ئیسلامۆفۆبیا.. خاڵێکی ھاوبەشی نێوان ئیسرائیل و پارتە ڕاستڕەو توندئاژۆکانە لە ئەورووپا
نووسەری کتێبەکانی "ھاوپەیمانی ئەورووپا لەگەڵ ئیسرائیل"، دەیڤید کرۆنین: "ڕەگەزپەرستی کە لە سەدەی بیستەمدا دژی جوولەکەکان بوونی ھەبوو، ئێستا ئەمڕۆ ئەو ڕەگەزپەرستییە گۆڕاوە دژی موسڵمانان پەیڕەو دەکرێت".
Netherlands Antilles
ئەمستردام ــ AA
لەم ساڵانەی دواییدا، حکوومەتی ئیسرائیل چەندین ھەنگاوی ناوە بۆ بپتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتە ڕاستڕەوە توندئاژۆکان لە ئەورووپا کە شارەزایان پێیان وایە، بەھۆی ھەستی دژە موسڵمانانەوە سەرچاوەی گرتووە.
شارەزایان پێیان وایە کە ھەوڵەکانی ئیسرائیل بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتە ڕاستڕەوەکان کە ھەژموونیان لە ئەورووپا زیادی کردەوە و مێژوویەکی دوورودرێژیان ھەیە لە دژە جوولەکە، ھەروەھا بە شێوەیەکی سەرەکی لە ھەستکردن بە دوژمنایەتی بەرامبەر موسڵمانان و کۆچبەرانەوە سەرچاوەی گرتووە.
سەردانی وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، جەدعون ساعر بۆ برۆکسل پایتەختی بەلجیکا و یەکێتی ئەورووپا لە مانگی شوباتی رابردوودا و ئەو کۆبوونەوەیانەی کە لە چوارچێوەی ئەنجوومەنی ھاوبەشی نێوان یەکێتیی ئەورووپا و ئیسرائیلدا ئەنجامدران، ڕەنگدانەوەی جەوھەری ئەم نزیکبوونەوەیە.
لەم چوارچێوەیەدا، ئاژانسی ئانادۆڵو قسەی لەگەڵ سەرنووسەری ماڵپەڕی "ڕاپەڕینی ئەلیکترۆنی"، نووسەری کتێبەکانی "ھاوپەیمانی ئەورووپا لەگەڵ ئیسرائیل" و "سێبەری بەلفۆر"، دەیڤید کرۆنین و مێژوونووسی ھۆڵەندی و لێکۆڵەر لە لۆبی ئیسرائیل لە ئەورووپا، یان تێرفۆرت کرد سەبارەت بە ڕەھەندەکانی نزیکبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و پارتە ڕاستڕەوە توندۆئاژۆکان لە کیشوەری ئەورووپا.
- نزیکبوونەوەی نێوان ئیسرائیل و ڕاستڕەوە توندئاژۆکان لە ئەورووپا
لەوبارەیەوە دەیڤید کرۆنین ڕایگەیاند کە نزیکبوونەوەی ئیسرائیل لە پارتە ڕاستڕەوە توندئاژۆکان لە ئەورووپا، پرسێکئ نوێ نییە و ئاماژەی بەوەدا کە لۆبی لایەنگریی ئیسرائیل لە نزیکەوە چاودێری سەرھەڵدانی ئەو پارتانە دەکات لە کیشوەری ئەورووپا.
گوتیشی: "لۆبی لایەنگریی ئیسرائیل لە نزیکەوە چاودێری سەرھەڵدانی پارتە توندئاژۆکان لە ئەورووپا و ھەڵوێستیان دەکات سەبارەت بە پاڵپشتیکرنیان لە ئیسرائیل".
ئاماژەی بەوەدا کە پارتە توندئاژۆکان لە ئەورووپا زیاتر لە پارتە نەریتییەکان پاڵپشتی سیاسەتی ئیسرائیل دەکەن لە دروستکردنی یەکەی جوولەکەنشینەکان لە کەناری ڕۆژئاوا و قودسی ڕۆژھەڵات.
