بایدن بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی کرد لە رەزامەندی ترەمپ بۆ دەەستپێکردنی پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات
تیمی جۆ بایدن: ''ئەمڕۆ ئەو بڕیارە هەنگاوێکی پێویستە بۆ دەستپێکردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی وڵاتەکەمان بوونەتەوە، بە تایبەتی کۆنترۆڵکردنی پەتاکە و بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ئابوورییمان بخرێتەوە سەر رێچکەی خۆی''.

New York
نیویۆرک - AA
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، جۆ بایدن بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی کرد لە رەزامەندی نیشاندانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە گەیشتنی خۆی و تیمەکەی بە سەرچاوە و خزمەتگوزارییەکانی دامەزراوە فیدراڵییەکان بۆ پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات.
لە راگەیەندراوێکدا کە لەلایەن تیمی گواستنەوەی دەسەڵاتی بایدن-ەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوە کراوە فەرمانگەی خزمەتگوزاری گشتیی GSA کە بەرپرسە لە کاروباری گواستنەوەی دەسەڵاتی سەرۆکایەتی و رێکخستنی کاروبارەکان لەنێوان دامەزراوە فیدراڵییەکان لە ئەمریکا، دەستەبەری سەرچاوە و پشتیوانی پێویست دەکات لە پێناو گواستنەوەیەکی ئاشتییانە و بێ کێشەی دەسەڵات.
هەروەها لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە لەژێر رۆشنایی ئەو بڕیارەدا، پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بە فەرمی لە دامەزراوە فیدراڵییەکاندا دەستپێدەکات و هاتووە ''ئەمڕۆ ئەو بڕیارە هەنگاوێکی پێویستە بۆ دەستپێکردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی رووبەڕووی وڵاتەکەمان بوونەتەوە، بە تایبەتی کۆنترۆڵکردنی پەتاکە و بۆ ئەوەی سەرلەنوێ ئابوورییمان بخرێتەوە سەر رێچکەی خۆی''.
لە راگەیەندراوەکەدا باس لەوەکراوە کە تیمی گواستنەوەی دەسەڵات لە رۆژانی داهاتوودا، دەست بە کۆبوونەوە دەکات لەگەڵ بەرپرسانی فیدراڵی لەبارەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ و بابەتەکانی ئاسایشی نیشتمانیی.
هاوکات لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە کە بایدن بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی کردووە لە رەزامەندی نیشاندانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ لە گەیشتنی خۆی و تیمەکەی بە سەرچاوە و خزمەتگوزارییەکانی دامەزراوە فیدراڵییەکان بۆ پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات.
هەرچەندە سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە هەژماری خۆیەوە لە تویتەر بڵاویکردبووەوە کە دانی بە شکستدا نەناوە و بەردەوام دەبێت لەسەر خەباتەکەی، ئاماژەی بەوەیش کردبوو کە دەسەڵاتی داوە بە فەرمانگەی خزمەتگوزاری گشتیی و تیمی خۆی بۆ دەستپێکردنی رێکاریی پێویست لە پرۆسەی گواستنەوەی دەسەڵات بۆ جۆ بایدن و تیمەکەی.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن