پەروەردەیی

زانکۆکانی کوردستان خوازیاری هاوکاری و هەماهەنگین لەگەڵ سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا

زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا ئەنجامدراوە کە مەبەست لێی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان ئەم زانکۆیانەیە.

Fakhradın Ibrahım Mohammad  | 14.01.2020 - نوێکردنەوە : 16.01.2020
زانکۆکانی کوردستان خوازیاری هاوکاری و هەماهەنگین لەگەڵ سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا

Arbil

هەولێر - AA

زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەنێوان سەرۆکی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا ئەنجامدراوە کە مەبەست لێی هەماهەنگی و هاوکاریی نێوان ئەم زانکۆیانەیە و سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتی، ئۆرهان حیکمەت عەزیزئۆغڵو کە بەسەردانێک لە کوردستانە رادەگەیەنێت کە ئەو سەردانە و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەیان بۆ یارمەتیدانی زانکۆکانی هەرێم ئەنجامیانداوە.

لەبەرامبەردا بەشێک لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش وێرای ئەوەی داوای دانپێدانانی نێودەوڵەتی دەکەن، پێیان وایە ئەم دەروازەیە دەکرێت سەرەتا لە رێگەی زانکۆکانی تورکیاوە و بە هاوکاری و هەماهەنگی زانستی ئەنجام بدرێت.

سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتی، ئۆرهان حیکمەت عەزیزئۆغڵو لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند کە هەموو هەوڵێکیان بۆ ئەوەیە کە پردێکی پەیوەندی لەنێوان زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەگەل تورکیا و جیهان دروست بکەن و گوتی: "بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک زانکۆکانی هەرێمی کوردستان سێ رۆژ لەمەبەر هاتووینەتە کوردستان و کۆبوونەوەمان لەگەڵ ژمارەیەک سەرۆک زانکۆ هەبووە، لەوانەیش سەرۆکی زانکۆی سەڵاحەددین، ئەحمەد دزەیی و سەرۆکی زانکۆی دهۆک، موسلح دهۆکی، هەروەها سەرۆکی زانکۆی زاخۆ، لەزگین عەبدولجەمیل و سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی، مەریوان ئەحمەد رەشید . ئامانجمان ئەوەیە لەم ناوچەیە زانکۆکان بە گشتی پەیوەندیی ئاکادیمییان لەگەڵ تورکیا دروست بکەن و بەو رێگەیەوە بە جیهانەوە ببەسترێنەوە، لەم بارەیەوە هەموو هەوڵی خۆمان دەدەین و لەسەرانسەری کوردستان بە دهۆک و سلێمانی-یەوە و تا دەگاتە هەولێر کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی زانکۆکان ئەنجامداوە. زانکۆکانی هەریمی کوردستان دەتوانن سوودی زۆر لە ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتی ببینن بۆ دەرگاکردنەوە بە رووی دەرەوە و هەروەها پرسەکانی زانستی".

سەرۆکی زانکۆی زاخۆ، لەزگین جەمیل دەڵێت: "ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا رۆڵێکی ئەرێنیی هەیە بۆ پشتیوانیکردن لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان چونکە خەڵکی ئێمە حەز دەکەن لە تورکیا خوێندن تەواو بکەن و دانپێدانانی یۆک بۆ ئێمە گرنگە و ئێمە دراوسیێ یەکترین و دەمانەوێت هەموولایەن پێکەوە کار بکەین بۆ پەرەپێدانی زانستی و پێویستە مامەڵە لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم بکرێت".

ئۆرهان حیکمەت عەزیزئۆغڵو گوتی: "ئێمە لە ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتی دەتوانین یارمەتیدەری ئەو خوێندکارانە بین کە دەیانەوێت قۆناغەکانی باکالۆریۆس، ماجستەر لە تورکیا بخوێنن و یان پەیوەندی ئاکادێمی دروست بکەن و کارئاسانی بکەن. زانکۆکانی ئێرە دەیانەوێت لەگەڵ تورکیا و سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا پەیوەندییەکی تەندروستیان هەبێت، بۆ نموونە زانکۆی دهۆک کێشەی هەماهەنگی لەگەڵ زانکۆکانی تورکیای نییە، بەڵام زانکۆی زاخۆ یان زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی سلێمانی ئەو کێشەیەی هەیە. سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا هەندێک یاسای تایبەت بە خۆی هەیە و لە هەمانکاتدا بەغداش کۆمەڵێک بابەتی تایبەت بە خۆی هەیە، بۆیە دەبێت لەم بارەیەوە هەڵسەنگاندن بکرێت هەم لە سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا و هەم لەسەر ئاستی زانکۆکان. پێویستە هەنگاو بنێن و بۆ ئەوەی زانکۆکانی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە بەشخوراو نەبن، ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتی هەوڵی خۆی دەدات".

