
Arbil
هەولێر-AA
مانگی سووری ئیمارات، کامپێکی نوێ لە شارەدیی دیبەگە بۆ ئاوارەکان دروست کرد و ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیماراتی ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی 2014دا هاوکارییەکانییان دەستپێکردووە و پێی وایە کە ئەمە بەڵگەیە بۆ درێژەپێدانی پەیوەندییەکانییان لەگەڵ هەرێمی کوردستان.
لە مەراسیمی کردنەوەی کامپە نوێیەکەی دیبەگە، پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بە پڕۆژەکانی مانگی سووری ئیماراتی کرد و گوتی: "لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی هاوکاری وڵاتی ئیماراتی عەرەبی کە لە رێگای مانگی سووری ئیماراتییەوە بەرنامەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن و ئەمڕۆش یەکێک لە پڕۆژەکانییان تەواو بووە رادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرا، پڕۆژەکەش بریتییە لە بەرفراوان کردنی کامپی دیبەگە کە 800 یەکەی نیشتەجێبوون لە خۆ دەگرێت و دوو قوتابخانەی تێدایە و لەگەڵ پێداویستییەکانییان و هەر یەکەیەکی نیشتەجێبوون بریتییە لە دوو ژوور و دابینکردنی تۆڕی ئاو و کارەبا".
سەبارەت بە ژمارەی ئاوارەکانی ناو کامپی دیبەگەش، پارێزگاری هەولێر نەوزاد هادی گوتی: "ئەگەرچی لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا ژمارەیەک ئاوارە گەڕانەوە شوێنی خۆیان بەڵام بە گشتی کامپی دیبەگە ئێستا 32 هەزار کەسی تێدایە و نزیکەی 10 هەزار کەسیش بێ شوێنن چونکە رۆژانە لە ناوچەکانی حەویجەوە خەڵک ئاوارە دەبن و روو لە کامپی دیبەگە دەکەن".
هەر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئەمینداری گشتیی مانگی سووری ئیمارات، محەمەد عەتیف فەلاح تیشکی خستە سەر هاوکارییەکانی مانگی سووری ئیمارات و گوتی: "سوپاسی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی دەکەین کە زەمینەسازی کرد بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین پرۆژەکانمان لێرە جێبەجێ بکەین و ئەو پڕۆژە و هاوکارییانەش بەڵگەی ئەوەیە کە ئێمە دەمانەوێت پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان درێژە پێبدەین".
فەلاح گوتیشی: "لە ساڵی 2014 پرۆژە و هاوکارییەکانمان لە هەرێمی کوردستان دەستپێکردووە و پێشبینی دوو ملیۆن ئاوارەمان کردووە و ئەمڕۆش ئەو کامپە رادەستی پارێزگای هەولێر دەکەین و پێویستە ئەوەش بڵێین ئەمڕۆ جگە لەکردنەوەی ئەو کامپە، کۆمەڵێک پڕۆژەمان لەناو شاری هەولێر جێبەجێ کرد و سبەی نەخۆشخانەیەک لە شەقڵاوە دەکەینەوە و رادەستی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دەکەین".
کامپەکانی دیبەگە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی سەرپەرشتی دەکرێت و سەرۆکی ئەو دەزگایەش ئاماژە بەوە دەکات کە پێویستە حکوومەتی عێراق هەست بە بەرپرسیاریێتی بکات و چارەسەرێک بۆ کێشەی ئاوارەکان و پەنابەران بدۆزێتەوە.
سەرۆکی دەزگای خێرخوازی بارزانی، ئەحمەد مووسا لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئێمە هەموو هەوڵی خۆمان بەکارهێناوە، بەتایبەت بەردەوام ئەوەمان دووپاتکردووەتەوە لەگەڵ رێکخراوە بیانییەکان کە هاوکاری تەواوی ئاوارەکان بکرێن چونکە هێشتا بەشێکی زۆری پەنابەران لە دەرەوەن و ئەوانەی لەدەرەوە دەژین رێژەیان زیاترە لەو ئاوارانەی لەناو کامپەکان دەژین، سەرەڕای ئەوەش زۆرجار پێداویستییەکانی خانووبەرە دابین دەکرێت بەڵام لە بابەتی خۆراک کێشەمان هەیە و پێویستە چارەسەری ئەو کێشەیە بکەوێتە ئەستۆی ئاژانسەکانی یوئێن، چونکە ئێستا لە کامپی ئاوارەکان و پەنابەرەکانیش بەشێکی زۆر لە خێزانەکانییان خۆراکیان راگیراوە".
مووسا ئەحمەد گوتیشی: "خاڵێکی دیکە دەبێت ئاماژەی پێبکەین ئەویش دەبێت حکوومەتی عێراق هەست بە بەرپرسیاریێتی بکات چونکە دەبینین ئەرکێکی زۆر قوڕس لەسەر شانی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە و پێویستە ئەوان پەیوەندییەکانییان باش بکەن و چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە بدۆزنەوە".