لە هەرێمی کوردستان نوێژی مردوو بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکانی تورکیا و سووریا دەکرێت

Arbil
هەولێر - AA
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بە هەماهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان بڕیاریانداوە لە هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی نوێژی مردوو بۆ قوربانیانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا بکرێت.
لەو راگەیەندراوە هاوبەشەی کە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان و مەکتەبی تەنفیزی یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "وەک ئەرکێکی ئایینی و مرۆیی نوێژی مردوو لەسەر قوربانیانی بوومەلەرزە لە مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت و دوعای خێر بۆ برینداران بکرێت".
زانراوە، نوێژی مردوو لەسەر قوربانیانی بوومەلەرزەکانی تورکیا و سووریا دوای نوێژی هەینی رێکەوتی ١٠ی شوباتی ٢٠٢٣ ئەنجام دەدرێت.
شایەنی باسە پێشتریش یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێکی هاوخەمی بۆ کەس و کاری قوربانیان بڵاو کردەوەو تێیدا رایگەیاند: "پرسە و هاوخەمیمان ئاراستەی زیانلێکەوتووان دەکەین و داوای شیفای بەخێر بۆ برینداران و پلەی شەهادەت بۆ قوربانیان دەخوازین".
هەروەها لە پەیامەکە ئەوەشی راگەیاند، هاوکاری کردن و بەهاناوەچوونی خەڵکی لێقەوماو لەم جۆرە کارەساتانە خێرێکی مرۆیی و ئەرکێکی ئایینی گەورەیە و تکامان وایە خێرخوازان و دەوڵەمەندان هاوکار و پشتیوانی لێقەوماوانی ئەم کارەساتە بن.
بۆ خوێندنەوەی درێژەی ئەم هەواڵە و هەواڵەکانی دیکەی ئاژانسی ئانادۆڵو، ببە بە ئابۆنەی ئاژانسی ئانادۆڵو و کلیک لەسەر ئەم بەستەرە بکەن