Deniz Çiçek Palabıyık
28 ئاب 2023•نوێکردنەوە: 29 ئاب 2023
ئەنقەرە - AA
وەزیری بازرگانی تورکیا، عومەر بۆڵات ئاماژەی بەوە کرد کە سبەی لەگەڵ نوێنەرانی دامەزراوەکانی چەتری جیهانی کار سەردانی عێراق دەکات.
بەپێی ئەو زانیارییەی لە وەزارەتی بازرگانیی تورکیاوە دەستکەوتووە، تورکیا سەرلەنوێ پەیوەندییە ئابوورییەکانی لەگەڵ عێراق دەبوژێنێتەوە کە یەکێکە لە گرنگترین وڵاتەکان لە ڕووی بازرگانی دەرەوە تورکیا.
سبەی وەزیری بازرگانی تورکیا بۆڵات بە یاوەری شاندێک لە بازرگانان سەردانی عێراق دەکات.
لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، بۆڵات چاوی دەکەوێت بە سەرکۆماری عێراق، عەبدوللەتیف ڕەشید و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە، محەمەد شیاع سوودانی.
هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا، وەزیری بازرگانیی تورکیا بۆڵات کۆبوونەوەی دووقۆڵی لەگەڵ هەریەک لە وەزیری بازرگانی عێراق، ئەسیر داود سەلمان ئال غرێری و وەزیری پلاندانان، محەمەد عەلی تەمیم و وەزیری گواستنەوە، ڕەزاق محیبس و وەزیری بنیاتنان و نیشتەجێبوون، بەنگین رێکانی ئەنجام دەدات و بە بەشداری بازرگانان کۆبوونەوەیەکی فراوان ئەنجام دەدات.
لەو سەردانەیدا بۆڵات تاوتوێی هەنگاوەکانی بەهێزترکردنی پەیوەندیيە بازرگانیی و ئابوورییەکان دەکات لەنێوان هەردوو وڵاتدا و، کار دەکرێت بۆ بەهێزکردنی ڕۆڵی کۆمپانیا تورکییەکان لە عێراقدا.
لە ساڵی ٢٠٢٢دا، هەناردەی تورکیا بۆ عێراق بە بەراورد بە ساڵی پێشووتر سەدا ٢٤ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٣،٧ ملیار دۆلار. هەمان ساڵ هاوردە لە عێراقەوە بۆ تورکیا سەدا ٢٤ زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٠،٤ ملیار دۆلار، بەوەیش قەبارەی بازرگانیی ٢٤،٢ ملیار دۆلار بووە. تۆمارەکان لەبارەی هەردوو قەبارەی بازرگانیی و هەناردە بۆ عێراق ژمارەی پێوانەیین.
تا ئەمڕۆ، لەلایەن کۆمپانیاکانی بەڵێندەری تورکیاوە بە بەهای ٣٣،٣ ملیار دۆلار هەزار و ٨٠ پرۆژە لە عێراق جێبەجێ کراوە. بەوەیش عێراق سێیەمین وڵاتە کە کۆمپانیا تورکییەکان زۆرترین پرۆژەی تێدا ئەنجام بدەن.