوت لە ھەرێمی کوردستان خراونەتە بەرباس.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەدا خراوەتەڕوو لە میانی کۆبوونەوەکەدا، کۆنسولی گشتیی ئەمریکا لە ھەولێر، مارک سترۆ ڕایگەیاندووە، دۆسیەی نەوت و غازی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەمریکا زۆر گرنگە و ھیوای خواستووە کە بە ھاوبەشیی نێوان حکوومەتی عێراق و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یاسای نەوت و غاز ئامادە و پەسند بکرێت.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پرسی ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان.
لە ٢٥ی ئاداری ئەمساڵەوە تا ئێستا ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیھانی تورکیا وەستاوە و بەمھۆیەوە بەشێک لە کۆمپانیاکانی نەوت لە ھەرێمی کوردستان خەرجییەکانیان کەمکردووەتەوە و داوای دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
لە کۆتایی مانگی تەمووز، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی ھەرێمی کوردستان کە ئەندامەکانی بریتین لە کۆمپانیاکانی (DNO، گەنەڵ ئینێرجی، گۆڵف کیستۆن پترۆلیۆم، HKN ئینێرجی و شاماران پترۆلیۆم) ڕایانگەیاند، لە ساڵی ٢٠٢٣دا پلانی خەرجییەکانیان لە ھەرێم بە نزیکەی ٤٠٠ ملیۆن دۆلار کەمکردووەتەوە.