Heman Husseın Yaseen
20 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 21 کانوونی دووەم 2020
هەولێر - AA
ژیان بەبێ توانای بیستن کارێکی قورسە چونکە کەسی نابیست زۆر بە ئەستەم دەتوانێت گفتوگۆ و را گۆڕینەوە لەگەڵ کۆمەڵگا ئەنجام بدات، بۆیەش زۆرجار ژمارەیەکی چەند کەسی لە نابیستان لە شوێنێک کۆدەبنەوە و بە زمانی ئاماژە گفتوگۆ و تاوتوێی ژیان و گوزەران و بابەتەکانی دیکەی رۆژ دەکەن.
هەرچەندە کەڕوڵاڵان یان نابیستان حەز ناکەن لە کۆمەڵگا جیابکرێنەوە و دەیانەوێت وەک هەر کەسێکی دیکەی ئاسایی سەیر بکرێن، بەڵام بێکاری یەکێک لە هۆکارەکانی جیابوونەوە و دابڕانی کەسانی نابیستە لە کۆمەڵگا و هەر ئەمەیش وایکردووە لە رێگای ئامێرەکانی پەیوەندییەوە، بە زمانی ئاماژە گفتوگۆ لەگەڵ یەکتر بکەن و شوێنێک بۆ کۆبوونەوە و دانیشتن دەستنیشان بکەن کە زۆرجاریش پارک یان چایخانەکان هەڵدەبژێرن.
سەرۆکی کۆمەڵەی نابیستان، ئیبراهیم عەبدولڕەحمان محەمەد، بەزمانی ئاماژە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لە ساڵی ١٩٩٢ کۆمەڵەکەمان دامەزراوە، نزیکەی ٦٠٠ تا ٧٠٠ ئەنداممان هەیە، سەرەتا کار و چالاکییەکانمان باش بوو تا هاتنی تیرۆریستانی داعش، دوای ئەوە بارودۆخی ئێمەیش وەکو کۆمەڵە خراپ بوو، کێشەی بێکاری زۆر بوو، ئەو بڕە مووچەیەی کە ئێستا وەریدەگرین بەشی پێداویستییەکانی رۆژانە ناکات، ئەمەیش وا دەکات کە کێشەی خێزانی دروست بێت".

ئیبراهیم عەبدولڕەحمان محەمەد ئاماژە بەوەیش دەکات کە نابیستان ژیان و گوزەرانیان خراپە و جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر نابیستان بەکاربخرێن ئەوا دەتوانن بژێوی ماڵ و منداڵییان دابین بکەن و گوتیشی: "نابیستان دەستیان رەنگینە لە بوارەکانی کاری دەستی، بەڵام بەهۆی نەبوونی وەرشەیەک بۆ کارکردن، زۆربەی کاتەکانییان بە خەو یان چایخانەکان بەسەر دەبەن، ئێمە چەند جارێک لەگەڵ لایەنی حکوومەتدا قسەمان کردووە، بەڵام هیچ شتێکمان بۆ نەکراوە".
سەرۆکی کۆمەڵەی نابیستان ئاماژەی بەوەیشکرد کە چینی نابیست، توێژێک نین کە ئەرک بن بەسەر کۆمەڵگاوە و گوتی: "هەموو نابیستان دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن و ئەوان ئەرک نین بەسەر کۆمەڵگا و لە زۆر بواردا دەست رەنگینن و ئەگەر شوێنکاریان بۆ دابین بکرێت دەتوانن لە بوارەکانی بەرگدروویی، ئاسنگەریی، دارتاشی و چەندین بواری دیکە کار بکەن و لە هەمانکاتدا سوودیان بۆ کۆمەڵگاش دەبێت".
پسپۆڕێکی زمانی ئاماژە کە ماوەی زیاتر لە بیست ساڵە لەگەڵ نابیستان کار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات کە نابیستان جیاوازن لەخاوەنپێداویستی تایبەت و ئەوان توێژێکن دەتوانن پشت بەخۆیان ببەستن بەهۆی دەستڕەنگینییانەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە ئەگەر شوێنکارێک بۆ نابیستان دابین بکرێت ئەوا دەتوانن جگە لەخۆیان سوودیان بۆ دەورووبەریش هەبێت بەهۆی حەز و ئارەزوویان لە کارکردن.
پسپۆڕی زمانی ئاماژە، شنۆ تاھیر جوامێر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ماوەی ٢١ ساڵە کار لەو بوارەدا دەکەم، کێشەی سەرەکی نابیستان نەبوونی کارە و ئەمەیش کاریگەری خراپی کردووەتە سەر ژیانیان، نابیستان جیاوازن لە خاوەنپێداویستی چونکە ئەوان دەتوانن پشت بەخۆیان بەستن بە دابینکردنی شوێنێکی کارکردن و دەخوازن مووچەکەیان بدرێت بە کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت و بۆخۆشیان کار بکەن".

لەبارەی تایبەتمەندییەکان و جیاوازییەکانی نابیستان لەگەڵ کەسانی دیکە، شنۆ تاهیر گوتی: "جیاوازییەکی وا نییە لەنێوان کەسی ئاسایی و نابیستان، ئەوان خەمی گەورەیان دابینکردنی بژێوی ژیانییانە بۆ خێزانەکانیان، حەز دەکەن لە کۆمەڵگا جیا نەکرێنەوە و دەیانەوێت تێکەڵ بە کۆمەڵگابن".
لەبارەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانیش، شنۆ تاهیر گوتی: "نابیستان زیاتر هاوسەرگیری لەگەڵ خۆیاندا دەکەن و هەر ئەمەیش سەرکەوتووترە تا ئەوەی لەگەڵ کەسێکی دیکەی دا بیکەن و ئەوانەی لەم کۆمەڵەن هەموو هاوسەرەکانییان نابیستە، بەشێکی زۆریان کێشە لە منداڵەکانیاندا نییە، بەڵام خێزانی ئاواش هەیە کە هەم دایک و باوکەکە و هەم منداڵەکان نابیستن".
بەگوێرەی داتای یەکێتی جیھانیی نابیستان لەسەرتاسەری جیھاندا، ٧٢ ملیۆن نابیست ھەیە، سەدا ٨٠ی ئەو ژمارەیە لە وڵاتە ھەژارەکان دەژین و زیاتر لە ٣٠٠ زمانی ئاماژە بەکاردەھێنن.
زمانی ئاماژە، زمانێکی سرووشتی تەواوکەرە، سەرباری جیاوازی لەگەڵ زمانی قسەکردن کە شانبەشان لەگەڵ یەکدا دەژین، زمانی ئاماژەی نێودەوڵەتی ھەیە کە نابیستەکان بەکاریدەھێنن لەکاتی گەشتکردنیاندا.
کۆمەڵەی گشتی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ١٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠١٧، بڕیاریدا ٢٣ی ئەیلوولی ھەموو ساڵێک ببێت بە رۆژی نێودەوڵەتی زمانی ئاماژە لەپێناو بایەخدان و گرنگیپێدان بە زمانی ئاماژە.