ڕایگەیاند: "ئیسرائیل ھەوڵدەدات بێ مەرج، پاڵپشتی لە ئەورووپا بەدەست بھێنێت، بە تایبەتیش لە پارتە ڕاستڕەوە توندئاژۆکان".
ڕوونیشیکردەوە کە ھۆکاری سەرەکی ڕاستڕەوی توندئاژۆ لە ئەورووپا ڕەگەزپەرستییە و گوتی: "ڕاستڕەوی توندئاژۆ بە سروشتی ڕەگەزپەرستییە و زۆرێک لە پارتەکانی وەک پارتی جێگرەوە لە پێناو ئەڵمانیا، ڕەگی نازییان ھەیە".
گوتیشی: "کێشەکە ئەوەیە، ئەو ڕەگەزپەرستییەی کە لە سەدەی بیستەمدا دژبە جوولەکەکان ھەبوو نەک ھەر بوونی نەماوە، بەڵکو ئامانجی خۆی گۆڕیوە و ئەمڕۆ بە شێوەیەکی سەرەکی موسڵمانانی کردووەتە ئامانج".
دەیڤید کرۆنین موونەیەکی لەسەر سەرۆکی پارتی ئازادی لە ھۆڵەندا، گێرت ڤیڵدەرز ھێنایەوە کە بە پاڵپشتی بەھێز لە ئیسرائیل دەکات، ئاماژەی بەوەدا کە گێرت ڤیڵدەرز زۆرجار پاڵپشتی خۆی بۆ ئیسرائیل بە ڕەخنەی توندی لە فرە کەلتووری ھۆڵەندا دەبەستێتەوە کە ڕەنگدانەوەی یەکخستنی بەرژەوەندییەکانی نێوان ھەردوولایە.
-ھاریکاریی نێوان زایۆنی و نازی لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو
لە ڕووی مێژووییەوە، دەیڤید کرۆنین وای دەبینێت کە ھاریکاریی نێوان بزووتنەوەی زایۆنی و گرووپە ڕاستڕەوەکان لە ئەورووپا "بابەتێکی نوێ نییە" و ئاماژەی بەوەیدا کە تەنانەت لە سییەکانی سەدەی ڕابردوو، ھاریکاریی نێوان بزووتنەوەی زایۆنی و ئەڵمانیای نازی ھەبووە.
لەم بارەیەوە باسی لەوەشکرد کە ڕێکەوتننامەیەک کە بۆ گواستنەوەی جوولەکەکان لە ئەڵمانیاوە بۆ فەڵەستین واژووکراوە.
ئاماژەی بەوەدا کە توێژینەوەکان لەسەر تۆماری دەنگدان لە پەرلەمانی ئەورووپا دەریدەخەن کە پارتە ڕاستڕەوەکان، زۆرترین پاڵپشتی لە سیاسەتەکانی ئیسرائیل دەکەن.
گوتیشی: "پارتە ڕاستڕەوەکانی وەک ڤۆکسی ئیسپانیا، زۆرترین پاڵپشتی لە ئیسرائیل دەکەن، بەڵام کێشەکە تەنھا بە ڕاستڕەوەکانەوە سنووردار نییە، چونکە پارتە نەریتییەکان ھەوڵیانداوە خۆیان بگۆڕن بۆ ڕاستڕەو، ھەروەھا پاڵپشتی یەکێتیی ئەورووپا بۆ ئیسرائیل لەم ساڵانەی دواییدا بە شێوەیەکی بەرچاو بەھێزتر بووە".
لەمبارەیەوە دەیڤید کرۆنین ڕەخنەی لە ھەڵوێستی یەکێتی ئەورووپا گرت سەبارەت بە ئیسرائیل، سەرەڕای بڕیاری دادگای نێودەوڵەتی کە ئاماژە بەوەکات لەوەی ئەگەری ھەیە ئیسرائیل جینۆسایدی لە غەززە ئەنجامدابێت.