لە بەرامبەردا سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی سلێمانی، مەریوان ئەحمەد رەشید پرسی داننان و نەبوونی پەیوەندی لەنێوان بەشێک لەو زانکۆیانە بە گرفتێکی گەورە دەزانێت و دەڵێت "ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ زانکۆکانی ئێران، ئەورووپا و ئەمریکادا هەیە لە زۆربەی وڵاتاندا قوتابییەکان خوێندنی ماستەر و دکتۆرا تەواو دەکەن، بەڵام بەداخەوە لەبەر ئەوەی دان بە بڕوانامەکانی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی سلێمانی نەنراوە قوتابیان ئاستەنگیان بۆ دروست بووە".

ئۆرهان حیکمەت عەزیزئۆغڵو لەبارەی ئەرک و خزمەتەکانی ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتی قسەی کرد و گوتی: "ئەوەی کە زۆر گرنگە، خزمەتگوزارییەکانی ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتییە کە بە بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا لە ساڵی 2010دا دامەزراوە و ئێستا لە 29 وڵاتی جیهان نوێنەرمان هەیە و لەسەر ئاستی سەرۆکی زانکۆکان، سەرۆکی بەشەکان و ئەندامانی لێژنە زانستییەکان نوێنەرمان هەیە و ئەوە دەبێتە هۆی ئەوەی هەم لە ئاستی ناوخۆیی و هەم لە ئاستی ناوچەیی و هەم لە ئاستی جیهانیشدا بتوانن پەیوەندی دروست بکەین. وەک تورکیا دەبێت بڵێم کە ئێمە لە جوگرافیا، ئایین، کولتوور و بەهاکانمان لەگەڵ یەک هاوبەشین و کەسانی ئاکادێمیش بە هەستکردنی بەو بەرپرسیارێتییە هەموو هەوڵی خۆیان دەدەن کە ناوچەکەمان بە ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریدا تێپەڕ بێت".

سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتی، ئۆرهان حیکمەت عەزیزئۆغڵو گوتیشی: "هەوڵ بۆ کردنەوەی بەشی زمانی تورکی لە زانکۆی دهۆک دەدەین. دوو ساڵە خەریکی ئەو پڕۆژەیەن و هاوكاری چڕمان هەیە لەگەڵ سەرۆکی زانکۆی دهۆک. سەرەتا پرۆگرامەکەمان ئامادە کرد. لێرەدا سوپاسی سەرکۆنسولی تورکیا لە هەولیر بەڕێز هاکان کاراچای دەکەم کە هەوڵی بێ وێنەی داوە بۆمان. نووسراومان بۆ وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ناردووە و سێ جار لەگەڵ بەرپرسانی خوێندنی باڵای هەرێم کۆبوومەوە. مەبەستمان ئەوەیە بەشی زمانی تورکی لە زۆر وڵاتی جیهان بکەینەوە و ئەمە رەهەندێکی کولتووری هەیە. زۆر سوپاسی ئەوانە دەکەم کە یارمەتیدەرمان دەبن بۆ کردنەوەی بەشی زمانی تورکی لە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان. زمان ئامرازی پەیوەندییە".

لەبارەی کردنەوەی بەشی زمانی تورکی، سەرۆکی زانکۆی دهۆک پرۆفیسۆر دکتۆر موسڵح دهۆکی دەڵێت، "کردنەوەی بەشی زمانی تورکی لەسەر بنەمای خواست بووە، چونکە ئێمە نزیکین لە سنوورەکانی تورکیاوە. سوپاسی ئەنجوومەنی زانکۆکانی تورکیا و کۆنسولی تورکیا لە هەولیر دەکەم دەکەم بۆ ئەو یارمەتیانەی کە پێشکەشیان کردووە، ساڵی داهاتوو یەکەم ساڵی خوێندنی زمانی تورکی دەبێت لە زانکۆکەمان".

