سياسەت, ئابووری, عێراق

"بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراق گەورەترین سەرپێچی لە یاسای ئیدارەی مالی تێدایە"

سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان، ئاراس قادر خۆشناو: - "لەڕووی داراییەوە شتێک نییە کە بوودجە بۆ سێ مانگ دابندرێت و ئەمە لە زانستی داراییدا، پەسەندکراو نییە".

Heman Hussein Yaseen  | 01.10.2020 - نوێکردنەوە : 02.10.2020
"بوودجەی گشتی ساڵی ٢٠٢٠ ی عێراق گەورەترین سەرپێچی لە یاسای ئیدارەی مالی تێدایە"

Arbil

هەولێر - AA

ناوەڕاستی ئەم مانگە حکوومەتی عێراقی فیدرال پڕۆژەیاسای بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢٠ی رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد کە بەپێی ناوەڕۆکەکەی بوودجەکە بە ١٤٨ تریلیۆن دینار خەمڵێندراوە و کورتھێنان تیایدا لە سەرووی ٨١ تریلیۆن دینارە.

لەمبارەیەوە سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان، ئاراس قادر خۆشناو رایگەیاند کە عێراق لە ھەموو مێژوویدا کورتھێنانی لەوشێوەی لە بوودجەی ساڵانەی خۆی تۆمارنەکردووە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە بوودجەکە گەورەترین پێشێلکاری یاسایی ئیدارەی مالی عێراقی تێدایە.

ئاراس قادر خۆشناو لەبارەی پڕۆژەیاسای بوودجەی ساڵی ٢٠٢٠ی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵودا گوتی: "ئەوەی کە ئێستا حکوومەتی عێراق کردی بە ناردنی ئەو بوودجەیەی کە پێیوایە بوودجەی ٢٠٢٠ە لە رووی داراییەوە شتێک نییە کە بوودجە بۆ سێ مانگ دابندرێت، ئەمە لە زانستی دارایی پەسەندکراو نییە، ئەگەر سەیری ناوەرۆک و شێوازەکانی بکەیت، چەندین تێببینی لەسەر هەیە، چونکە پێمان وابوو لەئێستادا، پێویستی نەدەکرد بوودجە هەبێت بۆ ساڵی ٢٠٢٠، لەگەڵ ئەوەش بوودجەکە زەبەلاحترین خەرجی تێدایە و بۆ یەکەمجار کۆی گشتیی دەگاتە ١٤٨ تریلیۆن دیناری عێراقی، هەروەها گەورەترین کورتهێنانی لە مێژووی بوودجەی عێراقی تێدایە کە دەگاتە زیاتر لە ٨٤ تریلیۆن دینار، گەورەترین پێشێلکردنی یاسای ئیدارەی مالی عێراقی تێدایە کە لە یاسای ژمارە شەشی ساڵی ٢٠١٩دا لە بڕگەیەکدا باسی ئەوە دەکات کە نابێت عەجزی موخەتەت لەسەدا سێی ناتجی محەلی ئیجمالی زیاتر بێت، بەڵام ئەوەی ئیستا کراوە زۆر زیاترە، واتا کۆمەڵێک تەناقوزاتی مالی تێدایە سەرباری ئەوەی ئەگەر بێیە سەر ماددە و بڕگەکانی دیکە، ئەوە نیشان دەدات کە دەستکراوەیی حکوومەتە بۆ هەندێک بەڵێنی وەک دامەزراندن و خەرجی دیکە، من پێموایە ئەوانە لە رووی داراییەوە تووشی شۆکت دەکات".

سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان سەبارەت بە خاڵە ئەرێنییەکانی نێو پڕۆژە یاساکە گوتی: "یەکێک لە خاڵە باشەکانی ئەوەیە کە نەفەقاتی پێشمەرگە و گرێبەستی گواستنەوەی نەوت خراوەتە سەر نەفەقاتی سیادیی و ئەوە یەکێک لە شتە باشەکانە، بەڵام رێژەکە سەدا ١٢،٦٧ دانراوە ئەمە مەقبوڵکراو نییە و دەبێت سەدا ١٧ بێت ئەگەرنا ئەو رووپێوەی وەزارەتی پلاندانانی عێراق کردوویەتی کە رێژەی دانیشتووانی ئەوەی ئێستا هەیە بەبێ ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کە نزیکەی لەسەدا ١٤یە، دەبوو ئەوە جێگری بکرایە، لەلایەکی دیکە بە زیادکردنی بڕگەکانی پێشمەرگە و گواستنەوەی بۆڕیەکانی نەوت کە خراوەتە سەر نەفەقاتی سیادیی کە لەوێ زیاد دەکرێت دوای ئەوەی نەفەقاتی سیادیی و حاکیمەی لێ دێتە دەرەوە ئینجا دواتر بەشی کوردستان دادەنرێت، جارێکی دیکە شتێکی دیکەی لێ دەنووسرێتەوە باسی ئەوەی دەکەن کە خەرجییە راستەقینەکان کە زەرەر لە هەرێمی کوردستان دەدات".