گوتیشی: "بەپێی ڕێککەوتننامەی ڕیگریی کردن لە جینۆساید، حکوومەتەکان پابەندن بەوەی ھیچ پاڵپشتییەک بۆ ئەو کردانە پێشکەش نەکەن کە دەچنە چوارچێوەی جینۆسایدەوە، بەڵام یەکێتیی ئەورووپا بە تەواوی ئەو پابەندبوونەی پشتگوێ خستووە".
- ھەژموونی سیاسی
لەوبارەیەوە مێژوونووسی ھۆڵەندی، یان تێرفۆرت پێیوایە لە ٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ەوە ئیسرائیل ھەوڵ دەدات پەیوەندییەکانی لەگەڵ پارتە ڕاستڕەوە توندئاژۆکان بەھێز بکات، وەک پارتی دیموکراتەکان لە سوید و پارتی جێگرەوە لە پێناو ئەڵمانیا و بەرەی نیشتمانیی لە فەڕەنسا.
ڕاشیگەیاند: " ئەمە لە بەرژەوەندییە سیاسییە کورتخایەنەکانەوە ڕوودەدات، ئەگەر ئیسرائیل دەیەوێت بەردەوام بێت لە ئەنجامدانی جینۆساید لە غەززە و ئۆپەراسیۆنەکانی لە کەناری ڕۆژئاوا، باشووری لوبنان و سووریا، ئەوا پێویستی بە کاریگەری سیاسی ھەیە بۆ ڕێگریی کردن لە دەستێوەردانی وڵاتانی ئەورووپا".
ھەروەھا یان تێرفۆرت ئاماژەی بەوەشدا کە پارتە ڕاستڕەوە توندئاژۆکان، بەھۆی ھەستییان دژبە موسڵمان و کۆچبەرانەوە، گەشەیان کردووە.
ڕوونیشیکردەوە کە ئیسرائیل ھەوڵدەدات پەیوەندی لەگەڵ پارتە نوێیە نازییەکاندا لە چوارچێوەی ھاوپەیمانێتییەکی سیاسی لەسەر بنەمای بەرژەوەندییە ھاوبەشەکانی، دروست بکات.
لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "ئیسرائیل دەیەوێت ھاوکاری ئەم پارتانە بکات نەک لەبەر لایەنگریی ئایدۆلۆژی، بەڵکو لەبەر ئەوەی پێویستی بە پاڵپشتی سیاسی ھەیە لە ئەورووپا".
ئەو پێی وابوو کە بە پێچەوانەوە، ئەم پارتانە لە جەنگی جیھانی دووەمەوە ھەوڵیانداوە وێنەی خۆیان جوانتر بکەن، ئەوەش بە گرتنەبەری ھەڵوێستێکی لایەنگریی ئیسرائیل کە یارمەتییان دەدات لە نەفرەتکردنی نازییەکان، بۆ ئەوەی ڕزگاریان بێت.
ھەروەھا یان تێرفۆرت دووپاتی کردەوە کە پارتە ڕاستڕەوە توندئاژۆکان، سوود لەم نزیکبوونەوەیە وەردەگرن، ئەوەیش بە بیانووی پاراستنی کۆمەڵگای جوولەکەکان وەک پاساوھێنانەوەی سیاسەتە ڕەگەزپەرستەکانیان دژبە کۆچبەران.
گوتیشی: "ئەم پارتانە درکیان بەوە کردووە کە باشترین ڕێگا بۆ دەربازبوون لە پەردەی ڕەگەزپەرستی لە ئەورووپا گرتنەبەری ھەڵوێستێکی لایەنگریی ئیسرائیلە، بەتایبەتی دوای ھۆلۆکۆست و ئەزموونی جەنگی جیھانی دووە".
