سياسەت, عێراق

کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق: "تا ئێستا ١٥٠ ملیار دینارمان بۆ خەرج کراوە"

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تا ئێستا، ١٥٠ ملیار دیناریان بۆ خەرج کراوە.

Zana Natık Kerem  | 01.06.2023 - نوێکردنەوە : 02.06.2023
کۆمیسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق: "تا ئێستا ١٥٠ ملیار دینارمان بۆ خەرج کراوە"

Arbil

ھەولێر – AA

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند کە لە رۆژی بەڕێوەچوونی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، ٢٥٠ هەزار فەرمانبەری کۆمیسیۆن بەشداری بەڕێوەبردنی پرۆسەکە دەکەن و ئاماژەی بەوەیشدا کە لەچوارچێوەی ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان تا ئێستا، ١٥٠ ملیار دیناریان بۆ خەرج کراوە.

ئەندامی تیمی راگەیاندن لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، عیماد جەمیل لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق ئاماژەی بەوەداوە، بڕی ١٥٠ ملیار دینار بۆ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان خەرجکراوە کە ئەوەیش بەشی ئەوە دەکات بۆ ئەوەی کۆمیسیۆن دەست بە کارەکانی بکات لەبارەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، چاپکردن و دابەشکردنی کارتەکانی دەنگدان، هەروەها لەچاپدانی پێداویستییەکانی دیکەی دەنگدان.

راشیگەیاندووە، کۆمیسیۆن پێویستی بە بوودجەی دیکە ھەیە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی پێ بدات کە بەشداری لە بەڕێوەبردنی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن و ژمارەیان ٢٥٠ ھەزار فەرمانبەرە و گوتی: "کۆمیسیۆن بۆ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی سەر سندوقەکانی دەنگدان، پێویستی بە ٥٠ ملیار دینار ھەیە لە کاتێکدا لە ھەڵبژاردنەکانی پێشوودا، ٦٠ ملیار دینار بۆ مووچەی فەرمانبەرانی سەر سندوقەکانی دەنگدان خەرج کرابوو".

عیماد جەمیل باسی لەوەیش کرووە لە مانگی تەمووزی داھاتوودا، کۆمیسیۆن دەست بە نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران، چاودێران، بریکارانی قەوارە سیاسیی و میدیاکاران دەکات و گوتی: "ئەگەری ھەیە ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، بەرلە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵدا ئەنجام بدرێت".

دوێنێ چوارشەممە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە دەستی کردووە بە ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکان.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن