شیکردنەوە, عێراق

شیکردنەوە.. یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان دەبێت بە جێگرەوەی بوودجەی گشتیی عێراق

رۆژی چوارشەممەی رابردوو لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی ئامادەبووی دانیشتنەکە، یاسای پاڵپشتیی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان پەسەندکرا کە بۆ یەکەم جارە لەو وڵاتە دەردەکرێت.

Zana Natık Kerem  | 11.06.2022 - نوێکردنەوە : 12.06.2022
شیکردنەوە.. یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان دەبێت بە جێگرەوەی بوودجەی گشتیی عێراق

Arbil

ھەولێر ــ AA

دوای بڕیارێکی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق کە تیادا ئەوەی یەکلاییکردەوە کە حکوومەتی کاربەڕێکەریی عێراق ناتوانێت پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٢ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات و دەبێت حکوومەتی نوێ ئەو کارە بکات، یاسای پاڵپشتیی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان لەلایەن لیژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران ئامادەکرا.

رۆژی چوارشەممە، ٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ لە دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا، بە زۆرینەی دەنگی ئامادەبووان، یاسای پاڵپشتیی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان پەسەندکرا کە بۆ یەکەم جارە لەو وڵاتە دەردەکرێت.

پێشتر حکوومەتی عێراق پڕۆژەیاسای پاڵپشتیی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک ئامادەکرد کە لە ١٠ ماددە پێکھاتبوو و لە رۆژی نۆی مانگی ئایاری رابردوو لە رێگای وەزارەتی داراییەوە، رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی کرد.

بەڵام دادگای باڵای فیدراڵیی لەسەر سکاڵای پەرلەمانتاری سەربەخۆ لە ئەنجوومەنی نوێنەران، باسم خەشان پڕۆژەیاسای پاڵپشتی خێرای ئاسایشی خۆراکی ھەڵوەشاندەوە.

رێگا دروستەکەی لە ئامادەکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵانە، سەرەتا حکوومەت ئەو ھەنگاوە دەنێت و دواتر رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکرێت بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت، بەڵام بەھۆی ئەوەی تا ئێستا بەھۆی بەردەوامبوونی ناکۆکییەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراق، تا ئێستا حکوومەتی نوێ پێکنەھێنراوە و حکوومەتی ئێستایش بە بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی بە حکوومەتی کاربەڕێکەر لەقەڵەم دراوە.

لە مانگی رابردوودا، دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق ئەوەی یەکلاییکردەوە کە حکوومەتی ئێستای عێراق، حکوومەتێکی کاربەڕێکەرە، ناتوانێت پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٢ رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران بکات و دەبێت حکوومەتی نوێ ئەو کارە بکات.

بۆیە دواتر لێژنەی دارایی لە ئەنجوومەنی نوێنەران یاسای پاڵپشتیی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدانی ئامادەکرد کە تیایدا گۆڕانکاری لەناو و ناوەرۆکی یاساکە کرد و ھەشت ماددەی دیکەی بۆ زیاد کرد.

ــ ناوەرۆکی یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان

لە یاساکەکەدا وەزارەتی دارایی عێراقی پابەند کراوە بەوەی کە ھەژمارێکی بانکی بەناوی "پشتیوانی ئاسایشی خۆراک وپەرەپێدان و پارەدارکردنە داراییەکان و کەمکردنەوەی ھەژاری" دابمەزرێنێت.

یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان لە ١٨ ماددە پێکهاتووە و بڕی ٢٥ تریلیۆن دینار وەک بوودجە بۆ یاساکە تەرخانکراوە.

لە یاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە، وەزیری دارایی بە رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیران بەردەوام دەبێت لە قەرزکردنی نێوخۆیی و دەرەکیی بەمەبەستی پارەدارکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی بەردەوام و ئەوانەی لە قەرزەکانەوە پارەدار دەکرێن بەپێی یاساکانی پێشووی بوودجە، بەبێ ئەوەی گرێبەستی نوێ بکات.

جگە لەوەیش ھەردوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان ناوەرۆکی یاساکە لەرووی دابینکردنی پارەوە جێبەجێ دەکەن و، لە یاساکەدا بەردەوامبوونی کارکردن بە سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکان بەھۆی کردە تیرۆریستییەکانەوە و سندوقی ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای زیقار دووپاتکراوەتەوە.

تایبەت بە داھاتی مەرز و دەروازە سنوورییەکانەوە رێگا بە خەرجکردنی رێژەی سەدا ٥٠ی داھاتی دەروازەکان بۆ ئەو پارێزگا و دەروازانەی کە دەکەونە سنوورەکانییانەوە دراوە، لەنێویاندا دەروازە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، بەو پێیەی ئەو پارانە بۆ خزمەتگوزاریی یان پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لەو پارێزگایانە تەرخان بکرێن، دەبێت رێژەیەک لەو داھاتانە کە لە سەدا ٢٠ کەمتر نەبێت بۆ ئاوەدانکردنەوەی دەروازەکان تەرخان بکرێت.

سەبارەت بە رێوشوێنە چاودێرییەکانیش لە یاساکەدا ھاتووە: "دیوانی چاودێریی دارایی فیدڕالی راپۆرتی وەرزیی لەسەر خەرجییەکان دەبێت و پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات".