- لێکچوونی ئایدیۆلۆژیای نێوان ئیسرائیل و ڕاستڕەوی توندئاژۆ
یان تێرفۆرت سەبارەت بە لێکنزیکبوونەوەی ئایدۆلۆژی نێوان ئیسرائیل و پارتە ڕاستڕەوە توندئاژۆکان، ڕایگەیاند کە ئیسرائیل وەک دەوڵەتێک لەسەر بنەمای سیستەمی ئاپارتاید دەیەوێت مۆدێلێکی ھاوشێوە لە وڵاتانی ڕۆژئاوادا پەرە پێبدات.
گوتیشی: "پارتە ڕاستڕەوەکان، دەیانەوێت سیستەمێک دابمەزرێنن کە پێگەیەکی یاسایی نزمتر بە موسڵمانان و کۆچبەران ببەخشێت کە بەتەواوی لەگەڵ سیاسەتەکانی ئیسرائیلدا دەگونجێت کە ناجوولەکەکان بە ھاووڵاتی پلە دوو ھەژمار دەکات".
ئەو نمونەی پارتی ئازادی ھۆڵەندی بە سەرۆکایەتی گێرت ڤیڵدەرزی ھێنایەوە و گوتی: "پارتی ئازادی لە ھۆڵەندا دەیەوێت قورئان قەدەغە بکات و مافی کەمتر بە کۆچبەرە موسڵمانەکان ببەخشێت، ئەمەش ڕێک ئەو کارەیە کە ئیسرائیل لەگەڵ ناجوولەکەکان لە سنوورەکانی خۆیدا ئەنجامی دەدات".
- مەترسی فراوانبوونی دەسەڵاتی ڕاستڕەوی توندئاژۆ
لەم بارەیەوە، یان تێرفۆرت ھۆشداری دا لەوەی کە زیادبوونی کاریگەری پارتە ڕاستڕەوەکان نەک تەنھا ھەڕەشە لە موسڵمانان و کۆچبەران دەکات، بەڵکو لەوانەیە گروپەکانی دیکەش بکاتە ئامانج.
لەوبارەیەوە، یان تێرفۆرت ھۆشداری دا کە زیادبوونی کاریگەریی پارتە ڕاستڕەوەکان نەک تەنھا دەبنە ھەڕەشە بۆ سەر موسڵمانان و کۆچبەران، بەڵکو لەوانەیە گروپەکانی دیکەش بکەنە ئامانج.
گوتیشی: "کاتێک ڕاوێژکاری سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، ستیڤ بانۆن سەردانی ئیسرائیلی کرد، لەو کاتەدا ڕایگەیاند 'دوژمنی سەرەکی ئێوە جوولەکەکانی پێشکەوتووخوازن کە ئاڕاستەی چەپی جیھانییان ھەیە".
یان تێرفۆرت ئاماژەی بەوەشدا کە ئەم لێدوانە بە ڕوونی ئەوە دەردەخات کە سەرھەڵدانی دەسەڵاتی ڕاستڕەوی توندئاژۆ، لەوانەیە ببێتە ھۆی ئامانجگرتنی جوولەکەکان، بەتایبەتی ئەو جوولەکانەی کە بیروڕای لیبرال، پێشکەوتووخوازیان ھەیە و ئایینی نین.
مێژوونووسە ھۆڵەندیەکە لە کۆتاییدا گوتی: "کاتێک ڕاستڕەوی توندئاژۆ بەھێز دەبێت، سیاسەتی دژە جوولەکە بەربڵاوتر دەبێت، ھەروەھا لەوانەیە جولەکەکانی پێشکەوتنخواز و نائایینی ڕووبەڕووی جیاکاری ببنەوە ھاوشێوەی ئەوەی ئەمڕۆ موسڵمانان و کۆچبەران ڕووبەڕووی بوونەتەوە".
