سەرکۆماری عێراق لە دیداری لەگەڵ سەرۆکی دادگای فیدڕاڵی: "دەبێت یاسا ڕێکخەری پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر بێت"
سەرکۆماری عێراق لە میانی دیداری لەگەڵ سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، جاسم محەمەد عەبود ڕایگەیاند، دەبێت دیالۆگی دیموکراسی ڕێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت کە ڕووبەڕووی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدراڵی و ھەرێمی کوردستان دەبنەوە.
Arbil
ھەولێر ــ AA
سەرکۆماری عێراق، عەبدولـلەتیف ڕەشید بە گرنگی زانی کە بە یاسا پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر ڕێکبخرێت و ڕایگەیاند دەبێت دیالۆگی دیموکراسی ڕێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت کە ڕووبەڕوی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمی کوردستان دەبنەوە.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆماریی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە عەبدولـلەتیف ڕەشید پێشوازی کردووە کە سەرۆکی دادگای باڵای فیدڕاڵیی عێراق، جاسم محەمەد عەبود و ژمارەیەک لە ئەندامانی دادگاکە.
ڕاشیگەیاندووە کە لە دیدارەکەدا، سەرکۆماری عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە، ئەو ئاسایش و سەقامگیرییەی کە ئێستا وڵات بەخۆیەوە دەبینێت، دەستکەوتێکی گرنگ و شایستەیە و دەبێت پارێزگاری لێبکرێت و بچەسپێنرێت وەک بنەمایەک بۆ دەستپێکردن و گەیشتن بە گەشەپێدانی ئابووری، پێشخستنی وەبەرھێنان و بەرزکردنەوەی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاری بۆ ھاووڵاتییان.
باسی لەوەش کردووە کە عەبدولـلەتیف ڕەشید ھەروەھا ڕایگەیاندووە، دەبێت دامودەزگاکانی دەوڵەت پاڵپشت بە یاسا و دەستوور، ھەوڵەکانیان بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان پتەوتر بکەن و گوتوویەتی: "دەبێت دیالۆگی دیموکراسی ڕێگەی چارەسەرکردنی ئەو کێشانە بێت کە ڕووبەڕووی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمی کوردستان و پارێزگاکان دەبنەوە، ھەروەھا دەبێت یاسا ڕێکخەری ئەو پەیوەندییە بێت".
ڕاشیگەیاندووە کە لای خۆیەوە سەرۆکی دادگای باڵای فێدڕاڵیی عێراق، جاسم محەمەد عەبود لە دیدارەکەدا، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە دادگای فیدراڵی بە یەک چاو سەیری ھەمووان دەکات و کار بە دەستوور و یاسا دەکات و گوتوویەتی: "پرسی ھەڵبژاردنەکان و ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان کاری لەپێشینەی دادگای باڵای فیدڕاڵییە".
ئاماژەی بەوەشداوە کە دادوەر جاسم محەمەد عەبود ھەروەھا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دادگای باڵای فیدڕاڵی ئامادەیە لەپێناو بەجێگەیاندنی شایستەکان لەچوارچێوەی دەستووردا، لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کار بکات.