بەپێی رەشنووسی کۆتایی یاسای پاڵپشتیی خێرای ئاسایشی خۆراک و پەرەپێدان، شەش تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی بازرگانی تەرخانکراوە، ھەروەھا بۆ باشترکردنی یەکەکانی فۆڕمی خۆراک و کڕینی برنج و گەنم، بڕی پێنج تریلیۆن و ٥٠٠ ملیار دینار و، بۆ شایستەی کڕینی گەنمی جووتیاران، بڕی ٥٠٠ ملیار دینار دابینکراوە.

ھەر لەچوارچێوەی یاساکەدا، دانەوەی قەرزە دەرەکییەکان و قەرزی ھاوردەکردنی کارەبا و کڕینی گاز و وزە، چوار تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی کارەبا تەرخانکراوە و، بۆ پەرەپێدانی ھەرێمەکان، ھەشت تریلیۆن دینار تەرخانکراوە.

ھەروەھا لەچوارچێوەی یاساکەدا، یەک تریلیۆن دینار بۆ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی تەرخانکراوە کە بەپێی رێژەی دانیشتووانی پارێزگاکان دابەش دەکرێت، ھەروەھا بۆ وانەبێژان، فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی یەکەمی زانکۆکان یەک تریلیۆن دینار تەرخانکراوە.

بەپێی یاساکە، بڕی یەک تریلیۆن دینار بۆ پتڕۆدۆلار تەرخانکراوە کە بەسەر پارێزگا بەرھەمھێنەرەکان و ئەو پارێزگایانەی نەوت دەپاڵیون دابەش دەکرێت.
ھەر لە یاساکەدا، بڕی ٩٠٠ ملیار دینار تایبەت بە کڕینی بنەتۆی گەنم، برنج، جۆ، گەنمەشامی بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ تەرخانکراوە.

ھەروەھا لەچوارچێوەی یاساکەدا، بڕی ٦٠٠ ملیار دینار بۆ وەزارەتی نەوت تەرخانکراوە کە لەو بڕەیە، ٥٠٠ ملیار دینار بۆ دانەوەی تێچووی بەرھەمھێنانی نەوتی بەسڕە و ١٠٠ ملیار دینارەکەی دیکەیش بۆ کۆمپانیای نەوتی باکووریش، ١٠٠ ملیار دینار تەرخانکراوە.

ھاوکات لە یاساکەدا، بڕی ٥٠٠ ملیار دینار بۆ وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن تەرخانکراوە، ھەروەھا ١٠٠ ملیار دینار بۆ خەرجی لەناکاو و ١٠٠ ملیار دیناریش بۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو، ١٥٠ ملیار دینار بۆ وەزارەتی پەروەردە تەرخانکراوە.

ھەر لە یاساکەدا، ٥٠٠ ملیار دینار بۆ بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکا زیادکراوە بەپێی ئەم رێژانە دابەش دەکرێت، لە سەدا ٢٠ ی بۆ پارێزگای دیوانییە، لە سەدا ٢٠ی بۆ موسەننا، لەسەدا ١٥ی بۆ بابل، لەسەدا ١٥ی بۆ میسان،لە سەدا ١٥ی بۆ واست و لە سەدا ١٥ بۆ پارێزگای سەڵاحەددین.

لەچوارچێوەی یاساکەدا، ٥٥٠ ملیار دینار بۆ سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی تیرۆر تەرخانکراوە کە بەم شێوەیە دابەش دەکرێت، ١٠٠ ملیار دیناری سندوقی ئاوەدانکردنەوەی زیقار و ٤٥٠ ملیار دینار بۆ سندوقی ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانلێکەوتووەکانی دەستی داعش.

ھەروەھا لەچوارچێوەی یاساکەدا، ٣٠٠ ملیار دینار بۆ یاسای قەرەبووکردنەوەی زیانلکەوتووانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان، تەرخانکراوە و بۆ دەزگای شەھیدان و خەرجییەکانی ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانیش، ١٥٠ ملیار دینار تەرخانکراوە.

ھەر بەپێی یاساکە، ١٠٠ ملیار دینار بۆ دەزگای شەھیدان و زیندانی سیاسی و ٢٥ ملیار دینار بۆ فەرماندەیی ھێزەکانی پاسەوانی سنوور تەرخانکراوە.

فڕاکسیۆنە کوردییەکان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایانگەیاندووە کە لە دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی رابردووی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، دەنگیان بەو ماددەیەی نێو یاسای پاڵپشتی لەناوکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان نەداوە کە تایبەتە بە پەرەپێدانی ھەرێمەکان و ئاماژە بەوە دەکەن کە لە کۆی ٢٥ تریلیۆن دینار، ھەشت تریلیۆن بۆ پەرەپێدانی ھەرێمەکان تەرخانکراوە، بەو پێیەی پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان لەو ھەشت تریلیۆن دینارەی کە بۆ پەرەپێدانی ھەرێمەکان تەرخانکراوە، بێبەشکراون.

ھاوکات یاساناسان لە عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە، یاسای پاڵپشتی لەناکاوی ئاسایشی خۆراک و گەشەپێدان کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەند کراوە، ئەوا دەبێت بە جێگرەوەی بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٢.



بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın