ئەشکەوتی کونەبا گەنجینەیەکی سروشتیی شاراوە
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج، بەردەوام بایەکی بەهێز لە دەروازەی ئەشکەوتەکە دێتە دەرەوە، کە هەر ئەمەیش هۆکاری ناونانی ئەشکەوتەکەیە و، بەڵگەشە لەسەر ئەوەی ئەم ئەشگەوتە دەرچەیەکی دیکەی هەیە، بەڵام تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
Ankara
سلێمانی - AA
ئەشکەوتی کونەبا، یەکێکە لە دیارترین و سەرنجڕاکێشترین ئەشکەوتەکانی چیاکانی هەرێمی کوردستان-عێراق، کە دەکەوێتە بناری شاخی گوڵان لە قەزای دەربەندیخان.
بەپێی لێکۆڵینەوە زانستییە جیۆلۆجییەکان، تەمەنی دروستبوونی ئەشکەوتەکە دەگەڕێتەوە بۆ ملیۆنان ساڵ لەمەوبەر، کە لە هەناوی شاخەکەدا هەڵکەوتووە.
ئەو تایبەتمەندییەی ئەشکەوتی کونەبا لە ئەشکەوتەکانی دیکە جیا دەکاتەوە، ئەوەیە کە ئەم ئەشکەوتە سەرەتا بە دەروازەیەکی بچووک دەست پێدەکات، کە درێژییەکەی زیاترە لە شەش مەتر و بەرزییەکەشی یەک مەتر دەبێت، و پاشان ئەشکەوتەکە فراوان دەبێت و دابەش دەبێت بەسەر دوو ڕێڕەودا بە ئاڕاستەی باکوور و باشوور، ڕێڕەوی باکوور درێژترە کە ئەویش چەند ڕێڕەوێکی لێ دەبێتەوە.
ئەم ئەشکەوتە پێکهاتەیەکی سرووشتییە و پێکهاتەی ناوەوەی بەرد، قسڵ، کلس و خۆڵە. بەهۆی بوونی ڕادەی بەرزی شێ و ئاو، پێکهاتەیەکی بەردی کلسینی ڕوپۆشی جۆری ئەسکەلەتایت و مەگناتایت ڕووپۆشی ناوەوەی ئەشکەوتەکەی کردووە بە چینێکی کانزایی درەوشاوەی ناوازە.
ئەوەی بووەتە جێی سەرنج، بەردەوام بایەکی بەهێز لە دەروازەی ئەشکەوتەکە دێتە دەرەوە، کە هەر ئەمەیش هۆکاری ناونانی ئەشکەوتەکەیە و بەڵگەشە لەسەر ئەوەی ئەم ئەشکەوتە دەرچەیەکی دیکەی هەیە، بەڵام تا ئێستا نەدۆزراوەتەوە.
وەک باس دەکرێت، ئەشکەوتەکە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٣٠ دۆزراوەتەوە، دواتر لەلایەن تیمێکی شارەزاوە ڕووپێوی کراوە و درێژی ئەشکەوتەکە ٧٦٧ مەترە، کە بەهۆی ناڕێکی زەوی نێو ئەشکەوتەکە ڕۆشتن تێیدا ئاسان نییە.
هەروەها ئەشکەوتەکە بەهۆی هەڵکەوتە و سروشتی ناوچەکەیەوە بووەتە شوێنێک بەردەوام گەشتیاران و شاخەوانان بە گرووپ سەردانی دەکەن.
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو بە یاوەری ڕێبەرێکی شاخەوانی سەردانی ئەشکەوتەکەی کرد و، دیمەنە ناوازەکانی ناوەوەی ئەشکەوتەکەی وێنە گرت.
هەروەها سەبارەت بە ئەشکەوتەکە و پێکهاتەی ناوەوەی، ئاژانسی ئانادۆڵو دیمانەیەکی لەگەڵ پرۆفیسۆر د. دیاری عەلی محەمەد ئەمین لە زانکۆی سلێمانی ئەنجامدا.