ئاراس قادر خۆشناو کە پسپۆڕی كارگێڕیی داراییە و مامۆستایە لە زانكۆی پۆلیتەکنیکی هەولێر لەبارەی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێم لەلایەن حکوومەتی فیدرالەوە جەخت لەوە دەکاتەوە ئەوەی کە حکوومەتی عێراق لە پێشووتردا ناردوویەتی بەشێک لە بوودجە بووە و ئەوەش دەخاتەڕوو کە ئەو بەشە بوودجەیەی کە ئێستا دەینێرێت لەسەدا ٣٥ی مووچە فەرمانبەرانە و گوتی: "ئەوەی حکوومەتی عێراق ناردوویەتی بەشێک لە مووچە بووە، واتا ئەگەر حیسابی مانگەکانی یەک، دوو، سێ و چوار بکەین، ئەوانە کە ٤٥٢ ملیار دینار بوو دەیکرد سەدا ٥١ی ئەوەی کە پێویست بوو بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینی بنێردرێت، ئێستا کە بووەتە ٣٢٠ ملیار، واتا لەسەدا ٣٥ی پێویستی مووچەی فەرمانبەرانە".

سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان لەبارەی داڕشتنی پلانی ستراتیجی بۆ بوودجەی ساڵەکانی ٢٠٢١، ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ لەلایەن حکوومەتی فیدرالەوە، ئەوە روون دەکاتەوە کە داڕشتنی ئەو بوودجەیەی کە کاری لەسەر دەکرێت تەنها بۆ پڕۆژەکانی وەبەرهێنانە و هەڵە تێگەیشتنێک هەیە کە خەڵک پێیوابووە کە ئەمە بوودجەی سێ ساڵە، واتا ئەمە تەنها داڕشتنی پلانی ستراتیجییە بۆ بوودجەی وەربەهێنان نەوەک میزانیەی تەشغیلی.

لە ماوەی رابردوودا چەند جارێک شاندی تەکنیکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدای کرد و دیدار و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا هەبوو و شاندی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بەشدارن لە داڕشتنی پلانی ستراتیجی بۆ بوودجەی ساڵەکانی ٢٠٢١، ٢٠٢٢ و ٢٠٢٣ و لەمبارەیەوە، ئاراس قادر خۆشناو گوتی: "ئەو لێکنزیکبوونەوەی لەنێوان هەولێر و بەغدا هەیە بە گشتی شتێکی باشە و راستەوخۆ قسە لەگەڵ یەکتر دەکەن، بەپێی دەستووری هەمیشەیی عێراق هەموو دەزگاکانی هەرێمی کوردستان، موعتەرەفن بە عێراقی فیدرال، ئێستا عێراقێکی فیدرالمان هەیە، واتا عێراقێکی مەرکەزییمان نەما، سێ بنەما هەیە، ئەویش سازان، شەراکەت و هاوسەنگی لە دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتدا، بەڵام بەداخەوە خەڵکانێک هەن کە تا ئیستا باوەڕی بەوە نییە، ئەو گفتوگۆیانەی کە ئێستا هەیە دانانی هەموو پلان و بەرنامەکان دەبێت بە هاوبەشی بێت بەبەشداری هەرێم و پارێزگاکان، شتێکی دیکە هەیە کە تا ئێستا ئەکتیڤ نەکراوە ئەویش ماددەی ١٠٦ی دەستووری عێراقە، ئەو ماددەیە باسی ئەوە دەکات کە دەستەیەک دەبێت بۆ دیاریکردنی ئیراداتی ئیتیحادی کە چییە و چۆن دابەش دەکرێت، تا ئێستا نە دەستەکە دامەزراوە و نە یاساکە هەیە و نە هەرێمیش بەشدار بووە لە دانانی رەسمی سیاسیی مالی عێراقی".

سەرۆكی سەنتەری زانیاری و لێكۆڵینەوەی ستراتیجیی کوردستان، ئاراس قادر خۆشناو گوتیشی: "دەبێت دیدگایەکی ستراتیجیی هەبێت و بزانیت بەرەو کوێ دەچیت، تا ئیستاش لە عێراق لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکرێت کە ئیرادات چەندە و پاشان نەفەقات دیاری دەکرێت، بەڵام لە زۆربەی وڵاتان بە پێچەوانەوەیە، بۆیە ئەو وڵاتانەی کە یەک سەرچاوەی ئابوورییان هەیە، ئەم هەڵەیە لێی روودەدات، بەڵام لە ئێستای عێراقدا بۆ مەرامی سیاسیی بەکاردێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە هەرێمی کوردستانیش دەبێت پلان و بوودجە هەبێت، ئێستا لە حکوومەتی هەرێم فەرمانگەیەکی کارا هەیە، فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان یەکێک لە کارە ئەساسییەکانیان ئەوەیەکە ئێمە لە کوێن و دەمانەوێت بەرەو کوێ بچین".

ئاراس قادر خۆشناو لەبارەی تێڕوانینی بۆ چارەسەربوونی قەیرانی دارایی لە هەرێمی کوردستان وەک شارەزاریەکی ئابووری گوتی: "ئێمە لە قۆناغێکدا بووین لە ٢٠١٩ دەرچوون بوو لە نەفەقەکە، بەڵام کۆرۆنا پلانەکانی گۆڕی، ئێستاش هەست دەکەین بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە عێراق و ناوچەکانی دیکە باشتربێت، بە مەرجێک بتوانین ئەو شایستە داراییانەی لە بەغدا زامنی بکەین لە بابەتی داهاتەکانی خۆمان هەنگاوەکانی چاکسازیی و شەفافییەت بەرەو باشتر بکرێت و لەبیریش نەکەین کە یاسای ژمارە ٢ی ٢٠٢٠ی چاکسازیی قۆناغێکە لە قۆناغەکانی چاکسازی و بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا، راپۆڕتێک لە حکوومەت دەربچێت لەمبارەیەوە، بەدڵنیایییەوە ئەگەر جارێک دابینکردنی مووچە بۆ فەرمانبەران دابین بکرێت، سێ ئەوەندە گرنگە بازاڕ و کەرتی تایبەت ببوژێتەوە".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın