ژماره‌ی كوژراوانی خۆپیشانده‌ران له نه‌جه‌ف گه‌یشته ١٨ كه‌س
- به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی هێزه ئه‌منییه‌كان له‌و خۆپیشاندانانه‌ی دژ به حكوومه‌ت له شاری نه‌جه‌ف به‌ڕێوه‌ده‌چن، ١٨ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و نزیكه‌ی ٣٥٠ كه‌سیش برینداربوون.

Iraq
به‌غدا - AA
به‌هۆی ده‌ستوه‌ردانی هێزه ئه‌منییه‌كان له‌و خۆپیشاندانانه‌ی دژ به حكوومه‌ت له شاری نه‌جه‌ف-ی باشووری عێراق به‌ڕێوه‌ده‌چن كه زۆربه‌ی دانیشتوانه‌كه‌ی شیعه مه‌زهه‌بن، ١٨ كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و نزیكه‌ی ٣٥٠ كه‌سیش برینداربوون.
به پێی ئه‌و زانیارییه‌ی به‌رپرسێكی ناوه‌ندی پزیشكی دادوه‌ری به ئاژانسی ئانادۆڵوی راگه‌یاندووه، خۆپیشانده‌ره كوژراوه‌كان به‌هۆی به‌كارهێنانی فیشه‌كی راسته‌قینه‌وه گیانیان له‌ده‌ستداوه.
هاوكات گه‌واهیده‌رانی رووداوه‌كانی نه‌جه‌ف باس له‌وه ده‌كه‌ن كه‌سانێك كه جلوبه‌رگی مه‌ده‌نیان له‌به‌ردابووه ته‌قه‌یان له خۆپیشانده‌ران كردووه. كارمه‌ندێكی پۆلیسیش له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی نه‌جه‌ف به‌ناوی خه‌لیل ئیسماعیل، ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه تیمێكی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر گه‌یشتووه‌ته شاره‌كه.
تیمه‌كانی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر كه به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش به ناوچه جیاوازه‌كانی شاره‌كه‌دا بڵاوه‌یان كردووه، له لایه‌ن خه‌ڵكه‌وه رێزێكی زۆریان لێده‌گیرێت.
- فه‌رمه‌نده‌ی سه‌ربازی بۆ نه‌جه‌ف دانرا
له لایه‌كی دیكه‌وه، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، عادل عه‌بدولمه‌هدی به‌مه‌به‌ستی ده‌سته‌به‌ركردنی ئاسایش له نه‌جه‌ف، جه‌نه‌راڵ عه‌لی ئه‌ل هاشیمی وه‌ك فه‌رمانده‌ی سه‌ربازیی بۆ شاره‌كه دانا.
به‌مه‌به‌ستی زیادكردنی گوشاره‌كانیان له‌سه‌ر حكوومه‌ت، ماوه‌ی چوار رۆژه خۆپیشانده‌ران پرده‌كانی ئه‌لناسریه‌یان به‌رووی هاتوچۆدا داخستووه.
- خۆپیشاندانه‌كانی عێراق
به‌مه‌به‌ستی پرۆتێستۆكردنی بێكاری، گه‌نده‌ڵی و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری گشتیی، عێراقییه‌كان له چه‌ند ناوچه‌یه‌كی وڵات خۆپیشاندان سازده‌كه‌ن. له‌و خۆپیشاندانانه‌دا كه له یه‌كی تشرینی یه‌كه‌مه‌وه ده‌ستیانپێكردووه تا ئێستا زیاتر له ٣٠٠ كه‌س کوژراون و زیاتر له ١٥ هه‌زار كه‌سیش برینداربوون.
له‌و خۆپیشاندانانه‌ی له به‌غدای پایته‌خت و شاره‌كانی ناوه‌ڕاست و باشوور ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه، كاردانه‌وه نیشانده‌درێت دژ به هه‌ژموونی ئێران له عێراق.
هاوكات ئه‌و خۆپیشانده‌رانه‌ی به پاكێچی چاكسازی راگه‌یه‌ندراو قایل نابن، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق، عادل عەبدلمەهدی تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن به فه‌رماندان بۆ به‌كارهێنانی توندوتیژی له خۆپیشاندانه‌كاندا و داوای ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی ده‌كه‌ن.