پرۆفیسۆر د. دیاری عەلی محەمەد ئەمین ڕایگەیاند: "ئەشکەوتی کونەبا لە چیای گوڵان کە دەکەوێتە باشووری شارۆچکەی دەربەندیخان، نزیکەی ٦٠٠ مەتر لە ئاست ڕووی دەریاوە بەرزە، لە ساڵی ٢٠٠٧ تیمێکی ئەڵمانی لەگەڵ شوێنەواری شاری سلێمانی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ئەشکەوتەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، یەکێک لەو ئەشکەوتانە، ئەشکەوتی کونەبایە کە نەخشەیەکیان بۆ کێشاوە و درێژییەکەی دیاری کراوە کە بە نزیکەیی ٧٦٧ مەترە".
پرۆفیسۆر د. دیاری لە بارەی پێکهاتەی جیۆلۆجی ئەشکەوتەکە ڕایگەیاند: "وەک پێکهاتەی جیۆلۆجی لەسەر پێکهاتەی پیلان سپی، ئەم پێکهاتەیە بەردی لامیستۆنە کە تەمەنی بەردەکە ٣٥-٤٠ ملیۆن ساڵە. تەمەنی ئەشکەوتەکە جیاوازە. ئەم ئەشکەوتە لە دوای دروستبوونی پێکهاتە جیۆلۆجییەکەی بەهۆی ئەوەی کە بارانی ترش دەبارێت کە ترشییەکەی ٥،٥ لەگەڵ ئەو بەردەی لامیستۆن کارلێک دەکات، ئەمەیش وا دەکات توانەوە ڕوو بدات. هەروەها ئاوی ژێر زەویش هۆکارێکە کە ئەم ئاوە دەچڕێتەوە بۆ ناو ئەشکەوتەکە، ئاوێک پێکدەهێنێت کە بە بەردەوامی ئەو بەردانە دەخوا و دەیتوێنێتەوە و ئەو ئەشکەوتانە پێکدەهێنن. پاشان سەرلەنوێ کە باران دەبارێت ئەو تکە بارانانەی کە دەچۆڕێنەوە ئەو پێکهاتە جوانەی ناو ئەشکەوتەکە دروست دەکات. بەهۆی ئەوەی کە تێرە بە کاربۆناتی کالیسیۆم".
هەروەها پرۆفیسۆر د. دیاری باسی لە گرنگیی ئەشکەوت کرد لە ڕووی زانستیی و گەشتیارییەوە و، ڕایگەیاند: "ئەم ئەشکەوتە لە ڕووی زانستییەوە گرنگیی زۆری هەیە، زۆر لە توێژینەوە بیانییەکان گرنگییان پێداوە و توێژینەوەیان لەسەر کردووە، یەکێک لەوانە لە گۆڤارێکی نێودەوڵەتییدا بڵاوکراوەتەوە کە تیمێکی ئەمریکی ئەنجامی دا. ئەم ئەشکەوتە لە ڕووی زانستیی و گەشتیارییەوە گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە، وڵاتانی دراوسێمان ئەشکەوتیان کردووەتە شوێنی گەشتیاریی، بەڵام بەداخەوە لێرە نەبووەتە پرسێکی گەشتیاریی".
سەبارەت بەو هەوایەی لە دەروازەی ئەشکەوتەکە دێتە دەرەوە، پرۆفیسۆر د. دیاری ڕایگەیاند: "ئەو هەوایەی لە ناو ئەشکەوتەکە دێتە دەرەوە، گوشاری هەوای گەرم و ساردە کە لە شوێنێکەوە دەرچەیەک هەیە، ناو ئەشکەوتەکە ساردە، لە ئەنجامی ئەو جیاوازی پەستانە هەوایەک دەچێتە دەرەوە، هەوای گەرم شوێنی دەگرێتەوە و هەوای سار دێتەوە شوێنی".
دەربارەی بوونی دەروازەیەکی دیکەی ئەشکەوتەکە، پرۆفیسۆر د. دیاری ڕایگەیاند: "ئەمە دەبێت دەرچەیەکی هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەو دەرچەیە نە دۆزراوەتەوە، کۆتایی ئەشکەوتەکە نازانین دەروازەیەکی دیکە لە کوێدا هەیە کە ئەو هەوایە لێوە دێتە ژوورەوە".
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
