ژيان, عێراق

لە کەلار دەنگی گوتاری هەیینی بە زمانی ئاماژە دەگاتە دڵی نابیستان

مامۆستا ڕەحیم کەریم: "ئەم کارەی کردوومانە لەم مزگەوتە بۆ نابیستان، کارێکی زۆر گرنگە و ئامانجمان ئەوەیە نابیستان سوودمەند بن و تێبگەن لە گوتارەکانی هەیینی، کە گوتارەکە باسی چی دەکات و ئاگاداری ڕووداوەکانی هەفتە بن".

Hemin Othman Mohammed  | 24.10.2025 - نوێکردنەوە : 24.10.2025
لە کەلار دەنگی گوتاری هەیینی بە زمانی ئاماژە دەگاتە دڵی نابیستان

Arbil

کەلار - AA

لە شاری کەلار هەنگاوێکی نوێ و پڕ بایەخ نراوە بۆ ئەوەی گوتارە ئایینییەکانی ڕۆژانی هەیینی بگاتە نابیستان و، سوودمەند بن لە ئامۆژگاریە ئایینییەکان.

ئەم کارە لە ڕێگای وەرگێڕانی گوتاری هەیینی بۆ زمانی ئاماژە ئەنجام دەدرێت، کە ڕەحیم کەریم، مامۆستای پەیمانگای هیوای نابیستانی کەلار و وەرگێڕی زمانی ئاماژە لە ئیدارەی گەرمیان، ڕۆڵێکی سەرەکی تێدا دەگێڕێت.

ڕەحیم کەریم (٥٩ ساڵ)، دڵسۆزانە هەوڵ بۆ خزمەت کردنی نابیستان دەدات، لەبارەی ئەم دەستپێشخەرییەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دووا و، ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ سێهەمین گوتاری هەینییە کە بە زمانی ئاماژە وەرگێڕانی بۆ بکەین بۆ نابیستانی شاری کەلار لە مزگەوتی ئاشتیی. بەتایبەتی ئەم کارەی کردوومانە لەم مزگەوتە بۆ نابیستان، کارێکی زۆر گرنگە و ئامانجمان ئەوەیە نابیستان سوودمەند بن و تێبگەن لە گوتارەکانی هەیینی، کە گوتارەکە باسی چی دەکات و ئاگاداری ڕووداوەکانی هەفتەیە بن".

گوتیشی: "سوپاس بۆ خودا، ئەوانیش (نابیستان) دێن بۆ مزگەوتەکە، هەرچەندە مزگەوتەکە دوورە، بەڵام وردە وردە دێن و بەشداری دەکەن لە نوێژی هەیینی. هەروەها ئەو قورئانانە لەگەڵ خۆیان دەهێنن کە ئێمە پێشتر پێشکەشمان کردوون کە نزیکەی ١٠٠ قورئانمان بەسەر نابیستانی شاری کەلاردا دابەش کرد".

ئەم کارە بووەتە مایەی دڵخۆشی نابیستان و بە بایەخەوە لێیدەڕوانن، لەو بارەیەوە مامۆستا ڕەحیم گوتی: "نابیستان زۆر دڵیان بەم کارە خۆشە، کە بە زمانی ئاماژە لە گوتاری هەینیی تێبگەن".

مامۆستا ڕەحیم وەرگێڕانی گوتارەکانی هەیینی بۆ زمانی ئاماژە بە کارێکی قورس و گران لە قەڵەمدا و، گوتی: "وەرگێڕانی گوتاری هەیینی بە زمانی ئاماژە کارێکی زۆر قورسە، بەڵام ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدەین بۆ خزمەت کردنی نابیستانی گەرمیان".

ئەو کارەی مامۆستا ڕەحیم دەستیپێکردووە لە پێناو ئەوەی نابیستانیش سوودمەند بن لە گوتارەکانی هەیینی پێویستی بە ماندووبوون و لێهاتووییەکی زۆر هەیە، بەڵام دڵسۆزی و خۆشەویستی مامۆستا ڕەحیم بۆ کارەکەی، وایکردووە بەردەوام بن و هەنگاوی زیاتر بنێن.

ئەم هەوڵە یارمەتیدەرە بۆ ئەوەی نابیستان هەست بەوە بکەن ئەوانیش بەشێکی گرنگیی کۆمەڵگان و، دەتوانن بەشداری کارا بکەن لە هەموو بوارەکانی ژیاندا.

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن
بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان
Bu haberi paylaşın