سەرۆکی زانکۆی گەشەپێدانی مرۆیی سلێمانی، مەریوان ئەحمەد رەشید وێڕای ئاماژەکردن بە ئاستی زانستی زانکۆکەیان، بەڵام نەیشاردەوە کە ئەوان لە رووی دانپێدانان لە تورکیا و سەرۆکایەتی خوێندنی باڵا تووشی گرفت دەبن و داوای کرد ئەو هاوکاریی و هەماهەنگییە هەبێت لەنێوانیاندا بۆ ئەوە ئاستەنگ بۆ قوتابیان دروست نەبێت.

مەریوان ئەحمەد رەشید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لەو ریزبەندییە زانکۆی ئێمە کە زانکۆی گەشەپێدانی مرۆییە لە لووتکەی ریزبەندییەکەدا بوو، چەندین ساڵە ئەم زانکۆیە لە پێشەنگدایە، ئەوەی جێگای باسە ئەوەیە کە قوتابییەکان کاتێک بەکالۆریۆس تەواو دەکەن لە وڵاتانی ئەورووپا، ئەمریکا، زانکۆ عەرەبییەکان و وڵاتانی کەنداو و وەزارەتی خوێندنی باڵای حکوومەتی عێراق دانی بە زانکۆکەمان ناوە، هیوادارین هەموو زانکۆکان لە لایەن ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا دانی پێدابنێن بۆ ئەوەی قوتابییان هاوشێوەی وڵاتانی دیکەی دراوسێ بتوانن لە تورکیا بخوێنن".

ئەو جەختی لەوە کردەوە کە ئەوان خوازیاری داننان و درووستکردنی پەیوەندی ئاکادێمی لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا و لەسەرووی هەموویان سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیان و گوتی: "ژمارەیەکی زۆر قوتابی هەیە کە لە نیوەی خوێندن پێیان گوتووە نابێت خوێندنەکەت تەواوبکەی چونکە ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای تورکیا دان نانێت بە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان و ئەمە بەڕاستی کارێکی ناخۆشە و ئێمە دەخوازین هەموو لایەک وەک زانکۆکانی ئەمریکا و ئێران و ئەورووپا دان بنێت بە زانکۆکانی هەرێمی کوردستان".

سەرۆکی زانکۆی زاخۆ، لەزگین جەمیل باس لە رۆڵی ئەنجوومەنی زانکۆکانی نێودەوڵەتی دەکات و دەڵێت: "زاخۆ هاوسنوورە لەگەڵ تورکیا و پەیوەندی ئێمە دەبێت زۆر باش بێت لە بواری ئەکادێمی و لەمبارەیەوە سەرۆکی ئەنجوومەنی زانکۆکانی تورکیا دکتۆر ئۆرهان زۆر هەوڵ دەدات کە پەیوەندی ئێمە لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا باش بێت".

سەرۆکی زانکۆی زاخۆ، لەزگین جەمیل راشیگەیاند "بەپێی دەستووری عێراق، خوێندن دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانە و شتێکی دەستوورییە، بۆیە یۆک (سەرۆکایەتی خوێندنی باڵای تورکیا) دەتوانێت راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات، خەڵکی ئێمە دەیانەوێت لە تورکیا بخوێنن و ئەگەر گرفت هەبێت ناچار دەڕۆنە ئەورووپا و وڵاتانی دیکە دەخوێنن، بۆیە ئێمە دەخوازین لەم بوارەوە پەیوەندییەکانمان بەرەو پێشتر بچێت".

لەبارەی خواستی زانکۆکانی هەرێمی کوردستانیش، ئۆرهان حیکمەت عەزیزئۆغڵو رایگەیاند "خواستی زانکۆکانی ئێرە لە ئێمە ئەوەیە کە پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ زانکۆکانی تورکیا هەبێت، خەڵکی کورد لێرە داوای برایەتی و ئاشتی لەگەڵ تورکیا دەکەن و بازرگانی بکەن و گەشتیاری بکەن و چاویان لە تورکیایە. ئاکادێمییەکانیش چاویان لە ئاکادێمییەکانی تورکیایە بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لە بوارەکانی زانستی و ئاڵوگۆڕی خوێندکاراندا".

بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن