ژيان

سلێمانی.. خواست لەسەر شیرینی عەنتاب

لە شاری سلێمانی شیرینیخانەیەکی تایبەت بە دروستکردنی جۆرەکانی شیرینی شاری عەنتابی تورکیا ھەیە،

Dlshad Saifaalddin Ahmed  | 10.02.2017 - نوێکردنەوە : 12.02.2017
سلێمانی.. خواست لەسەر شیرینی عەنتاب

سلێمانی
ھاوشێوەی کاڵاکانی دیکەی تورکیا و بەھۆی تام خۆشی و بەرزی کوالێتی دروست کردنیانەوە شیرینییەکانی تورکیاش لە ھەرێمی کوردستان بازاڕێکی زیاتریان ھەیە و خواستی ھاووڵاتیان لەسەر ئەو شیرینیانە زیاترە، لەگەڵ ئەوەی چەندین کارگە و دوکان و خواردنگە و چێشتخانە و چایخانە و شوێنی تری کارکردن ھەیە بە ناوی شار و شوێن و ھونەرمەندەکانی تورکیاوە، شیرینیخانەیەکی تایبەت بەناوی عەنتاب لە شاری سلێمانی ھەیە و تەنھا ئەو جۆرە شیرینیانە دروست دەکات و دەفرۆشێت کە تایبەتە بە شاری عەنتاب و شارەکانی دیکەی تورکیا.
خاوەنی شیرینیخانەکە دەڵێت، بۆ هێنانی کەرەستەکانی پێویست بۆ دروستکردنی ئەو شیرینیانە لە فستق و ئارد و رۆن و کەرەستەکانی دیکە، مانگانە سەردانی تورکیا دەکات و لە شاری عەنتابەوە ئەو پێداویستیانە دەھێنێتە شیرینیخانەکەی لە سلێمانی، باس لەوەش دەکات بەھۆی جیاوازی شیرینییەکان و تامە جیاوازەکەیانەوە نەک لە شاری سلێمانی بەڵکو لە شارەکانی دیکەی کوردستان و نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوەش لە ھەرێم سەردانی دەکەن و داوای ئەو جۆرە شیرینیانەی لێدەکەن.
خاوەنی شیرینیخانەکە، ھەردی عەبدول لەو بارەیەوە بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند:" ماوەی دوو ساڵە ئەم شیرینیخانەیەمان لە شاری سلێمانی داناوە بەناوی عەنتاب کە شیرینی تورکیمان ھەبێت بە کوالێتیەکی بەرز، سەرەتای ئەم کارە و ناونانی بەناوی عەنتابەوە دوای ئەوە ھات سەردانی تورکیامان کرد و سەرسام بووین بە کارەکانیان لە دروستکردنی شیرینی و تام و کوالێتییەکەی، بڕیارماندا ئەو شیرینییانە بھێنینە سلێمانی بە ھەمان تام و کوالێتی و هەموو کەرەستەکانی لە فستق و ئارد و رۆن ھەمووی لە شاری غازی عەنتابەوە بۆمان دێت".
ئەو ئەوەشی گوت: "بەشێوەیەکی گشتی بابەتی تورکیا لە شاری سلێمانی بەھۆی بەرزی کوالێتیان و جۆر و تامەکەشیانەوە خواستێکی زۆریان لەسەرە، شیرینییەکانی ئێمەش کە ھەمان کوالێتیان ھەیە وای کردووە خواستی زۆری لەسەر بێت بەجۆرێک لەم کاتی قەیرانەدا کە کاریگەری گەورەی لەسەر بازاڕ کردووە لەلای ئێمە بازاڕێکی باشمان ھەیە و بەردەوام خواست لەسەر بەرھەمەکانمان ھەیە و داواکاری شیرینییەکانمان دەکەن".
لەو شیرینیخانەیەدا زیاتر لە ٣٠ جۆر شیرینی تورکی ھەیە، بەڵام زۆربەیان لەو جۆرە شیرینیانەن کە تایبەتن بە شاری عەنتاب و لەو شارەوە دروست دەکرێن.
لە بارەی کڕیارەکانی شیرینی عەنتابەوە، خاوەنەکەی گوتی: "نەک تەنھا لە شاری سلێمانی بەڵکو لە شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستانەوە خواست لەسەر بەرهەمەکانی ئیمە ھەیە و ھاووڵاتیان بە تایبەت داوای دەکەن بۆ بۆنە و ئاھەنگەکانیان، جگە لەوەش کۆمپانیا بیانییەکان و نوێنەرانی وڵاتانی دەرەوەش لە ھەرێمی کوردستان بەردەوام بۆ ئاھەنگ و رێوڕەسمەکانی خۆیان داواکاری شیرینییەکانمان دەکەن".
ئەو شیرینیخانەیە لە ئێستادا لە نێو یەک لە گەڕەکە دیارەکانی سلێمانی دایە و وەک خاوەنەکەی دەڵێت پلانیان گەورەکردنی کارەکەیانە لە شار و شارۆچکەکانی تری کوردستان تاوەکو بتوانن شیرینییەکانی عەنتاب بگەیەننە ھەموو ناوچەکانی کوردستان.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın