21 ئەیلوول 2021•نوێکردنەوە: 22 ئەیلوول 2021
گەرمیان - AA
لە ئاکامی بۆسەیەکی چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش لەسەر رێگای نێوان کفری و کەلار، دوو هاووڵاتیی کوژران و یەکێکی دیکە برینداربوو.
بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو کەوتووە، لە نزیک گوندی نا ساڵح لە فلکەی خالید گەرمیانی لەسەر رێگای کفری کەلار، چەکدارانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بۆسەیەکیان داناوە و تەقەیان لە ئۆتۆمبێلێکی مەدەنیی کردووە.
لە ئاکامی ئەو پەلامارەی تیرۆریستی داعشدا، دوو هاووڵاتیی کوژران و یەکێکی دیکە برینداربوو.
عومەر خەلیفە حوسێن برای یەکێک لە کۆژراوەکان، وێڕای پشتڕاستکردنەوەی هەواڵەکە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند، کە کاتژمێر ٢١:٤٠ی ئەمشەو، ژمارەیەک چەکدارای داعش تەقەیان لە ئۆتۆمبێلی برایەکەی کردووە کە سێ کەسی تیادابووە.
عومەر خەلیفە حوسێن راشیگەیاند، لە ئاکامی ئەو پەلامارەدا، دوو کەس کوژران و کەسەکەی دیکەش برینداربووە.
بەگوتەی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، چەکدارەکان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە و خۆیان وەک کارمەندی هێزە ئەمنییەکان ناساندووە.
دوای رووداوەکە، هێزە ئەمنییەکان گەیشتنە ناوچەکە و چەکدارەکانیش بەرەو شوێنێکی نادیار هەڵاتوون.
پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو راشیگەیاند، تەرمی یەکێک لە کوژراوەکان لە پزیشکی دادوەری کەلارە.
ئەو ناوچەیە نزیکە لە ناوچەکانی غەڕە و پەڵکانە و لە مانگی ئایاری رابردوودا لە نزیک هەمان ناوچەدا و لە گوندی ئۆمەربل پەلاماری سەرنگەرەکانی پێشمەرگەیان دا و لە ئاکامی ئەو پەلامارەدا دوو پێشمەرگە شەهیدبوون.