سياسەت, جيهان

ناڕاستەوخۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی سەردانی نهێنیی ناتانیاهو بۆ سعوودیە لەلایەن راوێژکارێکیەوە

راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ناڕاستەوخۆ هەواڵی سەردانی نهێنیی ناتانیاهو-ی بۆ سعوودیە و کۆبوونەوەی لەگەڵ بن سەلمان پشتڕاستکردەوە.

Mustafa Deveci  | 23.11.2020 - نوێکردنەوە : 23.11.2020
ناڕاستەوخۆ پشتڕاستکردنەوەی هەواڵی سەردانی نهێنیی ناتانیاهو بۆ سعوودیە لەلایەن راوێژکارێکیەوە

Quds

قودس - AA

راوێژکاری راگەیاندنی بنیامین ناتانیاهو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، تۆپاز لوک ناڕاستەوخۆ ئەو هەواڵانەی پشتڕاستکردەوە کە لە راگەیاندنی ئیسرائیلدا بانگەشەی ئەوە دەکەن ناتانیاهو بەنهێنیی سەردانی سعوودیەی کردووە و لەگەڵ جێنشینی ئەو وڵاتە، محەمەد بن سەلمان-دا کۆبووەتەوە.

لە پەیامێکیدا کە لە تویتەر بڵاویکردووەتەوە تۆپاز لوک رایگەیاندووە ''لە کاتێکدا (وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، بێنی) گانتس بە سیاسەتەوە سەرقاڵە، سەرۆکوەزیران (ناتانیاهو) ئاشتیی فەراهەم دەکات''.

ئەو پەیامەی تۆپاز لوک بە ناڕاستەوخۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو هەواڵانە لێکدرایەوە کە باس لەوە دەکەن ئێوارەی دوێنێ ناتانیاهو سەردانی شاری نیوم-ی سعوودیەی کردووە و بەنهێنیی لەگەڵ شازادە بن سەلمان-دا کۆبووەتەوە.

لە لایەکی دیکەوە، میدیای ئیسرائیل ئاراستەی ئەو فڕۆکەکەی بڵاوکردەوە کە ناتانیاهو لەگەڵ سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکەی، یۆسی کۆهین بۆ سەردانکردنی سعوودیە بەکاریان هێناوە.

لە هەواڵەکەدا باس لەوە کراوە کە فڕۆکەکە کاتژمێر ١٧:٠٠ بەکاتی ناوخۆ لە تەل ئەبیب-ەوە دەستی بە گەشت کردووە و دوای پێنج کاتژمێر دووبارە گەڕاوەتەوە بۆ ئیسرائیل.

هەروەها میدیای ئیسرائیل بڵاویکردبووەوە کە ناتانیاهو و کۆهین دوێنێ بەنهێنی سەردانی شاری نیۆم-ی سعوودیەیان کردووە و لەگەڵ شازادە بن سەلمان کۆبوونەتەوە.

لە کاتێکدا باس لەوە دەکرێت کە لە کۆبوونەوەکەدا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، مایک پۆمپیۆ ئامادە بووە، هێشتا بەرپرسانی ئیسرائیل هیچ روونکردنەوەیەکیان لەبارەی ئەو هەواڵە بڵاونەکردووەتەوە.

پێشتر میدیای ئیسرائیل بڵاویکردبووەوە ژمارەیەک لە وڵاتانی عەرەبی کە سعوودیەشیان لەنێودایە لە دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی سێی تشرینی دووەمی ئەمریکا دەست بە گفتوگۆ دەکەن لەبارەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ تەل ئەبیب-دا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın