جيهان, عێراق

نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی شنگال لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندی و هەرێم لە کۆبوونەوەدایە

بەپێی زانیارییە بەردەستەکان گفتوگۆ لەبارەی پێشھاتی نوێ لە قەزای شنگال دەکرێت و ھەڵبژاردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزاکە یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان دەبێت.

Heman Hussein Yaseen  | 20.08.2023 - نوێکردنەوە : 21.08.2023
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی پرسی شنگال لەگەڵ بەرپرسانی حکوومەتی ناوەندی و هەرێم لە کۆبوونەوەدایە

Arbil

هەولێر - AA

ھەریەک لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، جینین ھێنیس پلاسخارت و ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی لە ھەولێرن و لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ڕێبەر ئەحمەد لە کۆبوونەوەدان.

کۆبوونەوەکە کەمێک پێش ئێستا دەستی پێکردووە و بە پێی زانیارییەکان گفتوگۆکانیش لەسەر دوو تەوەرن کە بریتیین لە باسکردن لە دۆخی شنگال و بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ ناوچە جیاجیاکانی عێراق.

کۆبوونەوەکە لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا دەستی پێکردووە و بەپێی زانیارییە بەردەستەکان گفتوگۆ لەبارەی پێشھاتی نوێ لە قەزای شنگال دەکرێت و ھەڵبژاردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزاکە یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان دەبێت.

ھاوکات بابەتی گەڕانەوەی ئاوارەکان، یەکێکی دیکەیە لە تەوەری گفتوگۆکان و بڕیاریشە لەمبارەیەوە لێکتێگەیشتنێک لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەبێت.

رۆژی نۆی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠، ڕێککەوتننامەیەک لە نێوان ھەرێمی کوردستان و بەغدا دا کراوە و چەند خاڵێکی لە خۆگرتووە و بەپێی یەکێک لە خاڵەکان، ئەوا ئیدارەیەکی ھاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵی و حکوومەتی ھەرێم لە شنگال دروست دەکرێت و دۆسیەی ئەمنیی شارەکە بە پۆلیسی خۆجێی و پاراستنی دەرەوەی شارەکەش بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەسپێردرێت و سەرجەم گرووپە چەکدارییە نایاساییەکان دەچنە دەرەوەی سنووری قەزاکە.

بەرپرسانی باڵا و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ھەرێمی کوردستان لە چەندین بۆنەدا رایانگەیاندووە کە تا ئێستا رێککەوتنەکە جێبەبەجێ نەکراوە، چونکە ھێشتا شنگال لە دەستی کۆمەڵێک ھێز و چەکداردایە کە رێگربوونە لە گەڕانەوەی خەڵک و ئاوەدانکردنەوەی شنگال.

لە چوارچێوەی ڕێکەوتننامەی شنگال و لە بڕگەی کارگێڕییدا ئاماژە بەوەکراوە کە دیاریکردنی قایمقامێکی نوێ بۆ قەزای شنگال کە سەربەخۆ و پیشەیی و دەستپاک بێت و بەپێی ڕێکارە دەستووری و یاساییەکان پەسندکراو بێت، ھەروەھا لەلایەن لیژنەیەکی ھاوبەشی ھەردوولاوە دوای دیاریکردنی قایمقام، چاو بە پێگە کارگێڕییەکانی دیکەدا دەخشێنرێتەوە لەو کارەشدا بنەما پیشەیی و یاساییەکان ڕەچاودەکرێت.
​​

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن