شاندێکی ئیسرائیل بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پلانی ھێرشکردنە سەر ڕەفەح سەردانی واشنتۆن دەکات
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو ڕەزامەندى نیشاندا، لەوەی شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پلانی ھێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەزز، ڕەوانەی واشنتۆن بکات.
Istanbul
ئیستانبوڵ ــ AA
ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریکا، جەیک سوڵیڤان ڕایگەیاند کە سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بێنیامین ناتانیاھو ڕەزامەندی نیشانداوە، لەوەی شاندێک بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی پلانی ھێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح باشووری کەرتی غەزز، ڕەوانەی واشنتۆن بکات.
جەیک سوڵیڤان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا لە کۆشکی سپی ڕایگەیاند، بێنیامین ناتانیاھو ڕەزامەندی نیشانداوە کە لە ماوەی چەند ڕۆژی داھاتوودا، ژمارەیەک لە بەرپرسانی ھەواڵگریی و مرۆیی ئیسرائیل ڕەوانەی واشنتۆن بکات، ئەوەش بە ئامانجی گوێگرتن لە نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بە پلانی ئێستای ئیسرائیل بۆ ھێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح، ھەروەھا دۆزینەوەی ڕێگایەکی دیکە کە لە میانی ھێرشکردنە سەر شاری ڕەفەح، تەنھا ئەندامانی سەرەکی حەماس لە شارەکەدا بکاتە ئامانج.
ئاشکراشی کرد کە لەئێستادا، ئیسرائیل ھێرش ناکاتە سەر شاری ڕەفح تا ئەو کاتەی گفتوگۆ لەگەڵ ئەو شاندەی ئیسرائیل نەکرێت کە سەردانەی واشنتۆن دەکات.
باسی لەوەش کرد کە ئەنجامدانی ھێرشێکی فراوان بۆسەر شاری ڕەفەح، ھەڵەیەکی گەورە دەبێت، چونکە دەبێتە مایەی کوژرانی زیاتری خەڵکی مەدەنی بێ تاوان، ھەروەھا ئەنجامدانی ئەگەری هێرشی سەر ڕەفەح، قەیرانی مرۆیی لە غەززە خراپتر دەبێت و گرژییەکان لە غەززە و پەروایزخستنی ئیسرائیل لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر دەبن.
گوتیشی: "سەرباری ئاڵنگارییەکان، بەڵام گفتوگۆکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست لە غەززە و ئاڵوگۆڕی دیلەکانی نێوان ئیسرائیل و حەماس بەردەوامن".